ناونیشانی بابەت: ئەمڕۆ 102 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕ دەبێت
ناوی نووسەر: #کارزان گلی#
وڵاتانی ئیمپریالیست چۆن کوردیان کردە قوربانی و کوردستانیان دابەش کرد؟
ئەمڕۆ 24ی7ی2025، ساڵیادی 102 ساڵەی #پەیاماننامەی لۆزان#ە، ئەو پەیماننامەیەی بۆ تورکیا وەکوو سەرکەوتن لێکدەدرێتەوە و تاپۆی وڵاتیان پێی وەرگرت، بەڵام بۆ کورد نەهامەتی بوو، چونکە بەزۆر تاپۆی دەوڵەتی کوردییان هەڵوەشاندەوە و کوردستانیان بەسەر چوار وڵاتدا، دابەش کرد.
تورکیا، توانی لە ڕێگەی ئەو پەیاماننامەیەوە ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ و کۆتاییان بە خەلافەتی عوسمانی هێنا، ئەگەرچی دەستبەرداری ئەو خاکە بوون کە عوسمانییەکان داگیریان کردبوو، بەڵام لە ئەنجامدا کۆماریی تورکیا درووست بوو و لە ڕووی ئابووریشەوە سەربەخۆیی خۆیان وەرگرت.
#موسڵ# و لۆزان
مووسڵ هەمیشە بەلای تورکیاوە شارێکی گرنگ بووە، بەتایبەت لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیدا، مووسڵ هەمیشە گرنگی پێ دراوە، هۆکارەکەشی ڕوونە، بە هۆی بوونی نەوتێکی زۆر و هەروەها ئەو پێکهاتانەى لەوێ ژیاون.
لەو سەردەمەدا، واتە لە 100 ساڵی ڕابردوودا، ویلایەتی مووسڵ دانیشتووانەکەی زۆرینەی کورد بووە، ئەمەش سەرچاوە مێژووییەکانی تورکیا پشتڕاستیدان کردووەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی تەعریب کراوە، ئێستا ڕێژەی کورد وەکوو ڕێژەی عەرەب نییە، بەڵام لە تورکمان زیاترە.
ئەوەی گرنگە باس بکرێت، بۆچی ئەتاتورک لە پەیماننامەی لۆزاندا دەستبەرداری ویلایەتی مووسڵ بوو؟ سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەگەر ئەتاتورک دەستبەرداری مووسڵ نەبوایە، تورکیا بوونی نەدەبوو وەکوو کۆمار، بۆیە زیرەکی ئەتاتورک لەوەدا بووە، کە تورکیا لە شەڕی ڕزگاریدا هێزەکەی ماندوو بووە، نەیتوانیوە ڕووبەڕووی فەڕەنسا و بەریتانیا بوەستێتەوە، بۆیە لە لۆزاندا دەستبەرداری مووسڵ بووە.
بەڵام وەکوو ئەوەی (د. تاریق سایگی) باسی دەکات، لە 26 حوزەیرانی 1926 دا و لە ڕێککەوتنی ئەنکەرادا، بە شێوەیەکی کۆتایی لەسەر ویلایەتی مووسڵ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە بێت، تورکیا لە داهاتی نەوتی مووسڵدا دەبێت 10%ی بدرێتی، بەریتانیا و فەڕەنساش بەوە ڕازی بوون.
لەرێککەوتنەکەدا هاتووە، دەبێت بۆ ماوەی 25 ساڵ، ئەو داهاتە لە نەوتی مووسڵ بدرێتە تورکیا، ئەو ڕێککەوتنەش بۆ ماوەی 12 ساڵ درێژەی کێشاوە، بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، ڕێککەوتنەکە پەک خرا.
پێشتریش تەها ئاکیۆڵ، باسی لەوە کردبوو، کە لە سەردەمی حکوومەتی توروت ئۆزاڵیشدا لە ساڵانی هەشتاکان، لە بودجەی گشتیی تورکیادا، داهاتیان مووسڵیان داناوە، لە کاتێکدا ئەو پارەیە بە هیچ شێوەیەک بۆ تورکیا نەنێردراوە، بەڵام دوای ئۆزاڵ، ئیدی لە بودجەی تورکیا، شتێک نەماوە بە ناوی ئەوەی داهاتی 10% ی نەوتی مووسڵ بۆ تورکیا بێت.
لە لۆزاندا ویلایەتی مووسڵ لە بەرانبەر درووستنەبوونی دەوڵەتی کوردی بووە
کاتێک سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووتری هەرێمی کوردستان و هەروەها سەرۆکی گەورەترین پارت لەسەر ئاستی ئێراق، ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا، بەر لە ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، میدیاکانی تورکیا و تەنانەت کەسایەتییە ئەکادیمییەکانیشیان، باسیان لەوە دەکرد، بە هۆی ئەوەی پەیماننامەی لۆزان نزیکبووەتەوە لە 100 ساڵ و بەمەش ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە بارزانی دەیەوێت بەر لەو وادەیە خۆی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ئامادە بکات.
ئەوان دیسان لەسەر لۆزان گەڕانەوە بۆ مێژوو و ئەرشیڤ و شڕۆڤەکانیان، لەوێدا باسیان لە ڕۆڵی بارزانی و هەوڵەکانی کرد بۆ درووستبوونی دەوڵەتی کوردی.
سینان مەیدان، لە وتارێکدا باسی لە وتەیەکی بارزانی کرد لە ئەمریکا، کە لە 14_3_2016 گوتبووی ”لەوەتەی ڕێککەوتنی لۆزان بوونی هەبووە کورد نەبووەتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت و دەبێت کورد ئەمجارەیان ڕۆڵی پێبدرێت.“
هەروەها باسی لە وتارێکی بارزانی کردووە کە لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاوی کردووەتەوە، ”100 ساڵ بەر لە ئێستا، واتە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، بەڵێن بە کورد دراوە دەوڵەتی بۆ درووست بکرێت، بەڵام بەپێچەوانەی داواکاری کورد، کوردستانیان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کردووە (ئێران، تورکیا، ئێراق، سووریا). لە ڕێککەوتنی سیڤەردا، بەڵێنیان داوە کورد خۆی، خۆی بەڕێوە ببات، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە هۆی بەرژەوەندی خۆیان و هاوکێشەی سیاسی، ئەو مافەیان بە کورد نەدا و بوونە لەنگەر“
سینان لەو وتارەدا ئاماژەی داوە، بارزانی دەیەوێت لە دوای کۆتایی هاتنی 100 ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی لۆزان، ئیدی هەنگاوەکانی درووستبوونی دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت.
جیا لە سینان، دۆغۆ پەرەنچیک، کە سەرۆکی پارتی وەتەنە لە تورکیا، دەڵێت: لە دوای 100 ساڵ بەسەر لۆزاندا، ئیدی بارزانی دەیەوێت دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت.
سەڵاحی سۆنیال، لە پەرتووکی (سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و شەڕی ڕزگاری) بەڕوونی باس لەوە دەکات، کە کوردەکان لە دوای لۆزان بەنیازن دەوڵەتی کوردستان درووست بکەن و باسیش لە سەرچاوە مێژووییەکان دەکات.
سەڵاحی دەڵێت: ”لە 2_1_1919، (سەعید مەلا، مستەفا پاشا، ئەمیر بەدرخان زادە)، بەیاننامەیەک بۆ لیژنەیەکی باڵای ئینگلیز دەنێرن و دەڵێن جوگرافیای کوردستان چەقبەستوو بووە، ئێمە دەمانەوێت ببینە دەوڵەت لەژێر دەستی ئینگلیز، هەروەها کوردەکان سوود لە کەمینەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی مافەکانیان پێ بدرێت لە تورکیا. هەروەها لە 15_5_1919، نوێنەری بەریتانیا بە ناوی (Andrew Ryan) سەردانی سەید عەبدولقادر دەکات، کە ئەویش یەکێک بووە لەو کوردانەی داوای جیابوونەوەی کردووە و لەوێ بە Ryan دەڵێت: دەوڵەتی کوردی درووست بکەن. لەوێ Amiral Calthorpe، کە ئەویش هەر لەگەڵ لیژنەی ئینگلیزەکان بووە چووە بۆ لای سەید، دەڵێت داواکارییەکەتان دەگەینمە وەزارەتی دەرەوە، بەڵێنەکەی دەباتە سەر، ئەو کات Balfour، وەزیری دەرەوە بووە و گوتوویەتی، لە کۆنفرانسی ئاشتی لۆزاندا، داواکاری کورد بە هیچ شێوەیەک فەرامۆش ناکرێت و چاوەڕێی ئەنجامی لۆزان بکەن.“
جیا لەوەش، شەریف پاشا، کە کورد بووە و ساڵانێکی زۆر وەکوو سەرکونسوڵی عوسمانییەکان بووە لە هۆڵەندا، لە پەرتووکێکدا سنووری کوردستانی دیاری کردووە و داویەتی بە ئینگلیزەکان، بەڵام ڕاوێژکاری باڵای ئینگلیز بە ناوی Hohler، لە 27_8_1919، نامەیەک بۆ لۆندرا دەنێرێت و لەوێ بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت: ”ئێمە کاتێک گرنگی بە پرسی کورد دەدەین، واتە گرنگیمان بە خاکی میزۆپۆتامیا داوە، دەبێت ئەوە بزانن، کە پرسی کورد و ئەرمەنییەکان بە هیچ شێوەیەک بابەتی من نییە و خۆمی پێ سەرقاڵ ناکەم“
بەڵام لەناو بەریتانیادا کەسایەتی سیاسی گەورە هەبووە، لەگەڵ ئەوەدا بوون کورد ببێت بە خاوەن دەوڵەتی خۆی، بۆ نموونە، Amiral Sir Robeck، لە 26_3_1920 نامەیەک بۆ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی بەریتانیا دەنێرێت و دەنووسێت: ”دەبێت کوردەکان لە تورکیا داببڕێنین و دەوڵەتیان بۆ درووست بکەین، ئێمە دەتوانین کوردەکان و ئەرمەنییەکان بەیەکەوە ببەستینەوە دەوڵەتیان بۆ درووست بکەین، بۆ ئەم مەبەستە سەید عەبدولقادر و شەریف پاشا لەژێر فەرمانی ئێمەدان“.
بەگوێرەی ئەو بۆچوونانەی لەناو مێژوونووس و لێکۆڵەرانی تورکیا باسی لێوە دەکرێت، هەموو هەوڵێکی بەریتانیا بۆ ئەوە بووە، کورد دژی ئەتاتورک بەکاربهێنێت، گەرنا ئەوانیش نیازی درووستبوونی دەوڵەتی کوردییان نەبووە.
ئەگەر بهاتبوایە، پەیماننامەی لۆزان شوێنگرەوەی سیڤەر نەبوایە، لە سیڤەردا بەئاشکرا باس لەوە کراوە کە کورد ببێتە دەوڵەت، ئەویش لە مادەکانی 62 , 64، لە مادەی 62، باس لەوە کراوە کوردەکان سەرەتا ببنە خاوەن حوکمی زاتی، لە دوای شەش مانگ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی سیڤەر، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا، لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە ئیستانبۆڵ، سنووری دەوڵەتی کوردی دادەنێن لە تورکیا و سووریا و ئێراق.
لە مادەی 63، تورکیا دەبێت دان بە حوکمی زاتی بهێنێت و لە مادەی 64 یش بەڵێنی دەوڵەتی کوردی دەدەن و دەڵێن لەو شوێنانەی کورد زۆرینەیە و ئیدی داوای سەربەخۆیی دەکەن لە ڕێگەی سەدانیکردنیان بۆ کۆمەڵەی گەلان و کۆمەڵەی گەلانیش ئەم داوایەی کورد قبوڵ دەکات و تورکیاش ناچار دەبێت قبوڵی بکات و دەستبەرداری هەموو مافێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سینان باسی دەکات، هەر لە سیڤەردا باس کراوە، ئەگەر ویلایەتی مووسڵیش داوا بکات بچێتە سەر ئەو دەوڵەتەی کورد درووستی دەکات، وڵاتانی هاوپەیمان دژی ناوەستنەوە.
دەکرێت بڵێین، بەریتانیا ویلایەتی مووسڵی بە دەوڵەتی کوردی لەگەڵ تورکیا گۆڕییەوە، چونکە سەرەتا دژایەتی #عیسمەت پاشا#یان کرد و داکۆکیان دەکرد بەوەی دەبێت مافی کورد لە لۆزاندا جێگیر بکرێت، بەڵام کاتێک ویلایەتی مووسڵ هاتووەتە بەرباس، ئیدی بەریتانیا نەرمی نواندووە و بەرژەوەندی ئیمپریالیستی لە نەتەوەی کورد لا گرنگتر بووە.
نووسەر (Seha Meray) لە پەرتووکی (کۆنفڕانسی ئاشتی لۆزان و بەڵگەکان) باس لەو گفتوگۆیە دەکات، کە عیسمەت پاشا و Lord Corzon، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەنجامیان داوە.
نووسەر دەڵێت: ”لە لۆزان باس لە قەدەری کورد کراوە، گوتویانە دەبێت خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵام عیسمەت پاشا، گوتوویەتی کورد و تورک یەکن، دینیان و ئامانجیان یەک شتە. هەروەها مووسڵیش لە ڕووی مێژوویی و کولتووریی و دیموگرافییەوە هەر سەربە تورکیایە و دەبێت بۆ تورکیا بێت، بەڵام Corzon دژی عیسمەت پاشا دەوەستێتەوە.
عیسمەت پاشا دەڵێت با لەوناوچانەی کوردی لێیە ڕاپرسی بکرێت، بەڵام Corzon دەڵێت کوردەکان نازانن بنووسن و بخوێننەوە، چۆن دەتوانین بیانبەینە سەر سندووقی دەنگدان، بەڵام کاتێک تورکیا دەستبەرداری مووسڵ دەبێت، ئیدی بەریتانیاش دەستبەرداری دەوڵەتی کوردی و مافی کورد دەبێت، واتە ئەوەی گرنگ بووە بەلای بەریتانیا، بەرژەوەندی خۆیان بووە نەک کورد.“
ئیسماعیل بێشکچی، لە چەند پەرتووکێکی خۆیدا و هەروەها لە وتار و دیمانەکانیدا، دەڵێت بەگوێرەی بەدواداچوونی خۆی، بۆی دەرکەوتووە، کە ئەتاتورک مامەڵەی لەگەڵ ئینگلیزدا کردووە، دەستبەرداری مووسڵ ببێت، لە بەرانبەردا ئەوانیش واز لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردی بهێنن لە تورکیا یاخود باسی فیدڕاڵی بۆ کورد نەکەن.
بێشکچی، دەڵێت: ”بەریتانیا و تورکیا ناکۆکی دیبلۆماسییان هەبوو، بەبۆچوونی من ئەوان بەو شێوەیە ڕێککەوتن، تورکیا دەستبەرداری ویلایەتی مووسڵ بێت، لە بەرانبەردا ئەوانیش دەستبەداری ئەوە ببن، کە فیدڕاڵی یان حوکمی زاتی بۆ کورد بەدەستبهێنن لە تورکیا. تۆ وەرە لێکۆڵینەوە لە بەریتانیا بکە و بزانە ئەو وڵاتانەی داگیری کردوون، وەکوو هیندستان و ئەفریقیا و کینیا و سۆماڵ، لەوێ چەندین لایەنی کردووەتە خاوەن فیدڕاڵی و حوکمی زاتی، بەڵام تەنیا کوردی لەبیر کرد و نەیکردە خاوەنی هیچ.“
بێشکچی هەمیشە داکۆکی لەوە کردووە، کە کورد مافی خۆیەتی ببێتە دەوڵەت، هەروەها ڕەخنەی زۆریش لە ئیمپڕیالیستی بەریتانیا و فەڕەنسا دەگرێت، بەوەی لەبەر بەرژەوەندی خۆیان کوردیان فەرامۆش کردووە و مافی کوردیان بەلاوە گرنگ نەبووە.
لە شوێنێکی تری ئەو دیمانەیەدا دەڵێت: ”ئەمڕۆ لە دونیادا 207 دەوڵەت بوونی هەیە، لەناو ئەو وڵاتانەدا وڵات هەیە ژمارەی دانیشتووانی خوار یەک ملیۆنە، بۆ نموونە لە یەکێتی ئەوروپا (مالتا، لۆکسمبۆرگ، قوبرس). لە کۆنسەیی ئەوروپا (سان مارینۆ، ئاندۆرا) ژمارەی دانیشتووانیان 30 بۆ 40 هەزار کەسە، بەڵام نەتەوەی کورد 40 ملیۆنە، کەچی نە لەنەتەوە یەکگرتووەکان و نە لە کۆنفرانسی وڵاتە ئیسلامییەکاندا هیچ پێگەیەکی نییە. دەکرێت نموونەی قەرەباغ بهێنمەوە، کە لەنێوان ئەرمەنستان و ئازەربێجانە، لە 1923 تا 1928، کۆماری سووری کوردستان بووە، ئەمەش لە سەردەمی ستالین لەناو چوو و بەشێکی کوردەکانی بۆ ناوەڕاستی ئاسیا گواستەوە.“[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=