ناونیشانی بابەت: چەند زانیارییەک لەسەر شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی؛ بەرگی یەکەمی شەرەفنامە
ناوی نووسەر: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
باوەڕ ناکەم کەس هەبێت لەناو کورددا ناوی پەرتووکی بەناوبانگی (#شەرەفنامە#)ی نەبیستبێت کە لە نووسینی کەسایەتیی ڕامیاری و سەربازی و ڕۆشنبیریی گەورەی کورد (میر شەرەف خانی بەدلیسی) بووە لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەی زایینیدا. ئەم پەرتووکە ئەوەی دەربارەی ئاشنابووین کە مێژووی ماڵەمیرانی کورد بووە و تێیدا لە دەسەڵاتە گەورەکانی وەک: (حەسنۆیی، دۆستەکی مەڕوانی، لوڕستان، ئەیووبی)یەوە هەتا میرنشینە بچووکەکانی وەک (پالۆ، بانە، پالنگان و ...هتد)ی باس کردووە، بە تێکڕا و بە لقوپۆپی دەوڵەت و میرنشینەکانیشەوە باسی لە نزیکی (57) دەوڵەت و شانشین و میرنشین و فەرمانڕەوایەتی کردووە لە تەواوی بەش و پارچە و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کە گرنگترینیان ئەمانە بوون: (ئەیووبی، حەسنۆیی، دۆستەکی مەڕوانی، #لوڕستان#، #بەدلیس#، بۆتان، بابان، سۆران، ئەردەڵان، موکریان، ساسۆن، باتمان، کلیس، مەلکانی ئەیووبی، مۆکس، کفرا، عیتاق، سلێمانی، دونبوولی و ...هتد)، شێوازی باسکردنی ئەم دەسەڵاتانەشی بە جۆرێک کردووە، کە هەوڵی داوە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیدان، سەرەتا ناوەکەیان لێکبداتەوە و بزانێت هۆکار چییە کە ئەو ناوەیان بەسەردا بڕاوە، بۆ نموونە، باسی لەوە کردووە کە مەحموودییەکان هۆکاری ناوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتییەکی بەناوبانگ کە ناوی (شێخ مەحموود) بووە و ئەو کەسایەتییە باپیرە گەورەیانە، هەروەها لە چوارچێوەی دوو بۆچووندا و لە بۆچوونی دووەمدا ناوی شیروانییەکانی بردووەتەوە سەر بنەماڵەی شاهانەی شیروانی لە خۆرئاوای دەریای خەزەر، لەگەڵ ئەوەدا ناوی هەندێک لە میرنشین و دەسەڵاتدارەکانی بەوجۆرە باس کردووە کە دەگەڕێنەوە سەر کەسایەتییە ئیسلامییەکانی بەرایی ئیسلام، وەک سلێمانی و بۆتانی و چەند دەسەڵاتێکی دیکەش، دیارە لە هەموو ئەمانەدا شەرەف خان پشتی بە زانیارییە بەردەستەکان بینیوە لە بنەماڵەی شاهانە و میرەکان خۆیانەوە کە ئەمەش گیانی ئەمانەتپارێزیی نووسەر بووە.
دواتر میر هەوڵی داوە بنەچەی هەریەک لەو بنەماڵانە بەپێی زانیارییە خۆییەکان پیشان بدات کە لەوکاتەدا باو بوو، میران و دەسەڵاتداران بۆ پێدانی شەرعییەتی باشتر؛ خۆیان دەبردەوەسەر پاشایان و خەلیفە و سوڵتانەکانی پێشتر، بۆ نموونە، بۆتانییەکان وایان پیشان داوە کە دەچنەوەسەر فەرماندەی ئیسلام (خالیدی کوڕی وەلید)، هەروەها بەدلیسییەکانیش کە لە هۆزی ڕۆژەکی بوون و بنەماڵەی خودی شەرەفخان بوون؛ پێیان وابووە دەچنەوە سەر ساسانییەکان، ئەردەڵانییەکانیش پێیان وابووە کە دەچنەوەسەر ئەحمەدی کوڕی مەڕوانی فەرمانڕەوای دەوڵەتی کوردی دۆستەکی مەڕوانی، کەواتە بوونی پێشینەی خانەدانی لەلای فەرمانڕەواکان لەوکاتەدا زۆر گرنگ بووە و بایەخی تایبەتیان پێ داوە.
هەرچەندە هەندێکجار بە گومان و ڕەخنەوە سەیری زانیارییەکانی کردووە کە ئەمە دەرخەری ئەوە بووە خاوەن هزرێکی فراوان و لەپێش سەردەمەکەی خۆشییەوە بووە، بۆ نموونە، کاتێک باس لە بنەچەی دونبوولییەکان دەکات و چەند بۆچوونێکی جیاواز دەهێنێت، ئاماژە بە بۆچوونێکی دروست دەکات لەناویاندا کە پێی وایە ئەمانە کوردی ڕەسەنن و لە قووڵایی خاکی کوردستاندا بوون.
دوای ئەم لایەنەش هەوڵی داوە ناوچەی بنچینەییان بناسێنێت و دواییش پیشانی بدات کە ئاڕاستەی فراوانخوازییەکانی بەرەو کوێ بوون و فراوانترین سنووریان کوێ بووە؟ بۆ نموونە، لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیووبی لە میسڕدا ئاماژە بە فراوانخوازییەکانیش دەدات کە چۆن بەرەو شام و کوردستان و حیجاز و یەمەن و نەوبەی سوودان کشاون و فەرمانڕەوا کوردەکانی ناو بنەماڵەی ئەیووبییان لەسەر داناون بۆ بەڕێوەبردنیان، هەروەها بابانەکان لە ناوچەیەکی بنجێییەوە کە پێدەچێت (پشدەر) بووبێت و لە سەردەمی یەکەم میریان کە پیر بوداقی کوڕی میر ئەبداڵ بووە، فراوانخوازیی کراوە و توانیویەتی لارجان لە زەرزا و سیوی و مەشیاکورد لە سۆران و سڵدووزیشی لە قزڵباشەکان بسەنێت.
لەپاڵ ئەمەشدا، نووسەر هەوڵی داوە کە یەک بەدوای یەکی باسی پاشا و میر و دەسەڵاتدارەکان بکات، هەر لە دامەزرێنەر و باپیرە گەورەیانەوە هەتا کۆتا کەسیان، یان ئەو فەرمانڕەوایانەی کە هەتا نووسینی پەرتووکەکە فەرمانڕەوایەتییان بەردەوام بووە.
ئەوەش خاڵێکی سەرنجڕاکێش و بەهێز بووە لەم پەرتووکەدا، ئەوە بووە کە میر شەرەفخان وێنە و تابلۆی پیشان داوە بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتری خوێنەر، پەیوەست بە هەر فەرمانڕەوایەتی و شارێکییانەوە و ئەمەش هەمەڕەنگییەکی سەرنجڕاکێشی پێ بەخشیوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=