ناونیشانی بابەت: کۆماری کوردستانی سوور
ناوی نووسەر: #چۆمان حەمە تەقێدین#
یەکەم- ناوی فەرمی: کۆماری کوردستانی سوور (قەزای کوردستان، یان کوردستان ئویەزد، یان کوردستان) کە ئەو سەردەمە سەر به کۆماری ئازەربایجانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بووە، بەڵام ئێستا کۆماری کوردستانی سوور بەشێکه له کۆماری هەرێمی شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ.
دووەم- ناوی سەرۆککۆمار: حوسێن حاجییەف (گ. گاجییەف) کە کەسێکی تورکی ئازەری بووە.
سێیەم- ناوی سەرۆک وەزیران: کۆماری کوردستانی سوور سەرۆک وەزیرانی نەبووە.
چوارەم- ئەنجوومەنی نیشتمانیی کۆمار: کۆماری کوردستانی سوور ئەنجوومەنی نیشتمانی، واتا پەرڵەمانی نەبووە، بەڵکوو ئەنجوومەنی شۆرای هەبووە.
پێنجەم- پایتەخت: شاری لاچین (ئەبدالیار)، بەڵام دامودەزگاکانی کۆمارەکە له شاری شۆشێ بووە.
شەشەم- شارە گرنگەکانی: کەڵبەجار، حاجیک (کورد حاجی- زەنگلیان)، کوباتلی (قوبادلی).
حەوتەم- دابەشی کارگێڕی: لە سەرەتادا لە (12) شارەدێ (ناحیە) پێک هاتووە کە ئەمانە بوون:
لاچین (ئەبدالیار)، پایتەختی کۆماری کوردستانی سوور بووە. کەڵبەجار، زار، دادالخوری، کوتورلو (قوتورلو)، ناگدایلی (موراد خانلی)، پیت چانیس، ئاگداهیر، کاراکیش (کەرەکیشلاک)، یەنیکیت، حاجیک (کورد حاجی- زەنگلیان)، کوباتلی (قوبادلی)، کە دواتر کەم کرایە بۆ چوار شارەدێ (ناحیە)، کە ئەمانە بوون:
لاچین (ئەبدالیار) پایتەختی کۆماری کوردستانی سوور بووە، کەڵبەجار، حاجیک (کورد حاجی- زەنگلیان)، کوباتلی (قوبادلی).
هەشتەم- ڕووبەر: (6.210) کیلۆ مەتر چوارگۆشه، بەڵام هەندێک سەرچاوە ئەڵێن ڕووبەری کۆماری کوردستانی سوور نزیکەی (7.020) کیلۆ مەتر چوارگۆشه یان نزیکەی (5.200) کیلۆ مەتر چوارگۆشه بووە.
نۆیەم- دانیشتوان: 51.200 کەس.
دەیەم- ڕێکەوتی دامەزراندنی کۆمار: لە ڕێکەوتی (7ی 7/تەمموز یان یولیوی 1923)دا بووە بە بڕیاری فەرمانی ڤلادیمیر لێنین (1922-1924ز) یەکەم سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دامەزراوە، کە کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی بوو لە چوارچێوەی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی دامەزراوە.
یانزدەیەم- ڕێکەوتی ڕووخاندنی کۆمار: لە ڕێکەوتی (8ی 4/نیسان یان ئەپرێلی 1929)دا بووە بە بڕیاری جۆزێف ستالین (1922-1953)، سکرتێری گشتیی پارتی شیوعیی سۆڤیەتی و لە نێوان ساڵانی (1941-1953ز) چوارەم سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بووە، کۆتایی بە تەمەنی کۆماری کوردستانی سوور هات، کە تەمەنی کۆمارەکە نزیکەی پێنج ساڵ و نۆ مانگ و یەک ڕۆژ بووە.
دوانزدەیەم- نەتەوە: لە سەرەتادا نەتەوەی کورد زۆرینەی ڕەهای کۆماری کوردستانی سووری پێک هێناوە، بەڵام دواتر بەرە بەرە ژمارەی کورد کەم کرایەوە، تاوەکوو بەم شێوەی لێ هات، کورد 73.9%، ئازەر 24.3%، ئەرمەن 1%، ڕووس 0.5%، نەتەوەکانی تر 0.3%.
سیانزدەیەم- زمانی فەرمی: زمانی کوردی- شێوەرازی کرمانجیی ژووروو، زمانی فەرمی بووە.
چواردەیەم- دراوی فەرمی: ڕووبلی ڕووسی بووە.
پانزدەیەم- سنووری جوگرافیی کۆماری کوردستانی سوور: کۆماری کوردستانی سوور ئەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژئاوای کۆماری ئازەربایجانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کۆماری ئێستای ئازەریانجان، کە لە باکوورەوە بە هەردوو کۆماری ئازەربایجانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو،کۆماری ئێستای ئازەریانجان و کۆماری ئەرمینیای یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کۆماری ئێستای ئەرمینیا و لە ڕۆژئاواوە بە کۆماری ئەرمینیای یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و لە باشوورەوە بە دەوڵەتی قاجاری و دواتر بە شانشینی پەهلەویی ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ئێستا و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە کۆماری ئازەربایجانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کۆماری ئێستای ئازەریانجان دەورە دراوە.
مێژووی کۆماری کوردستانی سوور
کۆماری کوردستانی سوور کە ئێستا بەشێکه له کۆماری هەرێمی شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی باشووری ناوچەی قەوقاز و ئێستا کێشەیە لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئەرمینیادا، لە بنچینەدا بەشێکە لە خاکی کوردستانی گەورە، بەڵام بەداخەوە ئێستا لە خاکی کوردستان دابڕێنراوە و خەڵکەکەشی ئێستا زۆرینە کورد نییە، هەر لە کۆنەوە نەتەوە دێرینەکانی کوردستان لەوێ ژیاون و دواتر نەتەوەی کورد وەکوو میراتگری نەتەوەکانی نیشتەجێی سەر خاکی کوردستانی گەورە، لەو کۆمارەدا ژیاون و کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی کۆمارەکەیە، بەڵام لەپاڵ کوردیشدا نەتەوەی ئەرمەن ژیاون، یەکەم دەسەڵات کە لەو ناوچەیەدا فەرمانڕەوایی کردووە ئیمپراتۆریای کاشی (کردۆنیاش)یەکان بووە و دواتر ناوچەکە بووە لە دەسەڵاتی ماناییەکانی کورد و دواتر چووە سەر دەوڵەتی ئۆراتۆیی کورد و دواتر بووەوە بەشێک لە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریای میدیای کوردان بووە و لە ساڵی (550پ.ز)دا کاتێک ئاگتابانەی ئیمپراتۆریای میدیای کوردان کەوتە دەست هێزەکانی سوپای میرنشینی ئەنشان (هەخامەنشی)یەکانی پارسی و ئەوێش ڕاستەخۆ کەوتە دەست ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی پارسی. کاتێک هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای مەکدۆنی بە سەرکردايەتیی ئیمپراتۆر ئەلکيساندەری مەزن (گەورە) (323-336پ.ز) ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای مەکدۆنی، وڵاتانی ئێرانی داگیر کرد، ئەو هەرێمەش یەکێک بوو لەو هەرێمانەی ئێران کە لەلايەن سوپای ئیمپراتۆریای مەکدۆنیيەوە داگير کرا و پاش مردنی ئیمپراتۆر ئەلکيساندەری مەزن (گەورە) (323-336پ.ز)، يەکێک لە ژەنەڕاڵەکانی سوپای بە ناوی (ئەنروفیتس) دەستی کرد بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە وڵاتی ئازەربایجان، ئەو ناوچەیش بووە قەڵەمڕەوی و دواتر بووە شانشینی میدیای بچووکی کوردان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سلووکییەکان و پاش دامەزراندانی دەوڵەتی ئەشکانی لە وڵاتی فارس، ناوچەکە کەوتە دەست ئەشکانییەکان و کاتێک شانشینی ئەرمینیا لە ساڵی (321پ.ز) دامەزرا ئەوە بوو ئەو شانشینە دەستی کرد بە داگیرکاری بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری، کە یەکێک لە شاکانی ئەو شانشینە بە ناوی تیگرانی گەورە (دووەم) (55-95پ.ز) لە یەکێک لە هەڵمەتەکانی ئەو ناوچەی داگیر کرد، بەڵام دواتر ئەو شانشینە بووە پاشکۆی ئیمپراتۆریای ساسانییەکانی کوردان و دوایین ئیمپراتۆریای کوردی پێش ئیسلام. پاش ئەوەی سوپای دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشیدین هێرشی کردە سەر ئیمپراتۆریای ساسانییەکان، یەک لە دوای یەک ناوچە و هەرێمەکانی داگیر کرد، ئەو ناوچەیە کەوتە دەست دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشیدین و بووە بەشێک لێی و دواتر بووە بە بەشێک هەر یەکێکە لە دەوڵەتی خەلافەتی ئەمەوییەکان و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسییەکان. پاش لاوازبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسییەکان لە ئەنجامی شۆڕش و بەرخودانەکان ئەوە بوو چەندان میرنشینی کوردی لەسەر خاکی گەورەی کوردستان دامەزران، یەکێک لەوانە میرنشینی شەدادی بوو لە ساڵی (951ز) بە سەرکردایەتیی میر محەمەد کوڕی شەداد (951ز-971ز) کە کۆماری کوردستانی سوور بەشێک بووە لێی، بەڵام دوای هاتنی تورکەکان بۆ ناوچەکە و دروستبوونی دەوڵەتی سەلجووقییەکانی تورک، ئیدی میرنشینی شەدادی لە ساڵی (1199ز) لەلایەن دەوڵەتی سەلجووقییەکانی تورکەوە کۆتایی پێ هنرا و تەواوی هەردوو بەشی ئازەربایجان بوون بە تورک تەنها ناوچەکانی کۆماری ناگۆرنۆ-قەرەباغ (ئارستاخ)ی ئێستا کە کۆماری کوردستانی سوور بەشێکە لێی بە کوردی مانەوە وەکوو دوورگەیەک لەناو ئازەربایجان و دواتر بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریای مەغوڵ و دواتر بووە بەشێک لە دەوڵەتی ئیڵخانییەکانی مەغوڵی، پاشان بووە بەشێک لە دەوڵەتی تەیمووری و پاشان بووە قەڵەمڕەوی هەردوو دەوڵەتی قەرەقۆینلوو و ئاققۆینلووی تورکمانی و دواتر بووە بەشێک لە دەوڵەتی سەفەوی و هەر یەکێک لە ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و دەوڵەتی عوسمانی ویستوویەتی دەستی بەسەردا بگرێت، بەڵام بۆیان نەکرا بەپێی پەیماننامەی کۆنستانتینپۆڵ (ئیستانبوڵ)ی دووەمی ساڵی (1724ز) دواتر بووە بەشێک لە دەوڵەتی ئەفشاری و دەوڵەتی زەندی و دواتر دەوڵەتی قاجاری. لە ساڵی (1813ز) وەکوو هەموو ناوچەکانی ئازەربایجان بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و لە ساڵی (1828ز) لە نێوان دەوڵەتی قاجاری و ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری پەیماننامەی تورکماچای بەسترا بەپێی ئەو نزیکییەی (10) هەزار خێزانی ئەرمەنی کۆچیان کرد بۆ بەشی ناگۆرنۆ-قەرەباغ (ئارستاخ) لە کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ (ئارستاخ) بەوەش ئەو بەشە لە زۆرینە کوردەوە بووە بە زۆرینە ئەرمەن کە پێشتر تەنها (%20)ی ناوچەکە بوون، بەڵام بەشی کوردستانی سوور هەر بە کوردی مایەوە و پاش ئەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ساڵی (1917ز) لە ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری ڕووی دا و یەکێتیی سۆڤیەت شوێنی گرتەوە و ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (22ی 4/ئەپرێلی 1918) کۆماری فیدڕاڵی دیموکراتیکی باشووری قەوقاز دامەزرا، کە تەواوی ناوچەکانی خاکی کوردستانی سوور بەشێک بووە لێی و لە ڕێکەوتی (28ی 5/ئایاری 1918) کۆماری دیموکراتیکی ئازەربایجان دامەزرا، کە تەواوی ناوچەکانی خاکی کوردستانی سوور بەشێک بووە لێی و لە ڕێکەوتی (28ی 4/ئەپرێلی 1920) کۆماری ئازەربایجان سۆڤیەتی سۆسیالیستی، کە تەواوی ناوچەکانی خاکی کوردستانی سوور بەشێک بووە لێی و لە ڕێکەوتی (12ی 5/ئایاری 1922) کۆماری باشووری قەوقازی سۆڤیەتی سۆسیالیستی، کە تەواوی ناوچەکانی خاکی کوردستانی سوور بەشێک بووە لێی و لە ساڵی (1923ز) کۆماری کوردستانی سوور دامەزرا، واتا لە ڕێکەوتی (7ی 7/تەمموز یان یولیوی 1923) بە بڕیاری فەرمانی ڤلادیمیر لێنین (1922-1924ز) یەکەم سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، ئەوەیش بە هۆکاری ئەوەی زۆربەی ئەو ناوچانە کورد بوون و لە دەستووری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو کە لە ساڵی (1923ز) دەرچووە، کە چەندێک ئەنجوومەنێک دامەزرا، وەکوو ئەنجوومەنی نەتەوەکان، کە لەو ئەنجوومەنانە نوێنەری کۆمارەکان و هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکان لەسەر بنەمای دانیشتوان بەشدارییان کرد، کە بەپێی دەستووری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بۆ نەتەوە و هەرێمەکان، هەروەها بەپێی دەستووری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو مافەکانی نەتەوەکان چەسپاون، وەکوو (مافی کارکردن، مافی فێربوون و پەروەردەکردن، مافی بیروباوەڕە دینییەکان، مافی ئازادی ڕادەربرین، ئازادیی تاکەکەسی و یەکسانی) و ڕوودانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ساڵی (1917ز) لە ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و شوێنگرتنەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و دەستوورەکەی هۆکار بوون بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و گەلی ژێردەست و بەشخوراو لەناو خاکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کە کوردانی قەوقاز لەسەر ئەو بنەمایانە کۆماری کوردستانی سووریان بۆ دامەزرا، کە تاوەکوو ساڵی (1929ز) بەردەوام بوو، ئیتر لەو ساڵەوە کۆمارەکە نەما و کرایە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی و کوردانی ناوچەکە کۆچیان پێ کرا بۆ کۆمارەکانی تری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کە ئەوەش لە ڕێکەوتی (8ی 4/نیسان یان ئەپرێلی 1929)دا بوو بە بڕیاری جۆزێف ستالین (1922-1953) سکرتێری گشتیی پارتی شیوعیی سۆڤیەتی و لە نێوان ساڵانی (1941-1953ز) چوارەم سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بووە، کۆتایی بە تەمەنی کۆماری کوردستانی سوور هات کە ئەوەش بۆ هۆکاری ئەوەی کە دوای ئەوەی کە ڤلادیمیر لێنین (1922-1924ز) یەکەم سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو کۆچی دوایی کرد، بووە سکتێری گشتیی پارتی شیوعیی سۆڤیەتی، ئەوە بوو لە کۆنگرەی (14)ی پارتی شیوعیی سۆڤیەتی لە وتارێکدا گوتووتی: ''ئەبێت هەلومەرجی وا بێتە ئاراوە، کە بۆ یەکخستنی هەموو کولتوورە نەتەوەییەکان لە یەک کولتووری ناوخۆییدا و تاکە زمانی هاوبەش''، کە ئەم وتارەی جۆزێف ستالین (1922-1953) سکتێری گشتیی پارتی شیوعیی سۆڤیەتی و لە نێوان ساڵانی (1941-1953ز) چوارەم سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لە کۆنگرەی (14)ی پارتی شیوعیی سۆڤیەتی، بووە بیانوویەک بە دەست سەرانی کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی، کە هەر هەموو بنکە کولتوورەکانی کورد هەڵبوەشێننەوە و هەوڵ بدەن کولتووری کوردی لەناو کولتووری ئازەریدا بتوێننەوە و یەکێتیی سۆڤیەتی پەرەی بە پەیوەندییەکانی خۆیدا لەگەڵ کۆماری تورکیا و لەناو سنوورەکانی کۆماری تورکیا لەو کاتەدا، واتا لەسەر بەشێکی خاکی باکووری کوردستان، کۆماری ئارارات لە ڕێکەوتی (28ی10/ئۆکتۆبەری 1927) ڕاگەیەنرا بە سەرۆکایەتیی ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا (1927-1932ز) یەکەم و دواین سەرکۆماری ئارارات، کە گوندی کورداڤا لە پارێزگای ئاگری، پایتەختی بوو، کە لە ڕێکەوتی (17ی 9/ئەیلولی 1932) لەلایەن هێزەکانی سوپای کۆماری تورکیاوە بە هاوکاریی هێزەکانی سوپای شانشینی ئێران کۆتایی بە کۆماری ئارارات هێنرا بە ڕەزامەندیی دەوڵەتە زڵهێزەکانی وەکوو ئیمپراتۆریای دووەمی بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خودی جۆزێف ستالین (1922-1953) سکرتێری گشتیی پارتی شیوعیی سۆڤیەتی و لە نێوان ساڵانی (1941-1953ز) چوارەم سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دژایەتیی نەتەوەی کوردی کردووە و سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی سەرانی جیهانی تورکستانی گەورە هۆکارێک بوو بۆ دوورخستنەوە و قەوارەیان و پشتگوێخستنی کورد، کە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەدا بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگا کارگێڕییەکان و قوتابخانە و دەستپێکردنی هەڵمەتی سڕینەوەی ڕەگەزی کورد لە ناسنامە و سەندنەوەی پاسپۆرتەکانیان و خوێندن لەو ناوچانەی کورد بووە بە تورکی ئازەری و شێواندنی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە کوردیانە و ڕاگواستنی دانیشتوانە کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیان بۆ سەرجەم ناوچەکانی کۆمارە سۆڤیەتی سۆسیالیستییەکانی ناو یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵام دواتر چەندین کۆشش درا کە دووبارە کۆماری کوردستانی سوور دابمەزرێتەوە، بەڵام سەرجەم ئەو هەوڵانە سەری نەگرت و شکستی هێنا لەلایەن ئازەرییەکان و ڕووسەکان و لە ڕێکەوتی (5ی 12/کانوونی یەکەمی 1936) کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی، کە تەواوی ناوچەکانی خاکی کوردستانی سوور بەشێک بووە لێی و دواتر هەروەکوو بەشێک لە کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی مایەوە و لە ڕێکەوتی (18ی 2/شوباتی 1988) لە نێوان هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمینیای یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و هێزەکانی شۆڕشگیرانی خەڵکی قەرەباغ بەرپا بوو و لە ساڵی (1991)دا کاتێ یەکێتیی سۆڤیەت هەرەسی هێنا و لە بەشی ناگۆرنۆ-قەرەباغ (ئارستاخ) لە ڕێکەوتی (10ی 12/کانوونی یەکەمی 1991) ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و لە ڕێکەوتی (6ی 2/شوباتی 1992) سەربەخۆیی ڕاگەیاند و هەروەها لە ساڵی (1992ز) کوردەکان جارێکی تر هەوڵیان دا کۆمارێکی کوردی دروست بکەن بە ناوی کۆماری لاچینی کوردی، کە لە ڕێکەوتی (2ی 5/ئایار-1992)دا ڕاگەیەنرا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەکیل مستەفایێف (1992ز) کە پێش ڕاگەیاندنی کۆماری لاچینی کوردی، کوردانی کوردستانی سوور توانییان جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ خاکەکەیان و دواتر کۆمار ڕاگەیەنرا، بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵەی دامەزراندنی کۆماری لاچینی کوردی سەری نەگرت و هەروەها لە ڕێکەوتی (17ی 5/ئایاری 1992)دا شاری لاچینی پایتەختی کۆمارەکە لەلایەن هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزە شۆڕشگیرانی خەڵکی قەرەباغ داگیر کرا و دواتر یەک لە دوای یەک ناوچەکانی تری کۆماری لاچینی کوردی داگیر بکەن، کە ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ بوونی ملمڵانێ و کێشمەکێشی نێوان ئازەرییەکان و ئەرمەنەکان لەسەر کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، یان کۆماری ئارستاخ. کۆماری ناگۆرنۆ-قەرەباغ (کۆماری ئارستاخ) سەرچاوەی ناکۆکی و ملمڵانێی نێوان ئازەرییەکان و ئەرمەنەکان بووە و لە نێوان ساڵانی (1988-1994ز)دا شەڕ و پێکدادان لەسەر ئەو ناوچەیە لە نێوان هەر یەکێک لە کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئەرمەنستان و شۆڕشگیرانی خەڵکی قەرەباغ بەرپا بوو، سەرئەنجام کۆماری ئەرمەنستان و شۆڕشگیرانی خەڵکی قەرەباغ توانییان ناوچەکانی ناگۆرنۆ-قەرەباغ و خاکی کوردستانی سوور کۆنترۆڵ بکەن، دواتر لە چوارچێوەی کۆماری ناگۆرنۆ-قەرەباغ ڕێک خران و لە ڕێکەوتی (12ی 5/ئایاری 1994) جەنگی یەکەمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ بە شکستی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لە بەرامبەر هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمینیای یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و هێزەکانی شۆڕشگیرانی خەڵکی قەرەباغ کۆتایی هات، بەوەش دووبارە کوردان لەو ناوچەیە کۆچیان کرد بەرەو ناوچەکانی تر و ئێستا بەشێکی زۆر کەمی کوردان لە کوردستانی سوور ماوەنەتەوە کە پێشتر کورد زۆرینە بووە و هەروەها لەلایەن کۆماری ئازەربایجان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دان بە سەربەخۆیی کۆمارەکەدا نەنراوە، تەنها کۆماری ئەرمینیا نەبێت. لە ڕێکەوتی (4ی 5/ئایاری 2008) جارێکی تر لەسەر سنووری نێوان کۆماری ئێستای ئازەربایجان و کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ لە نێوان هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ پێکدادانی سەربازی ڕووی دا کە تاوەکوو ڕێکەوتی (16ی 5/ئایار-2008) بوو و لە مانگی شوباتی ساڵی (2010ز)دا، تێکهەڵچوونەکانی ناگۆرنۆ-قەرەباغ بە ئاڵوگۆڕێکی پچڕپچڕی تەقە لە ڕێکەوتی (18ی 2/شوباتی 2010) لەسەر هێڵی بەرکەوتن کە هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان لە هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ جیا ئەکاتەوە گەیشتە لووتکە و هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستانی بەوە تۆمەتبار کرد بە تەقەکردن لە پێگەکە سەربازییەکانی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان لە نزیک گوندەکانی تاپ کاراکۆیونلو، کیزیلۆبا، گابانلی، یوسفجانلی، سێڤاهێرلی، لە بەرزاییەکانی شارۆچکە (قەزا)ی ئەگدەم بە تەقەی چەکی سووک لە نێویاندا قەناسبەدەستەکان، کە لە ئەنجامدا سێ سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لە ساڵی (2010ز) لە شاری مارێدکێرت سەری هەڵدا، زنجیرەیەک پێشێلکردنی بڕیاری ئاگربەست بوو لە بەرزاییەکانی کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە سەرانسەری هێڵی پەیوەندیی نێوان هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-گەرەباغ لە کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، کە هەر لایەنێک ئەوی دیکەیان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار ئەکرد و ئەمانە خراپترین پێشێلکاریی ئاگربەست بوون کە لە ساڵی (1994)ەوە لە ئارادایە لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان لە دوای پێکدادانەکانی ماردێکێرت لە مانگی ئازاری(2008) دا قورسترین زیانی ژیانییان بەجێ هێشت. لە نێوان ساڵانی (2008-2010ز) لە هەر دوولا (74) سەرباز کوژراون. لە نێوان ساڵانی (2011-2013ز)دا شەڕە بەردەوامەکانی نێوان هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ بەردەوام بوو کە لە کۆتایی مانگی نیسانی ساڵی (2011ز) لە تێکهەڵچوونە سنوورییەکان سێ سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ کوژران و لە ڕێکەوتی (5ی10/ ئۆکتۆبەر)دا دوو سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و سەربازێکی هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمینیا کوژران، کە لە ماوەی ساڵێکدا (10) سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان کوژراون و لە ساڵی دواتر لە کۆتایی مانگی نیسان تا سەرەتای مانگی حوزەیران پێکدادانی سنووری نێوان هێزە چەکدارەکانی هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان ڕووی دا، کە لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا پێنج سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و چوار سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان کوژران. لە ساڵی (2012ز)دا (19) سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و (14) سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان کوژراون، کە لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان (20) کەس ڕاگەیاندووە. لە ماوەی ساڵی (2013ز)دا (12) سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و (7) سەربازی هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان لە تێکهەڵچوونە سنوورییەکان کوژراون. لە ڕێکەوتی (1ی 2/ئەپرێلی 2016) جارێکی تر لەسەر سنووری نێوان کۆماری ئێستای ئازەربایجان و کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ لە نێوان هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان و هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ پێکدادانی سەربازی ڕووی دا، کە سەدان سەرباز لە هەرسێ لایەن کۆژران و بریندار بوون و ئەوەش بووە هۆی بەرپابوونی جەنگی دووەمی قەرەباغ. جەنگی دووەمی قەرەباغ لە نێوان هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان بە هاوکاریی هێزەکانی سوپای کۆماری تورکیا و هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ لە ڕێکەوتی (27ی 9/سێپتمبەری 2020) بەرپا بوو، کە تێدا هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان توانییان بەرەو ناو خاکی کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ پێشڕەویی بکەن و دەیان گوند و شارۆچکە (قەزا)یان کۆنترۆڵ کرد و دواتر جەنگەکە بەپێی ڕێکەوتننامەی ئاگربەست لە کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغی ساڵی (2020ز)، کە لە ڕێکەوتی (10ی 11/تشرینی دووەمی 2020) لە شاری مۆسکۆی پایتەختی فیدراسیۆنی ڕووسیای فیدڕاڵ واژۆ کرا وەستا و جەنگی دووەمی قەرەباغ بە سەرکەوتنی هێزەکانی سوپای کۆماری ئازەربایجان بە هاوکاریی هێزەکانی سوپای کۆماری تورکیا بەسەر هێزەکانی سوپای کۆماری ئەرمەنستان و هێزەکانی سوپای کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ-قەرەباغ کۆتایی هات و دواتر هێزی ئاشتیپارێزی هێزەکانی سوپای فیدراسیۆنی ڕووسیای فیدڕاڵ لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێ کراوە.
سەرچاوەکان
-1 پ. ی. ئەڤیر یاکۆڤ: کورد لە جەنگی ڕوسیا لەگەڵ ئێران و تورکیادا-وە: د. ئەفراسیاو هەورامی-سلێمانی2004ز.
-2 یاسین سابر ساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
-3 عەلی کەندی: فەرهەنگی ڕووداوەکانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-هەولێر2005ز.
-4 ڕاجر سێیڤری: ئێرانی سەردەمی سەفەوی-وە: سەلاحەددین ئاشتی-سلێمانی2006ز.
-5 د.مەحمەد سوهەیل تەقوش: مێژووی دەوڵەتی سەفەویی-وە: شاخەوان مەحمەد-هەولێر2006ز.
6- مامەند ڕۆژە: ئەرمەنۆساید- سلێمانی2008ز.
-7 مەنسور مەخدوم: گرنگی کورد و کوردستان له قۆناغه مێژووییەکانی ئێران تا سەردەمی ئەفشاریە-وە: ڕەفعەت مورادی-هەولێر2008ز.
-8 ئارشاک پۆڵادیان: کورد له سەدەی حەوتەمەوە تاسەدەی دەیەم-وە: جەلیل عەبدولڕەحمان-هەولێر2008ز.
-9 مەحموود تلووعی: لە لێنینەوە بۆ پۆتین-وە: ڕەسوول سوڵتانی-دهۆک2012ز
-10 د. زرار صدیق توفیق: کورد و کوردستان له ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلامیدا-هەولێر2012ز.
-11 بێرنارد لویس: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-وە: عەبدوڵڵا ڕەسولی-هەولێر2014ز.
12- د. مەیمونە هەمزە مەنسوور: مێژووی دەوڵەتی عوسمانی-وە: هۆگر ڕەحمان قادر-هەولێر2014ز.
13- د. محەمەد تەقوش: عوسمانییەکان/ لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە تا کودەتا بە سەر خەلافەتەدا-وە: نەریمان خۆشناو و مەستەفا سەید مینە-هەولێر2015ز.
-14 پ. ی. د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: کوردستان و کورد لە سەدەکانی ناوەڕاستدا-تاران2015ز.
-15 دیار غەریب: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان-سلێمانی2016ز.
16- مەحمود نەجمەدین: کوردەکانی قەفقاز وەک بەفر توانەوە-سلێمانی2016ز.
17- ڕۆجەر سەیڤۆری: مێژووی دەوڵەتی سەفەوی-وە: سەرباز حەمە کەریم-سلێمانی2018ز.
18- دەیڤد ماکدواڵ: مێژووی هاوچەرخی کورد-وە: د. ئەبو بەکر خۆشناو-هەولێر2019ز.
19- ئینتەرنێت-ویکیپیدیای ئازاد. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!