ناونیشانی بابەت: 59 ساڵ بەسەر داستانی مەزنی هەندرێن بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت
ڕۆژی #05-12-1966# پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، توانییان شکست بە پیلانێکی مەترسیداری دوژمن دژی ھەرێمی کوردستان بھێنن و داستانێکی بێ وێنە و سەرکەوتنێکی مەزن بەناوی داستانی ھەندرێن تۆمار بکەن، کە لە مێژووی شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا داستانەکە بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت، کاریگەریی سیاسیی لە دوای خۆی بەجێھێشت و زەمینەی بۆ ئاگربەست ڕەخساند.
لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا لە چیای ھەندرێن ھێزێک لە پێشمەرگەکانی #شۆڕشی ئەیلوول# و حزبی شیوعی یەکێک لە نەبەردی ترین داستانی مێژووییان تۆمار کرد، دژی ڕژێمی ئەوسای ئێراق، پێشمەرگە بەھێزێکی کەم و بە ورەیەکی پۆڵایینەوە توانییان داستانێک تۆمار بکەن، تا مێژوو ماوە لە بیر نەکرێت.
سەرکەوتنی پێشمەرگە لەو شەڕەدا، وڵاتانی ناوچەکەی تووشی سەرسووڕمان کرد و دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ئێراقیشی ناچار بە دانووستاندن کرد، بۆ کپکردنی شۆڕشی کوردستان، ڕژێمی ئێراق لە شەوی 2 لەسەر 03-05-1966، بە ھێزێکی زەبەلاح کە پێکھاتبوو لە پێنج ھەزار سەربازی پڕچەک و بە پاڵپیشتیی فڕۆکەی شەڕکەر، لە چیای ھەندرێن ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە، دوای 10 ڕۆژ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە، لە دژە ھێرشێکدا و لە ماوەیەکی کورتدا، پێشمەرگە توانی ئەو ھێزە زۆرەی ئێراق تێکبشکێنێت و سەرکەوتنی گەورە بەسەر ھێرشی فراوانی #بەعس# ڕابگەیەنێ، بەمەش گەورەترین سەرکەوتن بۆ شۆڕش و مێژووی گەلی کورد تۆمار کرا، کە ڕژێمی ئێراقی ناچار کرد ڕێککەوتننامەی 29ی حوزەیرانی ھەمان ساڵ ئیمزا بکات، ھەروەھا لەو داستانە بەرگرییەدا، لیوایەک و فەوجێکی ڕژێم بە یەکجاری لەناوچوون و دوو لیوای دیکەش ھەڵوەشانەوە، وێڕای کوشتن و بەدیلگرتنی سەدان سەرباز و دەستکەوتی زۆری کەرەستەی سەربازی، پێشمەرگەکان بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دیلەکان دەکرد.
ئەو داستانە بە خوێنی سێ ڕۆڵەی کوردستان بە ناوەکانی (خدر عەبدوڵڵا بەگ دەرگەڵەیی، ساڵح مام ئەلیاس #ڕواندز#ی، عەریف یونس) تۆمار کرا.
ڕژێمی ئێراق لە پێناو سەرکوتکردنی نەتەوەی کورد، ھەمیشە پەنای بردووەتە بەر شەڕ و ھەڕەشە و پەلاماردان، لە جیاتی زمانی لۆژیک و دانووستاندن و پەنابردنەبەر گفتوگۆ، بژاردەی زمانی ھەڕەشە و شەڕ و ھێرشکردنی ھەڵبژاردووە، بۆیە نەتەوەی کوردیش لە درووستبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە، بەناچاری پەنای بردووەتە بەر بەرگریکردن و شۆڕش و ڕاپەڕین، لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیدا، بەناچاری دەستی داوەتە چەک، بۆ بەرگریکردن و پاراستنی گەلە بەشمەینەتەکەی، ھێزی پێشمەرگە بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر داستانی ھەندرێنی کردە ھەوێنی سەرکەوتنی پێشمەرگەی کوردستان وانەیەکی کەمەرشکێنیان دایە سوپا زەبەلاحەکەی ئێراق کە چیتر نەتوانن لە بەردەم ئوستوورەی پێشمەرگەدا خۆیان ڕابگرن و دوژمن تێکبشکێنن، ئەم تێکشکاندنەی سوپا زەبەلاحەکەی حکوومەتی ئێراق دەنگی دایەوە و جیھانی ئەو ڕۆژگارەی ھەژاند و سەرلەنوێ ئازایەتی و مەردایەتیی پێشمەرگەکانی بارزانی بە جیھاندا بڵاو کردەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش، ورەی دوژمنی وا ڕووخاند، ناچار بوو تکای ئاگربەست و وتووێژی لە شۆڕش و لە بارزانیی نەمر کرد.
داستانی ھەندرێن بارودۆخی سیاسی و سوپای سەروبن کردەوە، ئیدی دوای ئەم سەرکەوتنە مەزنەی پێشمەرگە، دوژمن ھیچ ھۆیەکی دیکەی بەدەستەوە نەما جگە لە بۆردومانی ئاسمانی بۆ گوندەکان، بەڵام زیانەکان کەمبوون، لەبەر ئەوەی خەڵک ڕاھاتبوون بەیانیان گوندەکانیان بەجێبھێڵن و لە دۆڵ و چیاکاندا بڵاوەبکەن و ئێوارە بگەڕێنەوە، لە دوای تەواوبوونی شەڕی ھەندرێن بە مەبەستی ڕێگەدان بە ناشتن و گواستنەوەی تەرمی کوژراوانی سوپای ئێراق، بارزانی پێشنیاری کرد بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ئاگر بەست ڕابگەیەنرێ، تاکوو خاچی سووری نێودەوڵەتی ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێ، ئەم بانگەوازەی بارزانی ڕووی ڕاستەقینەی شۆڕشی کوردستان دەردەخات کە شۆڕش پابەندی یاسای جەنگ و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەم بانگەوازەش جوانترین کاردانەوەی لە جنێف لێکەوتەوە.
سەرۆک بارزانی، لە پەرتووکی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. بەرگی سێیەم -بەشی یەکەم دەنووسێت: سبەینێ 2ی ئایار برووسکەیەک لە ھێزی باڵەکەوە ھات وای دەگەیاند کەوا پێشکەوتنە بەربڵاوە گەورەکەی دوژمن لە بەرەی شەڕدا دەستی پێ کردووە و سوپا چیای ھەندرێنی گرتووە و پشێوی کەوتووەتەوە و کاری داکۆکی کەلێنی زۆری تێ کەوتووە، بارزانی ھەر کە لەم برووسکە ئاگاداربوو فەرمانی بۆ
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانیی برام دەرکرد گورج بەرەو بەرەی شەڕ بکەوێتە ڕێ و دۆخەکە بەسەر بکاتەوە و لە ڕاستەقینەی دۆخەکەی ئاگادار بکات، فەرمانێکی یەکجارەکیشی بۆ سەرکردەکانی بەرەی شەڕ دایێ کە دەبێت بەھەر نرخێ بووە نەھێڵن دوژمن ھیچ پێشکەوتنێکی تر و دەست بھێنێ.
ھەروەھا لە درێژەی نووسینەکەیدا سەرۆک بارزانی، دەڵێت: بەگەیشتنی ئیدریس بارزانی بۆ بەرەی شەڕ کۆبوونەوەیەک بۆ ھەموو سەرکردەکان سازکرا و بڕیارێک وەرگیرا کە ھەرچەند قوربانیدانی بوێت دەبێت پێشکەوتنی دوژمن ڕاوەستێنرێت.
کۆبوونەوەکە برووسکەیەکیان بۆ بارزانی لێ دا پەیمانیان تێدا دایێ کە خۆیان ڕادەگرن و سوورن دوژمن ببەزێنن و ھەوڵ و تەقەڵاکانی بەھیچ دەرکەن و وتیان ئێمە ئەرکی ئەوەت نادەینە بەر بۆ خۆت تەشریف بھێنی، بۆ خۆمان کارەکە ڕادەپەڕێنین، ئەرکی ھەرە گەورە لە داکۆکیکردن لە ھەندرێن لە ئەستۆی یەکە لەشکرییەکانی حزبی شیووعیدا بوو، ھەستیان دەکرد بەرپرسیارییەتێکی چەند گرانیان لە ئەستۆدایە و چەردەیەکیش شەرمەزاربوون، چونکە ئەو کارەیان بە ھەڵوێستێک دادەنا کە لێپرسینەوەی دەروونی لە دوایە، لەبەر ئەوە زۆر تامەزرۆی ئەوەبوون بچنە شەڕێکی ژیان و مردنەوە بۆ داشۆردنی ئەوەی بەسستی و کەمتەرخەمییان دەزانی لە خۆیاندا، پێشمەرگەکانی تریش لەم ھەستەدا ھاوبەش و ھاوبیریان بوون، پەیمانیان لەگەڵ خۆیان کردبوو نەھێڵن دوژمن بستێ چییە پێش بکەوێ.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکانی لە یادی داستانی ھەندرێن، دەڵێت: داستانی ھەندرێن وانەیەکی باشە بۆ دوژمن و داگیرکاران کە ئەگەر بیانەوێت ئیرادەی میللەتی کورد تاقی بکەنەوە، بەمشێوەیە تووشی شکست دێن، بەڵام زۆر جاریش دەبینین کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و شۆڤێنییەکان وانە لە مێژوو وەرناگرن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە شکست و ڕیسوایان بۆ دەمێنێتەوە و سەرکەوتن بۆ میللەتی مەزلوومی کوردستانە.
ھەر لە بارەی ئەو داستانەوە کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26 گوڵانی پارتی، باوکی ئەو کات کە فەرماندەیەکی پێشمەرگە بوو لەو شەڕەدا و لە پەرتووکی (شانێک بە بن باری نیشتمانەوە) عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، بەوردی ئاماژە بە داستانی ھەندرێن کراوە، لە بارەی یادی ئەو داستانە دەڵێت: لە ساڵی 1966، 150 پێشمەرگەی ھێڕشبەروو 100 پێشمەرگەی پاڵپشت، لە ماوەی 3 کاتژمێردا لیوای چواری ڕژێمی ئەوسای عارفیان تەفروتونا کرد.
کرمانج عزەت، باس لەوەش دەکات، داستانی ھەندرێن، داستانێکە تا ئێستاش دەزگای سەربازی ئێراق باوەڕ ناکات چۆن تەنیا بەو ھێزە بچووکە و لەو ماوەیە کەمە 95 سەنگەر دەستی بەسەردا بگیرێت، زیاتر لە 400 سەرباز بکوژرێ و 59 لاشەیان لەگەڵ نۆ دیل و ھەموو ممتلکاتی لیوای چوار بکەوێتە دەستی پێشمەرگەی ھێزی باڵەک، ئەو شەڕە کە بە خوێنی پاکێ سێ شەھید و نۆ بریندار تۆمار کرا، سەرتاپای چیای ھەندرێن پاک کرایەوە، ئەو سەرکەوتنە بووە مایەی ناچار بوونی ڕژێمی ئەوسا کە واز لە ھێرشی سەربازی بھێنێت و دەست بە دانووستاندن بکات.
بەرپرسی لقی 26 باس لەوەش دەکات، سەرکەوتنی ھەندرێن تاقیکردنەوەیەکی گەورەی ھاوکاری نێوان ھێزەکانی پارتی و شیوعی بوو، کە ھێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی تێر ورە و تێر بڕوا بە یەکتری کرد. [1]