سەرەڕای پیلانی شوومی نێودەوڵەتی بۆ کپکردنەوەی بڵێسەی #شۆڕشی ئەیلوول# لە ساڵی 1975، بەڵام چەند گەنجێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڤیەننا دەکەنە مەکۆی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش، بۆیە بەعسییەکان بە چڕی چاویان خستە سەر سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤیەننا، بەو نیازەی لە ئەوروپا گورزی گەورە بووەشێنن و کۆتایی بە بەرنامەی گرێدانەوەی خەباتی پێشمەرگە لە کوردستان و خەباتی تێکۆشەرانی ئەوروپا بهێنن.
لە دوای پیلانگێڕییەکەی ساڵی 1975، کۆمەڵێک لە کادیرانی پارتی شاری ڤیەننا لە نەمسا دەکەنە مەڵبەندی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و لەوێوە درێژە بە خەبات دژی ڕژێمی بەعس دەدەن، بە دیاریکراویش لقی 6ی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، دەبێتە ناوەندێک بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوەی کورد لە پێناو درێژەدان بەو خەونە پیرۆز و نەتەوەییەی کورد هەیەتی.
جووڵەی ناوخۆی کوردستان و پێکهێنانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی لە دەرەوەی کوردستانیش، بە تایبەتیی ئەوروپا دەستی بە چالاکی کردبوو، ڤیەننا ناوەندێک بوو بۆ کۆبوونەوەی تێکۆشەرانی پارتی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی پارتی کە بریتی بوون لە پێشمەرگە و کادر و کۆمەڵێک قوتابیی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، لە نەمسا نیشتەجێ بوون، بیریان لەوە کردەوە درێژە بە خەبات بدەن، بۆ ئەوەی تێکۆشانی تاراوگە و ناوخۆی کوردستان بە یەکەوە گرێ بدەنەوە، ڤیەننای پایتەختی نەمسا بووە ناوەندێکی گرنگی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارەگای لقی شەشی ئەوروپاش هەر لە نەمسا بوو.
دەسەڵاتدارانی ئێراق لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەترسان و لە هەموو ڕوویەکەوە هێرشیان دەکردە سەر سەرکردایەتیی پارتی، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و پێش 46 ساڵ لە 08-01-1979، سیخوڕانی ڕژێم هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانییان دا، لە ئەنجامدا هەوڵەکەییان سەری نەگرت و هەریەک لە یاوەرانی سەرۆک بارزانی (ئازاد ڕێکەوتی و دکتۆر پیرۆت) بریندار بوون.
شارەزایانی سیاسی و مێژوویی دەڵێن، ئەو کات ڤیەننای پایتەختی نەمسا ناوەندێک بوو بۆ چالاکییە سیاسییەکانی پارتی و خۆڕێکخستنەوەی، بەتایبەت دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، هاوکات ناوەندێکی گرنگ بوو بۆ قوتابییان و تێکۆشەرانی پارتی. دەشڵێن، ڕژێم وای زانی ئامانجەکەیان پێکاوە و سەرۆک بارزانی تیرۆر کراوە، بەڵام نەیانزانی پیلانەکەیان سەری نەگرتووە. ئاماژە بەوەش دەدەن کە چوونی سەرۆک بارزانی بۆ ڤیەننا، پایتەختی نەمسا، بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێکخستنەوەی پارتی بوو.
دکتۆر پیرۆت یەکێکە لە هاوڕێ نزیکەکانی سەرۆک بارزانی، لە کاتی ڕووداوەکە لە نزیکەوەوە لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی بووە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، باسی ئەو شەوە شووم و ساردەی ڤیەننا دەکات و بەم شێوەیە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە:
”لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 1978، جەنابی سەرۆک بارزانی گەیشتە ڤیەننا، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵەوە لە ڤیەننا ماینەوە، ئیدی ڕژێمی بەعس لە هەوڵی ئەوەدا بوو، کە چۆن بتوانن جەنابی کاک مەسعود بارزانی تیرۆر بکەن.” لەبارەی هەوڵە تیرۆریستییە شکستخواردووەکەش دەڵێت: ”کەسێک هەبوو داوای بینینی جەنابی سەرۆکی کردبوو، ئەگەرچی زۆربەی هەڤاڵان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون جەنابی سەرۆک ئەو کەسە ببینێت، بەڵام جەنابی سەرۆک پێداگیریی لەسەر بینینی کەسەکە کرد، کاک مەسعود لەگەڵ خوالێخۆشبوو #فارس باوە# لە ژوورێک دانیشتن و من و ئازاد ڕێکەوتی و محەمەد ڕەزا و عەبدولخالق مەنتک لە چاوەڕوانیدا بووین، کاتژمێر11ی شەوی تێپەڕاند، فارس باوە بە جەنابی سەرۆکی وت: نەچیتە خوارەوە تا هەڤاڵان سەیرێکی ناوچەکە دەکەن، ئەو کات تۆش وەرە خوارەوە، ئەوەبوو ئێمە چووینە خوارەوە، من و کاک ئازاد ڕێکەوتی بەیەکەوە بووین، کەسێک بە دەستەچەپ لەنێو کابینەیەکی تەلەفۆنکردن بوو، بەرەو لای ئەو چووین، کاک حەمە ڕەزا و عەبدولخالقیش لەبەر دەرگاکە مانەوە، کاتێک ڕۆیشتین، کەسێکی دیکە لەوبەری شەقامەکە بە ڕووی ئێمەوە هات، کاک ئازاد ڕێکەوتی لەپێش منەوە بوو، کابرا دەمانچەی دەرهێنا، خۆشبەختانە گوللەی یەکەم نەتەقی، ئەوان وایانزانی کاک ئازاد، جەنابی کاک مەسعود بارزانییە، کاتێک تەقەی کرد، ئێمە گەڕاینەوە بۆ لای ئەو شوێنەی لێوەی هاتبووین، کاک ئازاد وتی: پێکرام، منیش وتم: گوللە بەر ڕانم کەوتووە و بریندارم، لەو کاتەشدا گڵۆپەکانی شوێنەکە کوژانەوە و بەهۆیەوە ئێمەش کەوتینە خوارەوە، بۆیە زیاتر لە دە گوللە بەر دیوارەکە کەوتن، ئەوەبوو جەنابی سەرۆک وتی: وامزانیوە گیانتان لەدەست داوە، چونکە چوار کەس تەقەیان لێ کردبووین.“
دکتۆر پیرۆت لەسەر گێڕانەوەی ڕووداوەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ”دوای ئەوەی سەرقاڵی تیمارکردنی ئازاد ڕێکەوتی بووین، جەنابی کاک مەسعود بارزانی وتی: پیرۆت تۆش برینداری، ئەوەبوو پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و ئێمەیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد”. دوای هەوڵە شکستخواردووەکە، تەقەکەرەکان ڕادەکەن و دواتر پۆلیس دەگاتە شوێنەکە، دکتۆر پیرۆت لەوبارەوە دەڵێت: ”دوای ئەوەی پۆلیس گەیشتە شوێنەکە، ئێمەش ئەوانمان لە ڕووداوەکە ئاگادار کردەوە، کە ئەمە جەنابی کاک مەسعود بارزانییە، کاتێک ئەمەیان زانی، لە شوێنی خۆیان کشانەوە و ڕێز و تەقدیرێکی زۆری جەنابی سەرۆک بارزانییان گرت، دواتر هەڤاڵەکانی دیکەش گەیشتنە لامان”.
دڵشاد میران، کە لە نزیکەوە ئاگای لە ڕووداوەکە بووە، لە بارەی هەنگاوی دواتر دەڵێت: ”دوای هەوڵەکە، بۆ بەیانی، پۆلیسی نەمسا بە پاسەوان ئێمەیان گەیاندە فڕۆکەخانە و بۆ قوبرس چووین”. دڵشاد میران سەبارەت بە هۆکاری چوونیان لە نەمساوە بۆ قوبرس گوتوویەتی: ”چونکە من لەوێ شوێنم هەبوو و حکوومەتی قوبرسی یۆنانی دۆستمان بوو”. دەشڵێت: ”جەنابی سەرۆک و من و کاک عارف تەیفوور بەیەکەوە سەفەرمان کرد”.
هەوڵەکانی ڕژێمی بەعس بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پارتی لە سەردەمی شۆڕشدا پێشینەی هەبووە، پێشتر ڕژێمی بەعس لە حاجی ئۆمەران لە ڕێگەی بۆمبڕێژکردنی شاندێک لە پیاوانی ئایینی هەوڵی تیرۆکردنی (#مەلا مستەفا بارزانی#) ڕابەری شۆڕشی ئەیلوولی دا و هەوڵەکەیان شکستی هێنا، پێشتریش لە بەغدا هەوڵی تیرۆرکردنی (
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی) درابوو، کە بۆ بەدواداچوونی ئیش و کاری گفتوگۆی نێوان شۆڕشی کوردستان و حکوومەتی بەغدا چووبووە بەغدا. [1]