لە نۆژەنکردنەوەی گۆڕەکەی #دڵدار#ی شاعیر هیچ وشەیەکی کوردی لەسەر نەنووسراوە، شاعیرێکیش کە وێنەکانی بڵاو کردووەتەوە دەڵێت: وەک ئەوەی شاعیری سەردەمی عەباسییەکان بێت.
دڵدار کە بە شاعیری نەتەوەی کورد ناسراوە، لە ئاستی کوردستانی گەورە هۆنراوە بەناوبانگەکەی ئەی ڕەقیب بووە بە مارشی نیشتمانی و خۆیشی هەموو تەمەنی بۆ میللەتەکەی تەرخان کرد.
لە نوێترین پێشهاتدا گۆڕەکەی نۆژەن کراوەتەوە و هیچ وشەیەکی کوردی لەسەر نەنووسراوە، تەنیا بە عەرەبی نووسراوە و کە دەچیتە سەر گۆڕەکەی، هەست دەکەیت شاعیرێکی کۆنی عەرەب بووە.
یوسف حەمەڕەشید کە وێنەکەی بڵاو کردووەتەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ وشە وتی، نازانم کێ گۆڕی دڵداری نوێ کردووەتەوە، بەڵام هەرکەس کردبێتی کارێکی خراپی کردووە، بەو کارەش دڵنیام دڵداری ئازار داوە.
ئەو شاعیرە باسی لەوەش کرد، نەک هیچی بە کوردی لەسەر گڵکۆی ئەو شاعیرە نەتەوەییە تێدا نەنووسراوە، کێلی گۆڕەکەی لە گۆڕی سەردەمی عەباسییەکان دەچێت.
پێشتر بەرپرسانی کۆیە ڕایان گەیاند کە بەمزووانە گڵکۆی دڵداری شاعیر نۆژەن دەکرێتەوە. وشە پەیوەندیی بەقایمقامی کۆیەوە کرد و وتی، نازانم کێ نۆژەنی کردووەتەوە وێنەکانم بۆ بنێرن بەدواداچوون دەکەم.
لەژێر ئەو وێنەیەی کە یوسف حەمەڕەش بڵاوی کردووەتەوە، کەسێک نووسیویەتی، بەداخەوە لەسەر گڵکۆی شاعیرێک کە خاوەنی سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ی گەلی کورد بێت و بەژیانی حەزی بە عەرەب نەبووبێت، تۆ بێی بە عەرەبی لەسەر گڵکۆکەی بیناسێنی ئەوە گۆڕی (یونس ئەفەندییە) نەشنووسی دڵداری شاعیرە.
ئەو کەسە دەڵێت: قایقامی کۆیە لە کوێی؟ ڕۆشنبیران، هونەرمەندانی شار ئێوە چی دەکەن وا کەس بەم تاوانەی نەزانیوە؟.
یونس ڕەئووف (1918-1948) ناسراو بە دڵدار، شاعیر و پارێزەر و چالاکی سیاسیی کورد بوو. بەناوبانگترین هۆنراوەی دڵدار، ئەی ڕەقیبە کە لە تەمەنی 28 ساڵی و دوو ساڵ پێش مردنی، کرا بە سروودی نیشتمانیی کۆماری مەھاباد و تا ئێستاش ھەر لەلایەن هەموو کوردەوە وەک سروودی نیشتمانی دەناسرێتەوە.
دڵدار، کوڕی مەلا ڕەئووف کوڕی مەحموود کوڕی مەلا سەعدی خادم سەجادەیە و لە ڕۆژی #20-02-1918# لە شاری #کۆیە# لە دایکبووە. پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی #ڕانیە# و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ.
لە ساڵی 1940دا لە شاری #کەرکووک# قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و دواتر ڕوو دەکات بەغدا، لەوێ چووەتە زانکۆی یاسا و ساڵی 1945 بڕوانامەی زانکۆی یاسایی وەردەگرێت و دەبێتە پارێزەر.
لە #بەغدا# دەبێت بە ئەندامی حزبی ھیوا. دوای ماوەیەک بە ھۆی کارە سیاسییەکانییەوە دەخرێتە گرتووخانە. لە کۆتاییدا لە #12-12-1948# و لە تەمەنی 30 ساڵیدا لە شاری #ھەولێر# کۆچی دوایی کردووە.
دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی 1935دا داناوە و لە ژمارەی دووی ساڵی 1935ی گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوی کردووەتەوە. خۆی دەڵێت: لە 1935دا لە پۆلی یەکی ناوەندیدا بووم کە دیوانی نالیم زۆر بەوردی خوێندەوە، ھەڵبەستە جوانەکانی نالی لەگەڵ ھەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتی وێژەیی لە مێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشمەکێشە دەرگای ھونەری شاعیریی لێ کردمەوە، زۆر کەڵکەڵەی وام لە کەلەدا بوو حەزم دەکرد لە بۆتەی ھەڵبەستەدا دایڕێژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاو بکەمەوە و ئیتر ھەر خۆم تاقی کردەوە.
وشە: سۆران عومەر. [1]