ناونیشانی بابەت: بیرەوەریی دکتۆر مەحمود عوسمان لەگەڵ ئیدریس بارزانی
دکتۆر #مەحمود عوسمان# بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی هاوخەبات بووە، پێکەوە چاویان بە سەدام کەوتووە و لە سەفەرێکیاندا بۆ ئەمریکا پێکەوە بوون، ناوبراو لە وتووێژێکی تایبەتدا کە دەنگی لای من پارێزراوە، دەربارەی ڕۆڵی ئیدریس بارزانی لە بەڕێوەبەریی و سیاسەت و دیپلۆماسییدا دەڵێت:
-من لە ساڵی 1963وە کە لە ناوچەی بارزان بووم کاک ئیدریسم ناسیوه. ئەو کاته تازه شەڕی بارزانی دەستی پێ کردبوو و تا ساڵی 1987 که وەفاتی کرد بۆ ماوەی 24 ساڵ پێکەوە کارمان کرد و لە مەکتەبی سیاسییدا بووین، پێکەوە چووینەتە دەرەوە، لە #بەغدا# بووین. دیپلۆماتیکی زیرەک و تیگەیشتوو بوو، قسەزان و قسەکەر بوو، لە بواری کۆمەڵایەتییەوه زۆری دەزانی و من لەو باوەڕەدام کە عونسرێکى زۆر به کەڵک بوو بۆ شۆڕش که بەداخەوه زوو وەفاتی کرد و به وەفات کردنی زیانێکى زۆرى به کاک مەسعود گەیاند، چونکه کاریگەرییەکى زۆرى له شۆڕشدا هەبوو و کاک مەسعود خۆى لە کاتی وەفات کردنیدا کە لە #بادینان# بوو، نووسی: کە من پشتم شکا. بە گشتی زۆر بە سادەیی دەژیا و بە پێچەوانەی کوڕەکانی تری مەلا مستەفا، کاک ئیدریس و کاک مەسعود زۆر جێی باوەڕی مەلا مستەفا بوون. بە ھەر حاڵ کەسێکی زۆر لێزان بوو. جێی داخ بوو کە زۆر زوو ڕۆیشت، کەسایەتییەکی بێ دەعیە و بێ تەکەبور بوو.
ئێمە لە ناوچەی ناوپردان پێکەوە لە مەکتەبی سیاسییدا بووین، ئەو بەر لە کاک مەسعود بۆ مەکتەبی سیاسیی هەڵبژێردرا. لە بینینی خەڵک، لە کۆبوونەوەکاندا و لە شەڕ و شۆڕەکاندا دەوری ھەبوو. لە ئەمریکا بەیەکەوە بووین کە قسەی کردووە و لە ئێران پێکەوە بووین و لە بەغداش ھەر بەو جۆرە، زۆر بەڕوونی قسەی دەکرد. زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی زۆر باش دەزانی. [1]