ناونیشانی بابەت: هەڵوێستێکی کوردانەی ئیدریس بارزانی
حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی #22-01-1984# بە بەشداریی 230 نوێنەر لە گوندە وێرانکراوەکەی #گەڵاڵە# لە ناوچەی شینکایەتی سەربە پارێزگای #سلێمانی#، کۆنگرەی شەشەمی خۆی پێکهێنا. پێنج مانگ بەر لە پێکهاتنی کۆنگرەی شەشەم، دوکتۆر قاسملوو لە نیوەی دووەمی مانگی ئاوگوستی 1983دا، نامیلکەیەکی تیۆریی لەژێر ناوی کورتەباسێک لەسەر سوسیالیزم لەلایەن کۆمیسیۆنی تەبلیغاتی حیزب بڵاوکردەوە کە لە کۆنگرەی شەشەمدا بیکات بە ڕێبازی داهاتووی حیزبی دیموکرات. لە کۆنگرەدا دەنگ بۆ نامیلکەی کورتەباس وەرگیرا. کاتی دەنگدان لە 230 ئەندامی نوێنەر، 208 ئەندام لە هۆڵی کۆنگرەکەدا بوون. بەشێک لەو 22 کەسەی کە هۆڵەکەیان بەجێهێشتبوو، دژی کورتەباس بوون، بەڵام بۆ ڕاگرتنی دڵی دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەرەفکەندی بەشداریی دەنگدانیان نەکرد. دوای دوو جار ژماردنی دەستی ئەندامانی بەشدار، دەرکەوت لەو 208 کەسە، 106 کەس دژی کورتەباسن. لەو ژمارەیە 14 کەسیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پێشوو بوون.
دوکتۆر قاسملوو بە لەژێر پێنانى دیموکراسیی، بە زۆرەمڵی کورتەباسی بەسەر نوێنەرانی کۆنگرەدا سەپاند. دوکتۆر #سادق شەرەفکەندی# بە ڕاشکاوی وتی: ئەگەر کورتەباس پەسەند نەکەن، من و دوکتۆر قاسملوو حیزبی دیموکرات بە جێدەهێڵین. بەم جۆرە نوێنەرانیان ناچار کرد کە کورتەباس قەبووڵ بکەن. من و کاک فەریدون میتران و 23 کەسی تر کە دژی کورتەباس بووین بە ناچار ملمان دا.
دوای کۆتایی کۆنگرە، ڕاونانی بیری جیاوازان لە حیزبی دیموکراتدا دەستی پێ کرد و ژمارەیەکی زۆریان ناچار کرد حیزب بەجێبهێڵن. بەشێکیان چوون ڕادەستی ڕژێمی ئێران بوون و ژمارەیەک چوونە لای ڕژێمی ئێراق و چەند کەسێک خۆیان گەیاندە ئەوروپا. دەفتەری سیاسی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەم، ڕۆژی #17-07-1984#، پیلینۆمی دووەمی دوای کۆنگرەی شەشەمی پێکهێنا. لەو پیلینۆمەدا، من و کاک فەریدون و 30 کەسی تریان بە تاوانی لەژێرپێنانی دیسپلینی حیزبی لە حیزبی دیموکرات دەرکرد. دوای دەرکردنمان لە حیزب، من چووم لە کۆمەڵگەی کاریزە، ماڵێکم لە کاک ئیبراهیم، خەڵکی گوندی قامیش بە کرێ گرت. چەند ڕۆژ دوای نیشتەجێ بوونم لەو ماڵەدا، شەوێک کاک ئیبراهیمی خاوەن ماڵەکەم و کەسێکی تر بە ناوی حاجی عوسمان هاتنە لام. حاجی عوسمان خۆی وەکوو ئەندامی لیژنەی پارتی دیموکرات ناساند و وتی لەگەڵ کۆمەڵێکى تر لە خەڵکی درێ و قامیش کار بۆ پارتی دەکەن. حاجی بەتەواویی ئاگای لە کێشەکانی کۆنگرەی شەشەمی حیزبی دیموکرات هەبوو، دەیزانی من و ژمارەیەکى تر لەلایەن حیزبەوە دەرکراوین. وتی لەلایەن ئیدریس بارزانییەوە هاتووە تا ئەگەر خۆم و هاوڕێیانم پێویستیمان پەیداکرد، ئاگاداریان بکەینەوە. داوای کرد لە حکومەتی ئێراق نزیک نەبینەوە و هەوڵبدەین لەسەر پێی خۆمان بوەستین. وتی ئامادەن هەندێک پارە بە ئێمە بدەن کە کاسبی پێوە بکەین. دوای ئەو چاوپێکەوتنە کاک ئیبراهیم هات و وتی ئامادەیە 10000 دینارمان بداتێ کە کاسبی پێوە بکەین و لە قازانجەکەشی شتێک بەو بدەین. من مەسەلەکەم بۆ کاک فەرەیدون گێڕایەوە و 10000 دینارەکەمان وەرگرت کە گۆڕینەوەی دینار و تمەنی پێبکەین.
لەو سەردەمەدا جۆرێک ئاگربەس و وتووێژ لەنێوان #یەکێتیی نیشتمانی کوردستان# و حکومەتی سەدامدا هەبوو. لە کۆتایی ساڵی 1984دا وتووێژەکان کەمڕەنگ بوونەوە و هەر ڕۆژەی دەنگۆیەک دادەکەوت کە ڕژێم دێت و کۆمەڵگەی کاریزە دەگریتەوە. لەبەر ئەوە من و کاک فەریدون و خالید ڕەزازادە و 2-3 کەسی تر ناچار بووین، ئەو کۆمەڵگەیە بەجێبهێڵین.
بە یارمەتیی حاجی عوسمان و کاک محەمەد ناوێک کە لە سلێمانی لە ڕووبەڕووی #مزگەوتی گەورە# و ماڵەکانی بنەماڵەی شێخ مەحموددا دەژیا و شۆفێر بوو، ئێمە چووین بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و لە حەیات و دەشتی بەرزاگر گیرساینەوە. لەوێوە من چووم بۆ #شنۆ# و ڕۆژی 19-07-1985 لە ناوەندی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکرات کە مولازم #بابەکر زێباری# بەرپرسی بوو، بە خزمەت کاک #مەسعود بارزانی# سەرۆکی پارتی گەیشتم و دوای 3 ڕۆژ گەڕامەوە بۆ دەشتی بەرازگر.
خالید ڕەزازادە بەرپرسی وەرگرتنی ئازوقە و خواردەمەنی ئێمە بوو لە بنکەی حەیات. هەموو جارێ ئەو دەچوو پێداویستییەکانی ئێمەی وەردەگرت. ڕۆژی #02-08-1985# کاک خالید نەیتوانی بچێت و پێشمەرگەیەکی تر وتی من دەچم. منیش خۆم ئامادە کرد کە لەگەڵ ئەو بچم و لە ڕووباری حەیات بمێنمەوە و تا ئەو دەگەڕێتەوە مەلە بکەم. ئەو چوو، دوای ماوەیەکی کورت بەپەلە گەڕایەوە و وتی: (کاکە زوو لیباسەکانت لەبەر بکە با بڕۆین). پرسیم چی بووە؟ وتی: (پاسدارێک کە پێشتر زیندانیی حیزبی دیموکرات بووە و ئازادیان کردووە، منی ناسییەوە. ئەوان منییان گرت و بردیان بۆ بنکەی فەرماندەکەیان و خەریکبوون دەستبەسەرم بکەن کە مام خەلیفە و پێشمەرگەکانی پارتی ڕزگاریان کردم).
باوەڕم بەو پێشمەرگەیە نەکرد و بەئارامیی خۆم کۆکردەوە و گەڕاینەوە بنکەکەی خۆمان لە دەشتی بەرازگر، کەچی دوای ماوەیەک بۆم دەرکەوت ئەو ڕاستی کردووە. دوای دەرچوونی ئەو لەو گرفتە پاسدارەکان مام خەلیفە ڕادەگرن و داوای منی لێدەکەن. هەر ئەو کاتە دوو هێلیکۆپتەر لە #ورمێ# وە دەنێرن کە من و هەڤاڵانم بگرن و بمانگەڕێننەوە بۆ ئێران. دکتۆر سەعید ئەحمەد بارزانی بروسکەیەک ڕەوانەی کاک
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی دەکات و لێی دەپرسێت کە چی بکەن کە ئەو دژی ڕادەستکردنی ئێمە دەوەستێت.
لە م بارەیەوە ڕەزا خالید محەمەد لە دایکبووی 1951ی گوندی ژوکسات لە شارۆچکەی فریویسکی ئەلمەزار لە ئوزبەکستان، کوڕی ڕەزا و برازای بابەکر محەمەد زوبەیر بارزانی، دوو خەباتکاری شۆڕشی 1943-1945ی بارزان و #کۆماری کوردستان# و دوو هەڤاڵی #مەلا مستەفا بارزانی# لە ڕووسیا کە ساڵی 1959 لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕاوەتەوە. بۆ کوردستان و ساڵی 1969 لە تەمەنی 18 ساڵیدا چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو کاتە کادیری ناوچە و بەرپرسی سنووری باسیان بوو، لە وتووێژێکی تایبەتدا کە دەنگی لای من (نووسەر) پارێزراوە دەڵێت:
- هاوینی ساڵی 1985 بوو. #حامید گەوهەری# لەگەڵ پێنج کەسی تر لە قوەتی بارزان لە دەشتی بەرزاگر بوون و مەقەڕی دکتۆر سەعید و خەلیفەش لە گوندی حەیات بوو. ڕۆژێک سوپای پاسدارانی ئێران دوو هێلیکۆپتەریان ناردبوو کە کاک حامید و ئەو پێنج کەسە بگرن و بیانگەڕێننەوە بۆ ئێران. پاسدارەکان مام خەلیفە محەمەدیان گرت و وتیان تا ئەوانەمان نەدەنەوە، ئێمە خەلیفە محەمەد ئازاد ناکەین. دکتۆر سەعید وەستابوو و نەیدەزانی چ بکات ناچار بوو بروسکەیەک بۆ کاک ئیدریس بکات. نزیکەی نیو کاتژمێری پێچوو وەڵامی بروسکەکە گەڕایەوە نووسیبووی: دەوری پاسدار و هێلیکۆپتەرەکان بدەن و بە پاسدارەکان بڵێن، سوار بن و بگەڕێنەوە. ئەگەر خەلیفەیان ئازاد نەکرد و نەگەڕانەوە، لێیان بدەن.
ئێمە بە کادیر و پێشمەرگە بە دۆشکە و ئارپیجی و کڵاشینکۆف دەوری پاسدارەکانماندا و وتمان ئەمرمان بۆ هاتووە، ئەگەر خەلیفە ئازاد نەکەن و نەگەڕێنەوە، لێتان دەدەین. ئەوان کە بینییان هەڕەشەکەمان جیددییە، خەلیفە محەمەدیان بەردا و سوار بوون و گەڕانەوە.
لەو کاتەدا کە هەموو ماڵ و منداڵ و بنەماڵەی بارزانییەکان لە ئێران بوون بە بڕوای من ئەگەر قاعیدێکی زۆر جەسوور نەبیت، ناتوانیت بڕیارێکی بەو جۆرەی وەکوو کاک ئیدریس بدەیت. هەر لەو بارەیەوە کاک ڕێبوار کە ئەویش یەکێک بوو لە کادیرانی ناوچە دەڵێت: ئەوەی کاک ڕەزا باسی لێوە دەکات بە تەواوەتی ڕاستە، چونکە هەموو لایەک لەناو پارتی و تەنانەت ئێرانیش بە بڕیاری کاک ئیدریس دەزانی و بۆیان ڕوون بوو کە ئەگەر ئەو بڕیارێک بدات، جێبەجێش دەکات و لێی پاشگەز نابێتەوە. هەر ئەوەش بوو کە ئێرانییەکان کە ناوی کاک ئیدریسیان بیست و بینیان ئێمە دەورمان داون، خەلیفە محەمەدیان ئازاد کرد و سواری کۆپتەریان بوون و ڕۆیشتن. [1]