=KTML_Bold=پیلانگێرییەکی نوێ لە #شەنگال# و دەشتی نەینەوا=KTML_End=
#کارزان سەباح هەورامی#
ماوەیەکە هەست بە هەبوونی پیلانێگرییەکی نوێ دەکرێت، بەتایبەت لە شەنگال و دەشتی نەینەوا، ئەوەش بەشێوەیەکی بەرنامەبۆ داڕێژراو دەکرێت، کە ئامانج لێی، گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەیە و درووستکردنی پشتێنەیەکی دەستکردی بەعەرەبکردنە بەشێوەی جیاواز، کە بەم شێوەیەیە.
دەشتی نەینەوا: ڕۆژی 5ی ئابی ئەمساڵ، گرووپی بابیلۆن به سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی، بانگەوازێکی بۆ بەشداریی کریستانەکان لە کۆلێژی پۆلیسی پەیمانگای باڵای ئەمنی و ئیدارەیی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا مەرجی داناوە کە کریستێدانییەکان خۆیان بەعەرەب ناونووس بکەن، ئەم پیلانە ئامانج لێی، لێدانە لە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە و سڕینەوەی پێکهاتەکان، له کاتێکدا ئەم هەوڵە نکۆڵیکردنە لە پێکهاتەکانی ئێراق کە بەپێی دەستوور دانیان پێدانراوە و دژی ماددەکانی 3 و 125ی دەستووری ئێراقە، ئەم هەوڵە ترسناکە وای لێ دەخوێنرێتەوە کە درووستکردنی پشتێنەیەکی دەستکرد بێت بۆ گۆڕینی ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە و پڕکردنەوەیان بەهێنانی خەڵک وەک بە کۆچبەری سیاسی هاوشێوەی هەوڵەکانی 1975ی حەویجە، جیالەوەش ئەم پیلانە بریتییە لەوەی کە ئەم گرووپانە لە ڕێگای حکوومەتی ئێراقەوە دەسەڵاتیان پێدراوە کە لە ڕێگای دامەزراندنی. خەڵکی کریستیان ناچاری فەرمانەکانیان و دواتر چاوسوکردنەوە لە خەڵک و کەسوکاریان بەوەی بەویستی خۆیان وەک یاری هەڵبژاردن بەکاریان بهێنن، ئەم پیلانگێریە جیالەوەی کە دەبێت لە ئاستی سەرۆک وەزیرانی ئێراقەوە ڕەتبکرێتەوە و هەڵوێستی ڕوون بکرێتەوە، لە هەمان کاتدا دەبێت لە ئاستی باڵای ڤاتیکان جدییانە بێنەسەرخەت و ببینن کە چۆن هەوڵی سرینەوەی شوێنەواری مەسحییەکان دەدرێت لە دەشتی نەینەوا و دەیانەوێت لەجیاتی پێکهاتە وەک جووڵانەوەی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و تێوەبگلێنرێن لە شەڕی بە وەکالەت و گرووپیە چەکدارییەکان کە هەڕەشەن لەسەر ئاساییشی ئێراق.
شەنگال و ئاوارەکان: لە پێشهاتێکی نادەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتیی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئێراق، دەستی داوەتە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی کریستیان و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین بڕیارێکی دەرکردووە کە چیتر ئاوارەکانی ناو کوردستان مامەڵەی ئاوارەبوونیان لەگەڵ ناکرێت و وەک نیشتەجێی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. له کاتێکدا ئەم نووسراوە کراوە کە 18 کەمپی ئاوارە لە کوردستان هەیە و 600 هەزار ئاوارەش نەیان توانیوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، چونکە ئەوەی پێویست بێت حکوومەتی ئێراق بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی ئەو ناوچانە و درووستکردنی کەشێکی ئارام نەیانکردووە، جیا لەوەش ئەم بڕیارە بەبێ گەڕانەوەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئامانج لێی درووستکردنی بەعەرەبکردنی نوێیە لەو ناوچانە بەتایبەت شەنگال کە دیارە دەیانەوێت لەو رێگایەوە ڕێککەوتنی شەنگال هەڵوەشێننەوە و بێ بەهای بکەن، تا دەرفەت بڕەخسێت بۆیان، کۆچبەری سیاسی لە شوێنیان دابنێنن و دیمۆگرافیای ئەو ناوچە بشێوێنن، جیا لەوەش ئەمە لە دژی دەقە دەستووریەکانە، هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی ئارەزوومەندانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی.
ئەوەی کە زۆر گرنگە کە حکوومەتی ئێراق دەبێت، وەڵامی ئەم پێشێلکارییانە بداتەوە، لەلایەک ناکرێت لە ئاستی باڵا جەخت لە هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان بکەنەوە له لایەکی دیکە خۆیان بە فەرمانی هەموو ئەمانە ڕەتبکەنەوە، هەروەها نوێنەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.
دۆخەکە ئەوە دەخوازێت دەبێت سەرجەم ئەو پێشێلکارییانە لە سنووری شەنگال و دەشتی نەینەوا بوەستێنرێت، دەستبەجێ یەکەی ئیدارەی ئەو ناوچانە ڕێکبخرێتەوە و سەرجەم ئەو ڕێکخراوە توندڕه و لادەرانەی بوونەتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەو ناوچانە دووربخرێنەوە، و ئەم ماوەی سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە دەسەڵاتە دەبێت ڕێگا نەدات ئەو پێشێلکارییانە له سەردەمی ئەو ڕوو بدات دەبێت خەڵکی ئەو ناوچانە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، نەک ناچار بکرێن بەزۆرەملێ. [1]