تازەخورماتوو دێیەکە لە تەنیشت #کەرکووک#ەوە، لە زەمانی عوسمانییەکانا، لە سەردەمی غەزا غەزاکەدا «یوز باشی» یەک ئەچێتە ئەوێ بە چەند زەفتیەیەکەوە خەڵکەکە کۆ ئەکاتەوە. پێیان ئەڵێ: ئەوا غەزایە و بۆ ئیسلامە. سوڵتان ئەمری فەرمووە ئەبێ هەموو موسڵمانێک بچێت بۆ غەزا. پێشی کافرەکان بگیرێت و هەموویان سەر ببڕن. ئەمە بۆ بەرزبوونەوەی ئیسلام گەورەترین شتە و هەر کەسەش لە ڕۆژی قیامەتا تۆڵەی چاکەی خۆی وەرئەگریتەوە.
خەڵکەکە هەموو گوێیان لەم قسەیە بوو، سێ چوارێ لە ڕیشسپییەکانیان وتیان: جەنابی یوز باشی دەرفەتمان بدەرێ سبەینێ وڵامت ئەدەینەوە. یوز باشی وتی: باشە. لە سبەینێدا ڕیشسپی و دەمڕاستەکان هەموو تەگبیریان کردە یەک و چوونەوە بۆ لای یوز باشی و وتیان: جەنابی یوز باشی! خۆت ئەزانی ئێستا وەختی حاسڵات و کاسبی و دەغڵ و دان هەڵگرتنە. ئێمە بۆمان ڕێناکەوێ بچین بۆ ئەو وڵاتی کافرانە. بەشی خۆمانمان بۆ بنێرن ئێمە خۆمان لێرە بە ئامان و زامان سەریان ئەبڕین و بۆ متمانەش چەند کەسمان بەر ئەکەوێ بۆ سەر بڕین، ئەوەنە کەللەسەر ئەنێرینەوە بۆ جەنابی سوڵتان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=