3 ساڵ لە دەستپێکی ڕاپەڕینی ژینا تێپەڕ دەبێ. ئەو ڕاپەڕینەی کە رۆژی 26ی خەرمانان رێکەوتی 17ی سێپتامبری 2022 سات و دەمی ناشتنی
ژینا ئەمینیژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز بە سروودی ئەی ڕەقیب و دروشمی داگیرکەری ئێرانیی قاتڵی ژینامانی چەخماخەی لێدرا و بە دروشمی ژن ژیان ئازادیی، کوردستانی تەنییەوە. راپەڕینی ژینا، تەقینەوەی رقی پیرۆزی نەتەوەیەک بوو کە لە بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوەی فارسەوە لە دۆخی کۆلۆنیدا لە لایان ڕێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییەوە تووشی ژینۆساید، زمانکوژی، کوشتاری بە کۆمەڵ،ئاسیمیلاسیۆن، تاڵانی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ژینگەی نیشتمانەکەی هاتبوو. هاوکات وەدەنگ هاتن و خاوەندارێتیی بوو لە خوێنی لاوی بێتاوانی خۆی ژینا ئەمینی.
راپەڕینی ژینا دەنگی ڕزگاریی کوردستانی لە قەڵای چاریە و دمدمەوە بە بنارەکانی داڵاهۆ و سنبران و زەردکێوی لوڕستانات و بەختیاریی بەستەوە.هەروەها پەڕییەوە بۆ خاکی نەتەوەکانی دیکە و بەلووچستان بە خۆڕاگریی و قوربانییدانەوە درێژەی پێدا.
ڕاپەڕینی ژینا لە دایکبوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و جیلوەی گوێزانەوەی نەریتی تێکۆشان لە نەوەکانی پێشووەوە بۆ نەوەی نوێی کوردستان بوو. نەوەیەک کە خەم و خەونە مێژووییەکانی لەگەڵ بەها و بایەخ و نۆرەمەکانی ژیانی سەردەم متۆربە کردووە. راپەڕینی ژینا گۆرەپانی بەشداریی ناهێژموونیک، فرەچەشن و ئاسۆیی هەموو کەرت و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی نیشتمان بوو لە پێناو دەرچوون لە دۆخی داگیرکراویی .دەوری پێشەنگانەی ژنانی کوردستان لەم راپەڕینەدا دەرخەری گەشەی هۆشیاریی نەتەوەیی و هزر و ئاوەز و کولتووری دادپەروەریی و دیمۆکراتیی و مرۆڤ سالاری و یەکسانخوازیی لە هەناوی کۆمەڵگای کوردستاندا بوو.
راپەڕینی ژینا، هەروەها رێنێسانسی سیاسی نەتەوە بندەستەکان بوو. شەپۆلەکانی ڕاپەڕینی ژینا نەک هەر رژیم و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی تووشی گەورەترین قەیرانی 44 ساڵەی پێشوو کردبوو، بەڵکوو زیاتر لەوەش بناغەکانی دەوڵەت-نەتەوەی فارسی کە لەسەر بنەمای سڕینەوە و حاشاکردن لەو نەتەوانە دامەزراوە، هێنایە لەرزین.
راپەڕینی ژینا، ئەگەر چی نەبووە جێی پشتیوانیی شیاوی نێودەوڵەتیی، بەڵام کەوتە بەر سەرنج و ڕامانی جیهانیی و بە ڕادەیەکی زۆر ئاسۆی کۆماری ئیسلامیی لێڵ کرد و تێچووی پێوەندیی و پشتگیریی لەو رێژیمەی، هەڵکشاند. هەروەها فرەنەتەوەیی بوونی ئێرانی لەبەرچاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، زەق کردەوە و بواری بۆ ئەوە خۆش کرد کە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ناسنامە نافەرمی و پەڕاوێزخراوەکان لە دەوڵەتی ئێران ببیندرێن.
راپەڕینی ژینا ئەگەر لە پانتایی جوغرافیای ئێران دا، هاوتەریبیی تێکۆشانی لە نێوان نەتەوەکاندا پێکهێنا، بەڵام لە ئاستی سیاسیدا، گرووپە فاشیستییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی فارس، چ بە هەڵوێست و پلانی سیاسی و چ بە وانواندنەوەی دڵخوازانەی دیمەنەکانی ڕاپەڕین و سانسۆری ئاشکرای دروشمە نەتەوەییەکانی نەتەوە بندەستەکان،حەولێکی چڕ و پڕیان دا کە بنەماکانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران لە شەپۆلەکانی ڕاپەرین بپارێزن و سەرەنجامی ڕاپەڕین تەنیا دەستاودەستکردنی تاقمێک لە گەڵ تاقمێکی دیکە و نۆژەنکردنەوەی دەوڵەتی ڕەزا خانیی بێت.
هەڵوێست و رەفتاری ئەو گرووپ و تاقمانە، ئەزموون و وانەی عیبرەت و فێربوونن کە نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە، نابێ خەبات و تێکۆشانیان ببێتە پردی پەڕینەوەی ئەو گرووپانە بۆ سەر تەختی دەسەڵات و نۆژەنکردنەوەی ئەو دەوڵەتەی سەت ساڵە هەموو جۆرەکانی مەرگ و چەوسانەوە و تاڵانی بەسەردا تاقیی کردوونەتەوە. بە وتەیەکی دیکە، ئازادیی نەتەوە بندەستەکان و وەدەستهێنانی مافی نەتەوەییان،تەنیا لە گرەوی رووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا نییە، بەڵکوو بەندە بە گۆڕانی هاوکێشەی سەروەریی لە کوردستان و کۆتاییهاتنی داگیرکاریی.
لە کاتێکدا ڕۆڵەکانی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە داگیرکەرەکاندا، لە هیچ فیداکارییەک خۆیان نەبوارد، نەبوونی بەرە یان هاوپەیمانییەکی بنکە فراوانی کوردستانی، بۆشاییەکی گەورە بوو.هەروەها سەنگی سیاسەتی کوردستانی لە حاست ئالترناتیوەکانی دیکە لاواز کردبوو. ئەو بۆشاییە وای کرد کە کوردستان سەرەڕای ئەوەی مەکۆی دەستپێکی ڕاپەڕین بوو، نەتوانێ ببێتە تەوەری هاوپەیمانییەک لە نێوان نەتەوە بندەستەکانی ئێران دا. لە ئاستی نێونەتەوەیی و بەستێنی دیپلۆماسییشدا سیاسەتی کوردستانی بە بەژنی ڕاپەڕینی ژینا نەبوو.
سەرەڕای ئەوەی راپەڕینی ژینا بەو هۆکارانە و هێندێک هۆکاری دیکە دامرکایەوە، بەڵام هەموو ئەو فاکتەرانەی راپەڕینیان لێکەوتەوە لەجێی خۆیان ماون.پۆلووەکانی ڕاپەرینی ژینا بە گەرمیی ماونەتەوە و بە شنەبایەک دەگەشێنەوە و سەر لە نوێ گڕ دەگرن و بڵێسە دەستێننەوە.
سێهەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەرینی ژینا لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریی و پڕۆسەی گەیشتن بە سیستەمێکی نوێ دایە کە کۆماری ئیسلامی دەخاتە دووڕێیانی تەسلیم یان شەڕێکی دۆڕاو. ئاوێتەبوونی شەپۆلەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لە گەڵ ویست و تێکۆشانی لە مێژینەی کورد،دەرفەت و بارودۆخێک دەخوڵقێنێ کە بە چێ کردنی بەرە یان هاوپەیمانییەکی کوردستانیی لە سەر بنەمای ستراتیژی و پڕۆژەی نەتەوەیی ،کۆتایی بە دۆخی داگیرکراویی کوردستان دێت.
لە ساڵوەگەڕی ئەو ڕاپەڕینە مێژووییەدا،سڵاو دەنێرین بۆ رۆڵە بوێرەکانی نەتەوە کۆڵنەدەرەکەمان کە بەو ڕاپەڕینە مێژوویەکی دیکە لە تێکۆشان لە پێناو ئازادییان خوڵقاند.هەروەها سەری رێز لە حاست شەهیدانی راپەڕین دادەنوێنین.هیوادارین یادی گیانبازییەکان و یاد و ناوی شەهیدەکانی ڕاپەڕین هاندەری کوردستانیان بێت بۆ گوڕوتیندان بە تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان .
#پارتی ئازادیی کوردستان#- PAK
24ی خەرمانانی 2725ک [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!