هەرێم/ بەشی کوردستان: #باشووری کوردستان#، (ناوچەی جێناکۆک)
شار / پارێزگا: دیالە
شارۆچکە: بەلەدروز
شارەدێ: #مەندەلی#
ژمارەی دانیشتووان: 6074
زمان/ زاراوە: کوردی (کەڵھوڕی)، عەرەبی، تورکمانی
مەندەلی (بە عەرەبی: مندلی، بە کوردی کورمانجی: Mendelî) شارەدێیەکی ھەرێمی کوردستانە سەربە شارۆچکەی بەلەدروزە لە پارێزگای دیالە، نزیکە لە سنووری #ڕۆژھەڵاتی کوردستان#، زۆرینەی شاری مەندەلی لە کوردە فەیلییەکانن، شیعە مەزھەبن و کەمینەی عەرەبە.
مەندەلی لە چوار ناوچە پێکھاتووە (قەڵای باڵی و بویاقی و بازاڕی گەورە و بازاڕی بچووک)، مەندەلی لە گەشەکردندا وەستاوە بەھۆی پشتگوێ خستنی بەھۆی شەڕی ئێران و ئێراق و کەمی ئاو لە ناوچەکەدا، شارەکە لەژێر ھەڕەشەی بە عەرەبکردن (التعریب) دایە.
لە چوارچێوەی سیاسەتی بە عەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچە کوردستانییەکان بۆ مەبەستی سیاسی و تایفی و نەتەوەیی، لەسەر ڕێنوێنیی تەها یاسین ڕەمەزان، سەرۆکی لیژنەی کاروباری باکوور، مەندەلی لە شارۆچکەوە کرایە شارەدێ، لەناو ڕاگواستنی پێکهاتەی کورد و دەستگرتن بەسەر موڵکوماڵ و زەوی و زاریان.
$مێژوو$
ناوی پێشووی مەندەلی بریتی بوو لە (بێندینک)، کە پایتەختی میرنشینی کوردی عەننازی بوو.
کورد لە ساڵی 1947 دا 50٪ی دانیشتووانەکەی پێکھێناوە و زۆرینەیان بە درێژایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بووە. دوای ڕووخانی بزووتنەوەی کورد لە ساڵی 1975، نزیکەی 4 ھەزار بنەماڵەی کورد لە شارۆچکەکە ڕاگوێزراون یان ھەڵاتوون.
لە ماوەی مانگی ئەیلولی 1980ی جەنگی ئێران و ئێراقدا، شارۆچکەکە و گوندەکانی دیکەی نزیک لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە ھێرشیان کرایە سەر.
ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە ساڵی 1977دا (25656) کەس بووە بەڵام لە ساڵی 1987دا بۆ (8092) کەس کەمیکردووە. بە فەرمانێکی کۆماری لە ساڵی 1987 شارۆچکەی بەلەدروزی دامەزراند کە مەندەلی بووە شارەدێی.
$دانیشتووان$
زۆرینەی دانیشتووانی مەندەلی لە فەیلییەکانن و کەمینەی عەرەبە و کەمێک تورکمان تێدایە و جووش ھەبوون لەم شارەدا بەڵام کۆچیان کردووە و بۆ ئیسرائیل.
بەڵام سیاسەتی عەرەباندن و دیمۆگرافیای ئەم شارەدێیە گۆڕیوە و عەرەبێکی زۆر ھاتووەتە ئەم شارەدێیە. بەپێی سەرژمێری ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە (40٫000) کەس بووە.
ھەروەھا بەپێی سەرژمێری ساڵی 1965 ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارەدێیە (10٫951) کەس بووە.
$کشتوکاڵ$
باخە خورماکانی ئەم شارە باشترین جۆری خورمایان بەرھەم ئەھێنا، تا ئەو کاتەی بەنداو لەسەر ڕووباری کنکیر درووستکرا لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لە سەردەمی شای ئێران ئیتر ئاوی ئەم ڕووبارە تەواو کەمی کرد و بووەتە هۆی وشکبوونی زۆرینەی باخە خورماکان و بەو ھۆیەشەوە زۆربەی جوتیارەکان کۆچیان کرد، ھەروەھا لە ساڵی 1982 زاینییەوە ئەم شارە بووە ھێڵی پێشەوەی سوپای ئێراقی لە شەڕی ئێراق و ئێراندا و بووە ھۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی شارەکە بۆ بەلەدروز و بەعقوبە و #بەغدا#، ھەروەھا ئەم شارە لە قەزاوە کرابە شارەدێ، و بە کۆنترین شارەدێی ئێراق ناسراوە. [1]