(نوێگەری تاقانە لە بیری ئایینیی و کۆمەڵایەتییدا)
نووسینی:
ڕامیار مەحمودڕامیار مەحمود
=KTML_Bold=“ئێوە لەسەر ئەو پارە هیچەی ئەمڕۆ لە ئاکرێ دەستتان کەوتووە، وا بچن بە گژ یەکتریدا، ئەدی ئەگەر گەنجینەی موسڵتان دەستکەوێ چی دەکەن؟”=KTML_End=
– وتەی خودانی بارزان بۆ هێزی هۆزەکان لە گرتنی ئاکرێ دا
=KTML_Bold=“ڕەنگە بارزان تاکە دێیەک بێت لە کوردستان و جیهانیشدا پەرستاگای ئایینیی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە (ئیسلام و مەسیحی و جوو) بە تەنیشت یەکەوە بن تێیدا.”=KTML_End=
شێخ ئەحمەد خودانی بارزان کوڕەزای شێخ عەبدولسەلامی یەکەمە. مەولانا خالیدی نەقشبەندی کە سەری لەتەکییەی بارزان داوە؛ شێخ عەبدولسەلامی کردووە بە خەلیفەی خۆی. شێخ عەبدولسەلامی یەکەم ساڵی 1872 کۆچی دوایی کرد. شێخ محەمەدی کوڕی، شێخایەتی وەرگرت. لە سەردەمی شێخ محەمەددا تەکییەی بارزان بوو پەناگەی زۆرلێکراوان و لێقەوماوانی هۆزەکانی دەوروپشتی بارزان. ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی سەرۆکهۆزەکان سکاڵایان لە شێخ محەمەد کرد لای کاربەدەستانی عوسمانی و بەو هۆیەوە دووریان خستەوە بۆ شاری بەتلیس لە باکووری کوردستان. پاش گەڕانەوەی زۆر نەژیا و ساڵی 1903 کۆچی دوایی کرد و پێنج کوڕی لە پاش جێما ئەوانیش: (شێخ عەبدولسەلامی دووەم، شێخ ئەحمەد خودانی بارزان، محمەد سدیق، بابۆ، مەلا مستەفا). شێخ عەبدولسەلامی دووەم گۆڕانکاریی گەورە دەهێنێتە ئاراوە و ئەم گۆڕانکارییانە جێگیر دەکات، کە دەتوانین لە چەند تەوەرێکی کورتدا دەستنیشانی بکەین.
لە هۆزایەتی خستنی مەڵبەندەکە: واتە مەڵبەندی مێرگەسۆری لە هۆزایەتی خست، کە پێک هاتبوو لە مێرگەسۆر، بارزان، شێروان. فیدراسیۆنێکی گەورەتر جێگای گرتەوە لە هۆزی شێروانی، دۆڵەمەڕیی، بەڕۆژی، مزووری، نزاری، گەردی و هەرکیبنەجێ. ناوی بارزانی هەموو ئەمانەی گرتەوە و وەرچەرخانە سەر پەیوەندییەکی نادەرەبەگی. ئەم وەرچەرخانە بیروباوەڕییە. واتە کردەی لە هۆزایەتی کەوتن.
ئەم بیرۆکەی بارزانیبوونە سەری کێشا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەرەبەگی و، قۆناغی شێخایەتی نادەرەبەگی هێنایە ئاراوە بەهۆی: هەڵوەشاندنەوەی موڵکداریەتیی و نەهێشتنی مارەیی و بەشوودانی بەزۆر، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی یەکسانیی).
سەربارکردنی بارزانییەکان بە بیرۆکەی سیاسیی نەتەوە و کوردبوون، کە بەرهەمی پەیوەندییەکانی بوو بە (کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد) و (کۆمەڵەی هێڤی) و (کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد). هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید و شێخ عەبدولقادری نەهری و سمایل ئاغای شکاک. پاشان لە بەهاری 1907 لەگەڵ سەردارانی ئەودەمی کورد کۆبووەوە و خۆی لەبری هەمووان مۆری تەلەگرافی کرد بۆ (بابی عالی) لە ئەستەنبوڵ بۆ داواکاری مافی کورد. هەر لەسەر ئەمەش دووچاری دەربەردەری و شەڕوشۆڕ هات و لە کۆتاییدا عوسمانییەکان لە 1914 لە سێدارەیاندا لە موسڵ. هەر ئەو کاتە شێخ ئەحمەدی برای لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بوو، پێشەوایەتی وەرگرت.
خودانی بارزان میرایەتییەکی قورسی بەسەردا کەوت. هەم میراتی ئایینیی و هەم میراتی کۆمەڵایەتی و هەم میراتی سیاسی. وەک ئاماژەمان پێ کرد: لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەمی برایدا حەفت عەشیرەت وازیان لە پەیوەستەگی عەشیرەتی خۆیان هێنا، میللەتی بارزانیان پێکهێنا. هەر لە لابردنی زۆرداری دەرەبەگی و نەهێشتنی چەوساندنەوەی ئافرەت لە ڕێی هەڵوەشاندنەوەی ژنبەژن و بەزۆر بەشودان و کولتووری ژینگەپارێزی، پاشان ساڵی 1918 ناوچەکە کەوتە بەر پەلاماری دەرەبەگ و ئاغاکانی دەوروبەر؛ هەمیش بۆشاییەک هەبوو لەتەکییەی بارزان. ئیتر شێخ ئەحمەد بەگەنجیی تەکییەی بارزانی ئاوەدانکردەوە و بوژانەوەیەکی دایەوە بە ناوچەکە و ئازادییەکانی براگەورەکەی فروانتر کرد لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینیی و کولتوورییەوە. ڕەنگە بارزان تاکە دێیەک بێت لە کوردستان و جیهانیشدا پەرستاگای ئایینی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە (ئیسلام و مەسیحی و جوو) بە تەنیشت یەکەوەبن تێیدا.
ڕۆژانی چەرمەسەری و پرسی کورد:
شێخ ئەحمەدی بارزان نامەی بۆ سەرۆک هۆزەکان نارد بۆ ئەوەی پشتیوانی شۆڕشی شێخ مەحموود بکەن. ژمارەیەک چەکداریشی بە سەرۆکایەتی برا بچوکەکەی مەلا مستەفا بەهەشتیی نارد بۆ سلێمانی بۆ دژایەتی ئیمپریالیزمی بەڕیتانی. بەڕیتانییەکان بەهۆی ئەمە سزا و تۆڵەیان بەسەر ناوچە و خەڵکەکەیدا سەپاند. گاهێ ئاشورییەکانیان لێ هاندان و سەرکەوتوو نەبوون. گاهێ هۆزەکانی دەوروبەریش. لە #04-11-1919# شێخ ئەحمەد لەگەڵ سەرۆکهۆزەکانی تر ڕێکەوت کەمینیان بۆ (کۆڵۆنێل بێڵ) حاکمی موسڵ و (کاپتن سکۆت)ی حاکمی ئاکرێ دانا و کوشتیان. پەیوەندی شێخ ئەحمەد بە شێخە نیشتمانپەروەکانی کوردستانی باکوورەوە ئەوەندەی تر ئینگلیزی نیگەران کرد. لە 1931 بەریتانیا فەوجێکی ناردە بلە. ئەگەر مەبەست ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بووایە، شێخ ئەحمەد بەم کارە ڕازی بوو. پاشان لە ڕێگای فڕۆکە و هێزی وشکانییەوە پەلاماری بارزانیان دا و شکان. لە #12-01-1932# ئەنجوومەنی وەزیران لە ئێراق بڕیاری پەلامارێکی بەربڵاویان دا بۆ سەر بارزان. هێزێکی زۆریان ئامادە کرد و وەزارەتی ناوخۆ لە#10-03-1932# پەیامێکی وریاکردنەوەی بۆ شیخ ئەحمەدی بارزان نارد، کە تا 14/3 لە بەردەم قایمقامی زێبار ئامادە بێت بۆ بەرفەرمانبوونیی. حاکمی ئینگلیزیش وریاکردنەوەیەکی نارد. شێخ ئەحمەد پەیامەکەی دایە دواوە، چونکە دەیزانی دەگیرێت. دوو لە براکانی کەوتنە ڕێکخستی هێز. لە پاش شەڕێکی نابەرانبەر لەگەڵ ئینگلیز و سوپا، بەرەنگاری گەورەیان نیشاندا و هەر لەو شەڕەدا برا بچوکەکەی، کە مەلا مسەفای بارزانە، بەدیار کەوت. شیخ ئەحمەد دەیزانی ئەم شەڕە نابەرانبەرە تا سەر ناکرێت. لە 10-06-1932 شێخ ئەحمەد ناچار بڕیاری کۆچکردنی دا. فەرمانی دا کە ژمارەیەک خێزان بچنە خاکی تورکیا و ئەو خێزانانەی مەترسییان لەسەر نییە بگەڕێنەوە زێدەکانیان و هێزێکیش لە گوندەکانی گەردییان بمێننەوە لە سەرسنوور. کاتێک 22/6 شێخ ئەحمەد چووە خاکی تورکیا، تورکیا لە وان خێزانەکانیان لێ دابڕاند و خێزانی شێخ ئەحمەد و براکانی بەرەو ئەرزەڕووم نێردران و خۆیشی بۆ ئەنقەرە. بەهاری ساڵی 1933 حکوومەتی تورک شێخ ئەحمەدی دایەوە دەست حکومەتی ئێراق لە ڕێگای زاخۆوە. ئیدی برا و موریدەکانی بەو هۆیەوە بەپەلە گەڕانەوە بارزان. لە 1936 مەلا مستەفای برا بچووکی لەلایەن موتەسەڕیفی موسڵەوە دەرمانخوارد کرا، دواتر ڕاگوێزران بۆ بەغدا. شێخ ئەحمەد ئەو ساڵە هاتوچۆی لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید هەبوو ئەویش هەمان ساڵ دوورخراپووەوە بۆ بەغدا. لە 1939حکومەت شێخ ئەحمەد و خێزانەکەی گواستەوە بۆ ئاڵتوون کۆپری و کفری و پاشان بۆ سلێمانی.
مەسعود بارزانی دەڵی: لە سلێمانی بارودۆخیان باشتر بوو چونکە هەواکەی سازگار بوو. ئەمەش ڕاستی تێدایە دەڤەری بارزان ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە سێگۆشەی وڵاتی تورکیا و ئێراق و ئێران و 261 گوند لە خۆی دەگرێت و لە حەوت هۆز پێک دێن. لەسەر دەستی شێخ عەبدولسەلام بارزانی هاتنە کوم کرن و ل ژێر ئێک چەترێ هاتنە خرڤەکردن بناڤێ (میللەتێ بارزان). ئەم کۆمەڵە کوێستاننیشینانە وەک مەعرووف چیاوک ئاماژەی بۆ کردووە بەهۆی ڕاگواستنەوە چوار ساڵیان لە ناسڕییە بردە سەر، دواتر بۆ حیللە، دیوانییە، کەرکووک و ئاڵتوون کۆپری؛ پاشانیش بۆ سلێمانی. سەرباری هەوا سازگارەکەی سلێمانی لە ژیانێکی دژواردا دەژیان و حکوومەت سیاسەتی برسیکردنی بەرانبەریان گرتبووەبەر. موتەسەڕیفی ئەو کاتی سلێمانیش ڕێگەی بە خەڵک نەدەدا هاوکارییان بکەن و هاتوچۆی لە خەڵک قەدەغە کردبوو بۆ لایان. مەعرووف چیاوک دەڵێت پرسیاری لە خودان کرد لەسەر هەڵهاتنی مەلا مستەفا، ئەویش وتی: ئەو لاوێکە ناتوانێت سووکایەتی قەبووڵ بکا. ئیتر بەمشێوەیە دووچاری لە ژینگەڕاماڵین کران. ئەم ئازارە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە شاڵاوی (بێهێڤیکردن)ی سەرەتای هەشتاکاندا (کە بەهەڵە پێی دەوترێت ئەنفال) لە وێنە و کاری دەستی مردووان و ڕزگاربووانی قڕکردنی بارزانییەکاندا لە سەرەتای هەشتاکانی بەعسدا. بارزانییەکان تا ساڵی 1943 لە سلێمانی مانەوە و مستەفا بارزانی برا بچووکی لەو ساڵەدا بە هاوکاری کۆمەڵەی هیوا لە سلێمانی دەرباز بوو و چووە دیوی ئێران. پاشان دەستی بە هێز کۆکردنەوە کرد و لە سەردەمی نووری سەعیددا لە ئەنجامی وتووێژ، شێخ ئەحمەد و هەموو دوورخراوە بارزانییەکان گەڕانەوە زێدی خۆیان.
سرووشتی شێخایەتی بارزان (خودان و میللەت):
لە بیروباوەڕی بارزانییەکاندا شێخەکان پێگەیەکی پیرۆزیان هەیە، ئەمە تایبەتمەندی هاوبەشی هەموو شیخایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، بەڵام پێگەی پیرۆزی خودان شێخ ئەحمەدی بارزان جیاواز و مەزنتر بوو بە بەراورد بە هەموو شێخەکانی بارزان. هیچ کاتێک بارزانییەکان بەو ئەندازەیە شێوەژیانی توندوتۆڵ و تۆکمەیان بە خۆیانەوە نەدیبو وەک سەردەمی شێخ ئەحمەد. سەرباری ئەوەش خاڵی هەرە بەهێز لەناو بیروباوەڕی بارزانییدا: تێکهەڵنەکێشکردنی دەسەڵاتی ئایینی و سامانی مادییە. ئەم جوتکردنەی دەسەڵاتی ماددی و ئایینیی بەردەوام بوونی هەبووە لە تەریقەتی قادری سلێمانی و تاڵەبانی و کەسنەزانیدا و هەم بوونی هەبووە لە نەقشبەندی نەهری و بیارەشدا؛ کە وای کردووە دەرەبەگایەتی ڕووخسارێکی ئایینیی هەبێت. ئەمە تەنیا لە شیخایەتی بارزاندا نابینرێت کە وای کردووە شیخایەتییەکی نادەرەبەگی هەبێت و پەیڕەوکاران بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە پابەندی بیروباوەڕەکە بن. واتە بارزانییەکان لەدایکبوو و بەرهەمی بیروباوەڕن، هەر ئەو بیروباوەڕانەی ئاماژەمان بۆ کردن بوون بە هەوێنی یەکگرتنی هەر حەفت هۆزەکە لەژێر ناوی میللەتی بارزاندا، کە خۆی لە پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی ئایینەکاندا دەبینییەوە. هەروەها هەڵگرتنی ستەمی کۆمەڵایەتی سەر ژنان و کچان و یەکسانکردنیان و، سەرباری ئەوەش کولتووری ژینگە و سرووشتپارێزیی. خەڵکەکە وازیان لە پەیوەستی هۆزایەتییان هێنا و میللەتی بارزانیان درووستکرد. سەرۆ قادر لە پەرتووکی مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژە بە تایبەتمەندیی هاوبەشی نێوان بزووتنەوەی هەقە و بارزانییەکان دەکات لەسەر ئەو بنەمایەی کە: هەردووک شێخەکانیان تەریقەتیان لە مەولانا خالیدی نەقشبەندی وەرگرتووە. ئەگەرچی بزووتنەوەی هەقە و شێخەکانیان لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەهائوڵڵا دا بوون. بە ڕای نووسەر دەشێت ئەو کاتەی شێخ محەمەدی بارزان لە کۆیە خوێندوویەتی هاوکاتی سەردەمێک بووە کە بزووتنەوەی نەقشبەندی لە سلێمانی و بوونی بەهائوڵڵا لە سەرگەڵوو، بابەتی گفتوگۆی گەرم بووە لە سەرگەڵوو و سلێمانی و کۆیە. دەشێت شێخ محەمەد لەو گفتوگۆیانە بەشدار بووبێت و کاریگەریی لەسەر جێکەوتە کردبێت. نووسەری کتیبەکە سەرباری وردەکارییەکی زۆر لە کۆتاییدا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پابەندی سیاسی خۆیەوە و بابەتە ڕۆحییەکە، کە سەرەکییە وەها وێنا دەکات ئێستا بووە بەو چوارچێوە سیاسییەی کە هەیە و هیچی تر.
سەردەمی خودان شێخ ئەحمەدی بارزان سەردەمی زێڕینی تەکییەی بارزان و بیروباوەڕەکەیە. هەم تەکییەی بارزانی ئاوەدانکردەوە هەم ئازادیی و یەکسانییەکەی بەرفروانکرد؛ موسڵمان و مەسیح و جوو لە ئەرک و مافدا یەکسانکران. خودانی بارزان لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەی کە بۆ خەڵکی دەڤەری بارزان هەیبوو، هەمیشە داکۆکی لەسەر سێ خاڵ دەکرد. یەکەمیان ئەوە بوو داوای لە خەڵکەکە دەکرد کە لەناو خۆیاندا یەکگرتوو بن.
دووەمیشیان، ئەوە بوو کە ڕەزامەندی خودای مەزن بەدەست بهێنن و لە دونیا و ئاخیرەتیشدا سەربەرز بن.
سێیەمیشیان، ئەوە بوو دەیوت لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراودا هەمیشە لەگەڵ ستەملێکرا و بن. ئەوەی جێگەی سەرنجە (مەعرووف حەسەن بارزانیی) پرسی خۆمانیفێستکردنی بارزانییەکانی لە وێنەی گرووپێکی ناسیۆنالیستدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ڕیفۆرم و گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی بەسەریاندا هاتووە، کە پێشتر خستمانە ڕوو. ئەوە ڕاستە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هیچ گرووپێک بەو ئەندازەیە وەرچەرخانی چلۆنایەتی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام ئەمە بەڵگەی تەواو نییە لەسەر وەرچەرخانی هێمایانەی خێڵ بۆ پرسی نەتەوە.
لە 11-01-1969 دا شێخ ئەحمەد (خودانی بارزان) وەفاتی کرد. ئەمە بۆ بارزانییەکان خەمێکی مەزن و کارەساتبار و لەبیرنەکراوە، بەڵام ئێستایشی لەسەر بێت، ئەگەر نەڵێین بۆ هەموو داهاتووش، بارزانییەکان لە ڕووی ڕۆحیەوە هەر گازی ناڤی خودان دەکەن و پەیامی ڕۆحییان هەر لەو وەردەگرن.
ڕەشەمێی 2721
بۆ نووسینی ئەم پۆرترێتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
– مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم.
– سەرۆ قادر، بارزان و مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان، خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، 2020
– مێژوویا کارگێڕی ل دەڤەرا بارزان، 1878-2020، بەرهەڤکرن-غەفور ئەحمەد مەلا سوار و حازم محەمەد بلەیی
– جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە سەدەی بیستەمدا، ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، ساڵی چاپ2011
– فەرید ئەسەسەرد، ڕیشەی بیروباوەڕی بارزانییەکان، مەڵبەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، چاپی دووەم2012
https://kurdrawm.com/portrait/2348/
– شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مۆدێرنە، مەعرووف حەسەن بارزانی
– خێڵی ناسیۆنالیست، مەعرووف حەسەن بارزانی
– چەند قسەیەک لەسەر بارزانییەکان، مەعرووف حەسەن بارزانی
– میللەتی بارزان کێن و بۆ پێیان دەوترێت میللەتی بارزان، سیامەند سێلکی
– له یادی پادشای عەدالەت و مرۆڤ دۆستیدا، سیامند سێلکی. [1]