مەلا ئەوڕەحمانی تایشەیی گێڕایەوە وتی:
لەم ئاخرەدا لەو دەشتی گەرمیانە لە خێڵێکا وەعزم ئەدا، لەو وەعزەکەدا وتم کتێب ئەفەرموێ: کاتێ کە خوای تەعالا کردییە سەر ئیزڕائیل کە گیانی خەڵکی بکێشی و ئەو ئیشەی بەو سپارد، حەزرەتی ئیزڕائیل وتی: بینایی چاوان! ئەم ئیشە بۆ من زۆر گرانە و لە ئاﮪ و نزولەی ئەو عالمە چۆن دەرئەچم کە ناوم بەسەر زمانی هەموو کەسێکەوە بێت؟ ئەم ئەرکە بە من هەڵناگیرێ. خوای، تەعالاش فەرمووی: یا ئیزڕائیل تۆ بچۆ ئیشی خۆت بکە، کەس ناوی تۆ ناهێنێ، یەکێک ئەڵێ لە سەربان کەوتە خوارەوە و مرد، یەکێک ئەڵێ لە وڵاخ گلا و مرد. هەر یەکە شتێکی بۆ ئەڵێن، کەس بەلای تۆدا ناچێ و ناوت ناهێنن.
وتی: حاجی محەمەدێکی شاتری هەبوو لە وەعزەکەدا دانیشتبوو هەڵی دایە وتی: ئەرێ مەلا! خوا وە قوروانی وم ئەو وەختە لەبیری نەبوو باسی ئۆتۆمۆبێل و تەیارەش بکا؟ چاوت لێیە حاجی شەریفی سەعاتچی، ئەو پیاوە نوورانییە و مەلا عەلی لەیلان، ئەو پیاوە دەم وە قورحانە چۆن وە ئۆتۆمۆبێل و تەیارە ڕۆیشتن؟ ئەویان بەر ئۆتۆمۆبێل کەوت و ئەمیان لە تەیارە کەوتە خوارەوە و بەو جۆرە سەریان تیا چوو، دەسا مەلا هەرچی ئێژیت گشتی هەر ئەو ئیزڕائیلە بێ فەڕەس! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=