ڕاوەبەرازی دوانزە سوارە لە #شارەزوور#
لە پەرتووکی: #دوانزە سوارەی مەریوان#
بەرهەمی: #پیرەمێرد#
بەیانی پێش بانگ، ئەکرەم کە لە دیوەخانی سەلیم بەگدا نووستبوو، ئەو شەوە لە خۆشی ئەوەی کە لەتەک سەلیم بەگدا دەچن بۆ ڕاوەبەراز خەوی لێ نەکەوتبوو.
دێنە دەرێ بۆ ئەوەی بزانێت شەو چ وەختە، دەبینێ وا کۆ و تەرازوو لەسەر گردی دارگۆیژەکەوە گوێیان کێشاوە و مەلایش خۆی لێ ئامادە کردووە سەڵا بکا.
ئەکرەم دێ دەرگا بکاتەوە کە بچێ بۆ مزگەوت، سەلیم بەگ خەبەری دەبێتەوە: دەپرسێ ئەوە کێ بوو دەرگای کردەوە؟ ئەڵێ: میوانەکە بوو. ئیتر سەلیم بەگ نانوێتەوە و دێتە دەرێ بانگی مەیتەر ئەکا. ئەڵێ: ئەسپەکەی خۆمم بۆ زین بکەن و ڕێشانیش کە زۆر هێمنە بۆ ئەکرەمی ئامادە بکەن نەوەکوو زۆر سواریی نەکردبێت با سواری ڕێشان بێ. و وتی: ئەو پیاوە پیرەش هەتا من دێمەوە خزمەت و چاودێرییەکی باشی بکەن.
سەلیم بەگ ئەچێ دەسنوێژ ئەشوا، تا لە نوێژ دەبنەوە. ئەکرەمیش دێتەوە دە سوارەکەی کەش بە سواری لەبەر دەرگا ئەوەستن. هەموو ناوی خوای لێ ئەهێنن و سوار دەبن.
سەلیم بەگ بە هەر لایەکدا چووبێ، تەپڵی تایبەتیی خۆی بووە، بەڵام ئەو ڕۆژە دەڵێت تەپڵ لێ مەدەن تا لە شار دەچێتە دەر نەوەک پاشا ئاگای لێ بێ کەوا ئەڕۆین.
هەموو لەسەرخۆ دەکەونە ڕێگە و لە پرد ئەپەڕێنەوە و ڕوو دەکەنە قەیماسە. دەمە دەمی چێشتەنگاو لەسەر سەدەکەی سەراو، سووکە قاوەڵتییەک دەکەن و بەڕێ دەکەون و لە سەرچاوەی قوماش ڕادەوەستن. جوامێر ئاغا ڕەتی سواران دادەمەزرێنێ و زوڵاڵ ئاغاش بە دەنگێکی زوڵاڵ موناجاتێک دەخوێنێ و ڕوو دەکاتە بیشەی چوڵمەک لە پێشدا لەبەر دەمی داراغادا و ڕەومرقەیان کرد. یەکانە هەموو بەلەسە بوون. داراغا بە غەددارەکەی ناودارییەوە هەڵمەتی برد. غەددارەی گەیاندە بڕبڕەی پشتی. لە پشتەوە یەکانەیەکی تر پەلاماری دا. جوامێر ئاغا چاوی لێ بوو. ڕمبێکی زەرگ کرد. ڕم چەقیە پشتی یەکانە و یەکانە ڕای دەکرد و ڕم بە پشتییەوە ئەلەرییەوە. ئینجا بەراز بە یەکانە و مالۆس و چۆخەبازەڵەوە سەر بەرەو ژێر ملیان نا بۆ قورناس. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=