بازگەشتی ئەحمەد پاشا لە ڕەو
لە پەرتووکی: #دوانزە سوارەی مەریوان#
بەرهەمی: #پیرەمێرد#
خەبەر گەیشتە ئەحمەد پاشا کە وا لەشکری ئێران گەییە مەریوان. دیوانیان گرت، وتیان کەسمان لا نییە و لەشکرمان بڵاوە، با ڕەوی بۆ بکەین بۆ گەڵاڵە، کە لەشەکر کۆ بووەوە، ئەدەین بە سەریانا. لەسەر ئەو بڕیارە خۆیان گرد کەنەوە بۆ ڕەوە.
ئەو بەیانییە ئەسپ بۆ شا زین دەکەن کە بڕۆن ڕەوی بۆ بکەن. مەیتەر ئەسپ لە تەویلە دێنێتە دەرەوە. ئەسپ دەست دەکات بە چەپۆکان و نەڕەنەڕ. مەیتەر قینی هەڵدەستێ لەبەر خۆیەوە دەڵێت شیڕەشیڕی چیتە وا دەزانی بۆ مەیدانداری سوارت دەبن؟ ئەم خەڵکانە ڕا دەکەن! ئەو دەمە ئەحمەد پاشا با ئەم توانجەی دەدا بە گوێدا. بانگ ئەکا: مەیتەر! ئەسپ بێنە، ڕەو نییە. پێ دەنێتە ئاوزەنگی، ڕوو دەکاتە سوپا و بە دەنگی بەرز ئەڵێ: مردن مردنە. لنگ بزاوتن چییە؟ تا ئەم سەرە سەر بێ، پشت ناکاتە دوشمن. یا عەلی! دەی سوار بن. مەریوانە، ڕۆژی مەیدانە، نەعرەتەی دڵاوەران ئاوزەنگی لێ دەدا و ڕوو دەکاتە باسکە درێژی قەیماسە. دەبینێ وا دەستە سوارێک دیارن، سوار لە پێشەوە زرێ و کڵاو زرێ و دەست و قۆچاغ و چوار ئاوێتەیان ئەدرەوشێتەوە.
مامەند میراودەلی و سوار ئاغای بڵباسی لە پێشەوە لاوکی شەڕی قایخانی دەڵێن و سەلیم بەگ شیری حەمایل کردووە. دەستی چەپی بە جڵەوەوە و دەستی ڕاستی لەسەر کەمەربەندی قەبزە نوشتەیی بەتەهەورێکەوە چاوی بڕیوەتەوە تاریدەر، دەیەوێت بە زەهری چاو ئەو کێوە هەڵکەنێ و بدا بەسەر دوشمنا. جوامێر ئاغای ڕەنگێنە -کە دەڵێن پڵنگی چنگ بە خوێنە- قلیانی تێ کردووە. دووکەڵی تەندەی وەک باتمە سمێڵی لەم لا و ئەو لای سەریەوە با دەیشەکێنێتەوە.
پاشا کە ئەمە دەبینێ دەڵێت شەرت بێ مەیتەر خەڵات بکەم. ئەگەر ئێستا من ڕام بکردایە و ئەمانە وا ڕوویان کردووەتە لەشکری دوشمن و گەڕانەوە ئەبوایە من چیم بکردایە؟
ئینجا ئەحمەد پاشا بەهێواشی دەگەڕێتە دواوە و بانگ دەکات تەپڵی شادی لێ بدەن. ئەم عەزم و ڕەزمە لەم دەستە سوارەدا دەبینم فەتح و سەرکەوتنە.
نەقارەچی دەست دەکەن بە گرم و هووڕی تەپڵ، ئاوازەی تەپڵی شادی بەو فێنکی بەیانییە ئەیدا لە شاخی کەڤوو، دەنگی ئەدایەوە. کە سەلیم بەگ گوێی لە دەنگی ئەم تەپڵە دەبێت و ئەیناسێ تەپڵی ئەحمەد پاشایە و نقامی فەتحە، دەگەڕێتەوە. بە خۆی و یازدە سوارەی هاوڕێییەوە، لەسەر ڕێدا ئەوەستن، کە دەبینێ بە ڕاست وا ئەحمەد پاشای برازایەتی سەری سووڕ ئەمێنێ. لە خۆشیاندا هیچ قین و گرژییەکی نامێنێ. کە پاشا دەگاتە ڕاستیدان هەموو گەردنکەچی بۆ دەکەن. پاشا ئەڵێ: هەر وەک پێش کەوتن یاخوا هەمیشە هەر پێشکەوتووتر بن. دە بڕۆن ئێوە پێشدارن. ئێمە خۆ خێمە و بارەگامان لەگەڵ نییە هەموو سەڵتە سوارەین. بۆ ئێوارە دەبێت یەک سەڵەف بگەینە مەریوان. شەو قەڵای مەردانە. بڕۆن لە پەنای یەزدانا بن. سەلیم بەگ ئەم قوماندەیە وەر دەگرێت ئاوزەنگی پیا دێنێ. هەموو ئەیکەن بە تۆز، تێ ئەپەڕن.
دەمی ڕۆژاوا، نزیک بە ئۆردووی ئێران، لە نەدیوی بۆسە دەخۆن. نزیک بانگی شێوان، سوپای بەر و دوای پاشایی سەرەتایان دەرئەکەوێ. ئارامگا بۆ پاشا ڕێک ئەخەن کە شا دادەبەزێ و کەمێ ماندووی ئەحەسێتەوە، ئەفەرموێ: بە سەلیم بڵێن ئیمشەو میوانی ئەوین. نان و ئالیکی ئۆردوو پەیدا کا. سەلیم بەگیش ئەڵێ: بە چاوان، بەڵام ئێستا لە خاکی ئێراقین. ڕاهوڕەسمی ئێرانیش ئەمەیە شەو سەعات سێ نان ئەخۆن. ئێمەش لە سەعات سێدا هەموو فەرموودەیەک بە جێ دەهێنین. سەلیم بەگ بانگ دەکاتە ئەکرەم و ئەڕوانن ئەکرەم دیار نییە، خەبەر دەزانن نیو سەعات لەوەپێش بە پیادەیی ڕۆیوە تاکوو هەندێک بەدگۆ بڵێن خۆی شاردۆتەوە، سەلیم بەگ تێ دەگات کە بە تەنیا چووە کە چەند و چوون و ڕێ و شوێنی دوشمن تاقی بکاتەوە.
سا چەند دەقیقەیەکی پێ دەچێ، ئەکرەم دەگەڕێتەوە. سەلیم بەگ لێی دەپرسێ لە کوێ بووی؟ ئەکرەم دەڵێت خۆم چووم دەوران دەوری ئۆردووی ئێران گەڕام هیچ بە خەیاڵما نایە کە دوشمن بوێرێ ڕوویان تێ بکات، بێباکانە هەموو لە ئاهەنگ و بە زمان.
ئینجا سەلیم بەگ ئەڵێ: برادەر! من و تۆ ئەووەڵ ئاوڵیمانە. چی لەم لەشکرە دەڵێی و چی بکەین؟ ئەکرەم دەڵێت: پاشا لە قەیماسە نوکتەیەکی فەرموو: «شەو قەڵای مێردییە». من وا بە چاک ئەزانم تا سەر لە ئێوارەیە و شپرزەی نان و ئالیکن، شتێکیان پێ بکەین. کە کەوتنە نیوەشەو دەکەونە ئاگاداری، ئێمە دوازدە و ئەوان دوازدە هەزار، بکەوێتە ڕووناکی و بمانبینن لێمان ناترسن. تا شەوە و ئێستا شپرزەن پەنا بە خوا با تێیان هەڵکەین.
سەلیم بەگ ئەمە پەسەند دەکات و هیچ ڕاناوەستن دەنێرن لە نەقاڕەخانە دوانزە تەپڵ ئەهێنن، بە قەڵپۆزی زیندا دای دەبەستن. سوار دەبن ڕوو دەکەنە لەشکری ئێران. نەختێ لە ئارامگا دوور دەکەونەوە، کانی و ئاوێکیان دێتە ڕێ، ئەکرەم دەڵێت با دابەزین دەستنوێژێکی پاک بشۆین و نوێژێک بۆ خوا بکەین و بپاڕێینەوە. دائەبەزن نوێژ دەکەن و لە خوا ئەپاڕێنەوە و سوار دەبنەوە، ئینجا ئەکرەم ڕوو دەکاتە سەلیم بەگ و ئەڵێ: قوربان لەشەڕدا پیشەی تۆ چۆنە؟ شیر لە چ جێگایەکی دوشمن ئەدەیت؟ سەلیم بەگ دەڵێت من تا ئێستە شیرم لە سەری دوشمن داوە بەڵام بۆ چی دەپرسیت؟ ئەکرەم دەڵێت: ئەمەوێت کردار و کوشتارمان دیار بێت، کە وا بێ من لەسەر شانی چەپ دەدەم تا کوشتاری هەردووڵامان دەر دەکەوێت. دوای ئەمە دابەش دەبن بەسەر دوانزە قۆڵا و لە دوانزە لاوە گرمەی تەپڵ و نەعرەی مەردان و بانگی ئامان ئامان تێکەڵ ئەبێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=