عەلی مەحمود محەمەدعەلی مەحمود محەمەد
پڕۆسەی ئەنفالی یەکەم شەوی سێشەممە کاتژمێری 2:25 بەرەبەیانی ڕێکەوتی #23-02-1988# دەستی پێ کرد تاکوو شەممە ڕێکەوتی #19-03-1988# بەردەوام بوو، کۆی گشتی 26 ڕۆژی خایاند، بە سەرکردایەتی سوڵتان هاشم سەرکرەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، لیوا ڕوکن کەمال ساجت فەرماندەی فەیلەقی یەک، لیوا ڕوکن نیعمە فارس حوسین محیاوی فەرماندەی لەشکری پێنجی ئەو کات، و بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باکووری حیزبی بەعس، سەرۆکی ئەرکانی سوپا فەریقی ڕوکن نزارعەبدولکەریم خەزرجی ئەنجامدرا.
لە ئۆپەراسیۆنەکە هێزی ئاسمانی بە فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەر، یەکەکانی تۆپخانە، تانک، زرێپۆش، هێزی پیادە و تایبەت بەشدار بوون.
20 لیوای سوپای ئێراق و 30 فەوجی سەربە گاردی کۆماری و هەموو فەوجە جاشەکانی سەرکردایەتی جەحافلی بەرگری نیشتمانی یەک لە ئاستی فرقەدا بووە و مەفرەزە تایبەتەکانی 29،68،87،119 تەواری سلێمانی و مەفرەزەکانی ئەمن ناسراو بە مەزفرەزە خاسەکان بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکە، کۆی هێزەکەی سوپای ئەنفال مەزەندە دەکران بە زیاتر لە 120 هەزار کەس، واتا هەر دە مەتر چوارگۆشە جاش یان سەربازێکی بەرکەوتووە.
لە نۆ قۆڵەوە هێرشکرایە سەر گوندەکانی دۆڵی جافایەتی تا مەرگە بە درێژایی 70 کیلۆمەتر، کە بریتین لە گوندەکانی سنووری شارۆچکە و شارەدێکانی (دوکان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچوالان، ماوەت، کارێزە، سەرچنار و سوورداش)، پانتایی ڕوپێوەکەی نزیک بە 1154 کیلۆمەتر چوارگۆشە دیاری کراوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی#23-02-1988# ، هێزە پەلاماردەرەکەی سوپای ئێراقی بە چەکی کیمیایی لە گوندەکانی چۆخماخ، یاخسەمەر، هەڵەدن، چاڵاوە، سەرگەڵو و بەرگەڵویان دا، ڕۆژانی 25 و 26ی شوبات گوندەکانی سەرگەڵو، هەڵەدن، یاخسەمەر و گوێزەڵە کیمیاباران کرانەوە. لە کیمیابارانەکەی 26 مانگ 8 شەهید و 201 بریندار هەبوون، دوای کۆتایی قۆناغی ئەنفالی یەک بە چوار ڕۆژ لە ڕێکەوتی#23-03-1988# جارێکی دیکە بە چەکی کیمیایی لە گوندی شاناخسێی ناوچەی ماوەتی دا، 22 کەس شەهید بوون و زیاتر لە 720 سڤیل و پێشمەرگە بریندار بوون، هەمان گوند هەردوو ڕۆژانی پێشتریش کیمیاباران کراوە، لە پڕۆسەی ئەنفالی 1 بە گشتی 7 جار دەڤەرەکە کیمیاباران کرا.
زیاتر لە 51 گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەکە کەوتن و تەختکران، هەموو خانوو و مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەکانی ڕوخێنران و بەشێک لە خەڵکەکەشی ئەنفالکران، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی ئەنفال، لاوازکردنی هێزی پێشمەرگە بەتایبەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کە دوواتر ئەنفال کرایە مۆدێلی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی کورد.
لە ئەنفالی یەکدا دەیان کەس دوای بەجێهێشتنی ماڵەکانیان لە ڕێگا لەناو بەفر ڕەقبوونەوە، لە کاتی هەڵاتن بۆ ئەو دیو سنوورەکان، زیاتر لە 160 هاووڵاتی سڤیلی تریش لەو شەڕ و گەمارۆیەدا کوژراون.
تەنیا بە پێی نووسراوی بێ ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی حەرەکاتی سەربازی 43 پیاو و 39 منداڵ، 17 ژن لە سنووری مەرگە دەستگیر کراون، وەک خێزانی تێکدەران ناسێنراون، و 43 تێکدەر کوژراوە، 283 ش بریندار کراون.
پڕۆسەی ئەنفالی یەک بە بەیانی فەرمی ژمارە 3087ی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 19-03-1988 کۆتایی هات، تیایدا وێڕای ڕۆڵی سوپا، ستایشی ڕۆڵی جاشە کوردەکانیش کراوە لە سەرخستنی ئۆپەراسیۆنەکە، لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەمجار دەستەواژەی ئەنفال بەکار هات، کە داهێنانی گۆڕبەگۆڕ لیوا ڕوکن ساجت جەنابی بووە.
لە ژمارە 960 ی ڕۆژی 24-03-1988ی ڕۆژنامەی هاوکاریدا بەو پەڕی شانازییەوە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ عەمیدی تایبەت عەلی حسێن خەزعەل فەرماندەی هێزی بەدری کوبرا کردووە، کە بەم شێوەیە باسی شەڕەکان و بەشداری جاشەکان دەکات هاریکاریکردن لەنێوان ئێمە و فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی زۆر دیار و ڕێکوپێک بوو، تێیدا فەوجەکان لە ڕۆڵەکانی گەلی کوردی خۆشەویستمان قوربانییەکی مەزنیان بەخشی). هەروەها سابیر دوری کە ئەو کاتە بەڕێوەبەری ئیستخباراتی سەربازی بووە لە پڕۆسەی دادگایی ئەنفال دەڵێت لە ئەنفالی یەک قورسایی پەلامارەکە جاشی خەفیفە بوو. هەرچەندە نزار خەزرەجی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەکەم بە ئۆپەراسیۆنی سوپا دەداتە قەڵەم. لە ئۆپەراسیۆنەکە 5 مەفرەزە خاسە و 105 فەوجی جاش بەشداری دەکەن، جگە لە قوربانییەکانی چەکی کیمیایی و تۆپباران و ڕەقەوە بوو و هەڵدێران، ئەوانەی ناویان زانراوە 404 کەس ئەنفالکراوی نەگەڕاوەن.
ئەو پیاوە خۆفرۆشە ئازایانەی جەلاد سەدام حسێن بەشداری لە کاولکردن و کوشتنی ڕۆڵەکانمانیان کرد، لە زەوی و ئاسمانەوە پەلاماری خەڵک و خاکی نیشتمانەکەمانیان دا، ئەم پیاوە ئازایانەن کە ئەوێ ڕۆژێ ڕێزیان لێ گیراوە لە بەرانبەر کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمان، جگە لە بەشی سەربازی کە کوردی تێدایە، نزیک 70%یان جاش و چەکداری کوردن:
بە فەرمانی کۆماری ژمارە 346 لە ڕێکەوتی 11-04-1988، بڕیاری بەخشینی نیشانەی ئازایەتی درا بە لیوا ڕوکنی پیادە سوڵتان هاشم ئەحمەد . هەروەها بە فەرمانی کۆماری ژمارە 773 لە ڕێکەوتی 23-7-1988 بڕیاری بەخشینی نیشانەی ڕافدەینی پلە دوو درا بە لیوا ڕوکنی پیادە سوڵتان هاشم ئەحمەد فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەک، هەروەها بە فەرمانی کۆماری ژمارە 773-ا چوار نیشانەی ئازایەتی بەخشرایەوە بە لیوا ڕوکن پیادە سوڵتان هاشم.
هەروەها لە ڕێکەوتی 10-11-1988 بە پێی نووسراوی ژمار ە 1-18- 5812 بە فەرمانی سەدام حسێن نیشانەی ئازایەتی بەخشرا بە فەریق ڕوکن فارس نیعمە حسێن محیاوی جێگیری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ ڕاهێنان بە هۆکاری سەرکردایەتی کردنی فەیلەقی پێنج لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەک. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=661473&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی ئەو نۆکەرە خۆفرۆشانەی صەدام حسێن کە کوردیان ئەنفال کرد- ئەنفالی یەک=KTML_Link_External_End=