=KTML_Bold=پەیامی #نوخشە ناسیح# پارێزگاری هەڵەبجە، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی فێستیڤاڵی #هەنار# لە شاری #هەڵەبجە# #01-11-2025# =KTML_End=
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان هاووڵاتییانی خۆشەویست، میوانە بەڕێزەکان،
لەگەڵ کۆتایی هاتنی سێ ڕۆژ لە جوانی و ڕەنگ و میوانداری، خۆشحاڵین کە ڕایبگەیەنین یازدەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و #پاییز# ی هەڵەبجە، بە سەرکەوتنێکی گەورە و بێوێنە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
ئەم سەرکەوتنە، سەرکەوتنی هەموو لایەکمانە و مایەی شانازییە بۆ هەڵەبجە و بۆ هەموو کوردستان.
ئەم فێستیڤاڵە، تەنیا بۆنەیەک نەبوو، بەڵکوو کەرنەڤاڵێکی زیندووی پێکەوەژیان و ئاڵوگۆڕی کولتووری بوو، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، هەڵەبجە بووە میوانخانەی هەموو کوردستان و ئێراق و جیهان.
پێکەوە، شایەتی جوانیی بەرهەمی جوتیارە ماندوونەناسەکانمان، کاری دەستیی ڕەنگینی ژنان و پیاوانی خاوەن پیشە، هونەر و مۆسیقای ڕەسەنی هونەرمەندان، و چالاکییە هەمەڕەنگەکانی ناو فێستیڤاڵ بووین.
لەم دەرفەتەدا، دەمەوێت بەناوی خۆم و ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەوە، سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆمان ئاڕاستەی هەموو ئەو ئازیزانە بکەم کە لە دوور و نزیکەوە بەشدارییان کرد و شکۆیان بە فێستیڤاڵەکەمان بەخشی؛ لە هاووڵاتییانی #هەرێمی کوردستان# و شارەکانی ئێراقەوە بگرە، تا دەگاتە کونسوڵ و باڵیۆز و نوێنەرە بیانییەکان و شاندە حوکمی و حزبییە بەڕێزەکان، هاتنی ئێوە، نیشانەی خۆشەویستیی ئێوەیە بۆ هەڵەبجە.
هەروەها سوپاسی هەرە تایبەت و لە دڵەوەمان، ئاڕاستەی خەڵکی خانەدانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەین، ئێوەی ئازیز، خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم فێستیڤاڵە بوون، ئێوە بە ڕۆحی میواندۆستی و بەخشندەیی خۆتان، جارێکی دیکە سەلماندتان کە هەڵەبجە شاری پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستییە، ئەو کاتەی دەرگای ماڵ و دڵتان کردەوە بۆ پێشوازی لە میوانان، جوانترین وێنەی شارستانییەت و ڕەسەنایەتیتان نیشانی هەموو جیهان دا.
هەروەها، سوپاسی ماندووبوونی هەموو ئەو تیمانە دەکەین کە شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک بۆ سەرخستنی ئەم کارە؛ لە تیمەکانی حوکمەت و ڕێکخراوەکان تا دەگاتە هێزە ئەمنییەکانمان ( پۆلیس، ئاساییش، هاتوچۆ) کە ئارامیی فێستیڤاڵەکەیان پاراست، و گەنجە خۆبەخشە دڵسۆزەکان کە بوونە داینەمۆی کارەکان، و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە پەیامی هەڵەبجەیان گەیاند.
سوپاس بۆ جوتییاران و خاوەن پیشە و بەرهەمە خۆماڵییەکان، کە ڕۆحی فێستیڤاڵەکە بوون.
سوپاس بۆ هونەرمەندان و گرووپە هونەرییەکان، کە جوانییەکی تریان بە بۆنەکە بەخشی.
سوپاس بۆ گەنجە خۆبەخشە دڵسۆزەکان، کە بە وزە و پەرۆشیی خۆیان، بوونە داینەمۆی ڕێکخستنی کارەکان.
لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی بێ کەموکورتیی ئەم فێستیڤاڵە، سەلمێنەری ئەوەیە، کە کاتێک هەموومان پێکەوە و بە یەک دڵ کار دەکەین، دەتوانین جوانترین وێنەی شارستانییەت و پێشکەوتن نیشانی هەموو لایەک بدەین. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ هەڵەبجە و بۆ هەموومان بۆ ژیان و ئاوەدانی.
هیوادارین ساڵی داهاتوو، بە هێز و وزەیەکی زیاترەوە، لە خولی داهاتووی فێستیڤاڵدا پێکەوە شاد ببینەوە.
وە لە هەر کەموکورتییەک کە ڕەنگە بەهۆی قەبارەی گەورەی فێستیڤاڵ و ژمارەی زۆری میوانانەوە ڕوویدابێت. بمانبورن
سەرکەوتنی ئەم فێستیڤاڵە، سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی هەڵەبجەیە
هەر شاد و سەرفراز بن. [1]
نوخشە ناصح
پارێزگاری هەڵەبجە
01-11-2025
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=