قولە و قەڵاکانی قەمچوغە
قولە و قەڵاکانی #قەمچوغە# بە هۆی باران و بەڕۆیشتنی کات داڕماون و خەریکە بەتەواوی تەختی زەوی دەبن لەگەڵ ئەوەشدا کەوا گەواهی مێژووی کۆنی ئەم نیشتمانەن و لە هەر وڵاتێکی تری دنیا بوونایە ئێستا هەمووی ڕێگەوبانیان بۆ کرابوو و نۆژەنکرابوونەوە لەسەر شێوەی خۆیان و بە هەمان ئەو کەرەستانەی کەلێی درووست کراون، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە تا ئێستا لە لایەن مێژوونووس و شوێنەوارناسەکانمانەوەش هیچ نووسین و ڕوون کردنەوەیەک بەردەست نییە لەسەر ئەو شوێنەوارانە کەوا لە ئێستا و دواڕۆژدا ڕۆڵەکانمان زانیارییان لەسەر وەربگرن.
هەر بۆ زانیاری هەموو لایەک بەکورتی ژمارەی ئەو قولە و قەڵایانە شەش دانەیە و لە قسڵ و گەچ درووستکراون و هەردوو دانەیان بەرانبەری یەکتر درووست کراون و بە شێوەیەک لەمبەر و ئەوبەری تەنگی قەمچوغە بە شێوەیەکی ئەندازەیی وا درووستکراون کە لە هەمان ئاستی یەکتردا جێگیرکراون دوودانەی ناو تەنگەکە بە شێوەی چوارگۆشەیی درووستکراون .
بەڵام چوار دانەکەی تر بە شێوەی بازنەیی و بە بەرزی زیاتر لە شەش مەتر درووستکراون و هەموویان لە لاپاڵی چیاکە و لەسەر پارچە شاخ درووستکراون، واتە شوێنەکانیان تەخت نییە و هەمووکەس ناتوانێت پێیان بگات و ئەمە جگە لە دیوارێکی لە هەمان کەرەستە درووستکراوە کە بە ئەمبەر و ئەوبەری تەنگەکەدا پەڕیوەتەوە هەروەها دانەیەک لە قەڵاکان لە نزیک ئەشکەوتی مەلیک مەحموود درووستکراوە کە ئەم ئەشکەوتەش هەر وەکوو ئەو قەڵایانە پشت گوێ خراوە لە کاتێکدا کاتی خۆی سوپاکەی مەلیک مەحموودی تێدا حەواوەتەوە و ئەشکەوتێکی گەورەیە و شوێنێکی بەرز و ستراتیجی هەیە و ئەو کاتەی مەلیک مەحموود #ئەشکەوتی جاسەنە#ی بۆ ئیدارە و دەرکردنی ڕۆژنامەی #بانگی حەق# بەکارهێناوە ئەم ئەشکەوتەشی بۆ سوپاکەی بەکار هێناوە و خەڵکی قەمچوغە خزمەتییان کردوون لەو ماوەیەی لەوێدا ماونەوە، داواکارین لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێکی جدی لەم شوێنەوارە مێژووییانە بداتەوە و هیچی تر ئەم شوێنە جوانانە لەگەڵ زەویدا تەخت نەبن کە بریتین لە مێژووی کۆنی نیشتمانەکەمان و سامانی نەتەوەیەک و دەکرێت سوودی زۆریان لێ وەربگیرێت. [1]