جوگرافیای چیای هەڵگورد
نووسینی: هانی مورتەزا
$هەڵکەوتەی چیای هەڵگورد$
چیای هەڵگورد یەکێکە لە بەرزترین چیاکانی کوردستان کە بنکێکی فراوان و لووتکەیەکی بەرزی هەیە و دەکەوێتە سەر زنجیرەی چیاکانی زاگرۆس و درێژەپێدەری ئەم زنجیرە چیایەیە کە لە گرێی بامیر بۆ گرێی ئەرمینیا لە باکووری ڕۆژاوادا درێژ دەبێتەوە. هەڵگورد لەسەر ئاستی هەموو چیاکانی #باشووری کوردستان# بەرزترین لووتکەی هەیە و بەرزییەکەی دەگاتە 3607 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا. ئەم چیایە دەکەوێتە سنووری کارگێڕیی شارۆچکەی #چۆمان# و بە دووریی 175 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری #هەولێر#. بەڵام بە پێی پێوانەکاریی نوێ دەگوترێت هەڵگورد بە دووەم بەرزترین لووتکە چیا دادەنرێت لە دوای لووتکەی چیخی دەرێوە.
چیاکانی کوردستان و بەتایبەتیش هەڵگورد، پێکهاتەیەکی جیۆلۆجیی کۆنیانییان هەیە و لە بەردی ئاگرین و نیشتو درووست بوون. بە هۆی ناجێگیریی پلێتەکان و جووڵەی بەردەوامیان، بەردەوام ساڵانە چەند سانتیمێک چیاکان بەرز دەبنەوە. بەتایبەتیش لە ناوچەی بەرکەوتەی پلێتەکان کە زۆربەی چیاکانی کوردستانی لێ درووست بووە. ئەم جووڵە بەردەوامانەش هۆکارێکن بۆ سەرکەوتنی تاوێرە کۆنەکان و ژێر کەوتنی تاوێرە تازەکان.
$مێژووی چیای هەڵگورد$
درووستبوونی چیاکان لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغ و چاخی (ساینۆزۆیک) کە لەم چاخەدا زۆربەی چیا و بەرزاییەکانی تێدا درووست بووە.
چیاکانی کوردستان هەر یەکەیان مێژوویەکی پڕ لە شانازی و هێمایەکی شکۆداری و سیمبوولی شۆڕش و کوردایەتی دەنوێنێت کە زۆرینەی سەرکەوتن و هەنگاونانەکانی شۆڕشی کورد لە چیا سەربەرزەکانەوە سەری هەڵداوە و ئەو چیایانە شانبەشانی پێشمەرگە لە کاتی شۆڕشەکاندا وەک قەڵغانێک بوون لە بەرانبەر دوژمندا و هەڵگوردیش یەکێکە لە چیا بەرزەکانی کوردستان کە مێژوویەکی پۆڕ لە شانازیی تۆمار کردووە.
$ڕووەکە سرووشتییەکانی هەڵگورد و سەرچاوەی ئاو بۆ کشتوکاڵ$
لە چیای هەڵگورد، بەرزیی زۆری لە ئاست ڕووی دەریا و لێژی و ڕێکیی لاکانی و ئاڵۆزیی بەردەکانی، وای کردووە چڕیی گژوگیا و دار و دەوەن لە نزیک لووتکەکەیدا کەم بێت و لە لایەکی دیکەش بە هۆی ساردی و بەفربارینی زۆر و مانەوەی بە درێژاییی ساڵ و تەنکیی خاک و بەستنی خاکەکەی، و هەبوونی ئاو و هەوای سارد، کەمتر گژوگیا و داری لێ دەڕوێت.
چیاکانی کوردستان بە ناوچەیەکی گرنگی سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی دادەنرێن، و خاوەنی ئاوێکی سازگارن کە لە ناوچە بەرزاییەکان و لە توانەوەی بەفری لووتکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
چیای هەڵگورد لە نزیک گوندی سەکران، بووەتە هۆی درووست بوونی چەند سەرچاوەیەکی ئاوی گرنگی سەر زەوی و ژێر زەوی لە ناوچەکەدا. ئەمەش بایەخی چالاکیی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
چیای هەڵگورد لانکەی چەندین ئاژەڵی کێویشە کە لە ناوچە سەخت و بەرزایەکاندا ژیان دەکەن.
$گەشتوگوزار لە چیای هەڵگورد$
بوونی یەکێک لە بەرزترین لووتکە چیاکانی باشووری کوردستان و بەرزترین تاڤگە لەسەر ئاستی ئێراق و باشووری کوردستان و مانەوەی بەفر لە هەر چوار وەرزی ساڵ، ئەو سێ تایبەتمەندییە بوون کە ساڵی 2010 ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکرانی خستە سەر نەخشەی جیهانی.
ساڵانە بە هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی بە مەبەستی بینینی بەفر لە وەرزی هاویندا و کەشوهەوایەکی فێنک لە ناوچەکە و بینینی دیمەنی جوانی گوندی سەکران و بەرزاییی چیای هەڵگورد و مانەوە و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش و سەیران لە ناوچەکەدا، سەردانی بناری چیای هەڵگور دەکەن.
ناوچە سەخت و چیاکانی کوردستان زۆربەی کات لە لایەن گرووپە شاخەوانییەکان و کەسانی بیانییەوە جێگەی سەرنجن و ئارەزوی زۆرینەی شاخاوانانە بگەن بە لووتکەی چیاکانی کوردستان. هەر ئەمەش وای کردووە ساڵانە گرووپە شاخەوانییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە بەرزترین خاڵی چیای هەڵگورد و گرتنی وێنەی یادگاری و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش لە بەرزاییە سەرکێشەکانی هەڵگورد، سەردانی شارۆچکەی چۆمان و چیای هەڵگورد بکەن.
بە پێی گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان، بە بوونی چیای هەڵگورد و چەندین ناوچەی گەشتیاریی تر لە شارۆچکەی چۆمان، ڕۆژبەڕۆژ گەشتیاران زیاتر ڕوو لە ناوچە سرووشتی و گەشتیارییەکانی شارۆچکەکە دەکەن. [1]