بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
گۆڕانکارییە سیاسیەکانی سووریا دەرفەتێکی باش بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی ڕەچاوی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە سووریا بکرێت و سەرجەم کێشەکانیش چارەسەر بکرێن. لەوپێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا کە پێویستە هەرچی گرفت و ناکۆکی هەیە لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.
بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی کە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست کردووە و هەڕەشەی پاکتاوی ڕەگەزی لەدژی کورد لەو ناوچەیەدا هەیە.
داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەکەم ناکۆکیی سیاسی نەکرێتە ناکۆکیی نەتەوەیی و لەو کێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن ڕێگە نەدرێ هاووڵاتیانی کورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەرکردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاکتاوی ڕەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە کوردییەکان و بە تایبەت (قسد) دەکەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیکەن لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادان و ڕێگەگرتن لە خونڕێشتنی زیاتر و هەردوولا کار بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ناکرێ بوونی ناکۆکیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵکی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاکتاوی ڕەگەزی لەدژی گەلی کورد ڕوو بدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە. [1]
مسعود بارزانی
7ی کانوونی دووەمی 2026
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=