چیای ئاویەر
#چرۆ هەورامی#
شاخی ئاویەر بە بەرزیی 2550 مەتر لە ئاستی دەریاوە، لە 3 کیلۆمەتریی شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە.
ئاویەر واتە شوێنێک کە ئاوی زۆری هەبێت، بۆیەش ناوی ئەم شاخەیان ناوە ئاویەر چونکە شاخەکە ئاوی ژێرزەوی و کانیاوی زۆری هەیە، لەوانە کانیی سەنگشکێن، کانیی شەفا و حەفت ئاسیاب و... کە خەڵکی ناوچەکە بۆ خواردنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن؛ هۆکارەکەیش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە چەندین ساڵە ئاوی شاری سنە بۆنی لێ دێت و خاوێن نییە. ئاویەر بە دوو بەش ناسراوە، ئاویەری گەورە بە بەرزیی 2550 مەتر و ئاویەری چکۆلە بە بەرزیی 2350 مەتر و شاری سنە لە داوێنی ئەم شاخە هەڵکەوتووە.
ئاوی کانیاوەکانی چیای ئاویەر کە هاوکات پارکێکی دارستانی لە دڵیدا هەیە، تا ئێستاش سەرچاوەی ئاوی کۆشکە مێژوویییەکانی خەسرۆئاوا، ئاسەف و وەکیل و کۆمەڵێک بینای مێژووییی دیکەیە.
ئاویەر بووەتە ناسنامەیەک بۆ شاری سنە و زۆر شاعیر و هەڵەبەستوان هۆنراوەیان بۆ ئەم شاخە سەربەرزە نووسیوە، جیا لەمە بووەتە شوێنێکی گەشتیاریش کە هەر کەسێک سەردانی شاری سنە بکات بەدڵنیایییەوە دەچێتە ئاویەر.
شاخی ئاویەر چەندین پارکی گەشتیاریی لەخۆ گرتووە، لەوانە: پارکی ئەمیرییە، ئەمانییە، پارکی منداڵان و دارستانی گوێزەکوێر و لەم ساڵانەی دواییشدا پارکی مەشاهیری بۆ زیاد بووە کە تازە ئەم پارکە درووست کراوە، هەروەها لەم پارکانەدا شوێنی مانەوە و دانیشتن بۆ گەشتیاران درووست کراوە.
شاخی ئاویەر بە هۆی هەڵکەوتە و دیمەنە جوانەکەی، شاخەوانان بۆ شاخەوانی ڕووی تێ دەکەن، تەنانەت شاخەوانانی شارەکانی دیکەیش دەچنە ئەوێ.
پارکی ئەمیرییە بە یەکێک لە گەورەترین سینەماکراوەکانی جیهان دادەنرێت کە شاشەی سینەماکە 12x25مەتر دەبێت، دەنگی فیلمەکانی ئەم سینەمایە لە ڕێگەی شەپۆلی ئێف ئێم ڕادیۆ لە هەر شوێنێکی ئاویەر بیت، دێت و پەردەی سینەماکە لە وەها شوێنێک دانراوە کە دە هەزار کەس دەتوانن لە بەرانبەریدا بن و بیبینن.
بەداخەوە کەڵکوەرگرتنی کانزا لە کێوی ئاویەر بووەتە هۆی ڕووخانی بەشێک لەم کێوە و بەرپرسانی پەیوەنیدار ئەم کارەساتەیان پشتگوێ خستووە و گرینگیی پێ نادەن، کەڵکوەرگرتن لەم کانزایە و هاتوچۆی ماشینی بارهەڵگر بووەتە هۆی درووستبوونی خاکوخۆڵ و ڕێگری لە گەشتیاران و شاخەوانان بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکەی شاخەکەدا.[1]