=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: بەپارەی باپیرم پڕۆژە ناکەم پارەی میللەتە، ئەم بەسەرهاتە بۆ
عەلی باپیرعەلی باپیر بگێڕنەوە با تێبگات.=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
سولەیمان دەمیڕاڵ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا، قسەی بۆ گەل دەکرد، لە کاتی قسەکردندا دەیگوت ”ئێمە بەنداومان دروست کرد، ئێمە پردمان دروست کرد، ئێمە ڕێگەمان دروست کرد و کارگەی گەورەمان دروست کرد“ کەسێک لەناو ئاپۆرای جەماوەردا، بەدەنگی بەرز هاواری کرد ”ئەم پرۆژانەت بە پارەی باپیرت کردووە؟“
پۆلیس و پاسەوانەکانی دیمیڕاڵ، ئەو کەسەیان گرت و ویستیان دووری بخەنە، بەڵام دەمیڕاڵ گوتی، ڕاوەستن و لێیگەڕێن، ئەو پیاوە قسەیەکی ڕاستی کرد و با وەڵامی بدەمەوە.
دەمیڕاڵ گوتی ”کوڕم، بەپارەی باپیری تۆ و بەپارەی باپیری من و بەپارەی باپیری هەموو ئەوانەی لێرەن و پارەکان بهێنن و بیخەنە قاسەی دەوڵەتەوە، ئەو پرۆژانە دروست ناکرێن، ئەو پرۆژانە بەپارەی میللەت کراوە، بەو پارەیە کراوە کە ئێوە باجتان داوا، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆ ئەوانەی پێشووتر نەیانکرد؟ بۆ ئەوان پارەی میللەتیان لە میللەت خەرج نەکرد؟ من ئەمەم کرد“
لە سۆیال میدیا خوێندمەوە، بەڕێز عەلی باپیر، لەبارەی ئەو پڕۆژانەی سەرۆکی حکوومەت ئەنجامی داوە، کە پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین گوتویەتی ”خۆ بە پارەی باپیری نەکراوە و میراتی ئەوان نییە پڕۆژەی پێکردبێت“
عەقڵی باپیر و ئەو کەسەی هەمان شتی بە دەمیڕاڵ گوت یەک عەقڵە، وەڵامەکەی دەمیڕاڵیش پر بەپێستییەتی.
سەرۆکی حکوومەت، بەپارەی باپیری پڕۆژە ناکات، پارەی میللەتە و لە میللەتی خەرج دەکاتەوە، پارەکە نادزێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی و پارتەکەی بەکاریناهێنێت، دەیداتەوە بە میللەت، بەڵام بە پرۆژەی ستراتیژی، ئەوەیە جیاوازییەکەی مەسروور لەگەڵ ئێوە.
بەڕێز باپیر، دەبێت ئەوە باش بزانیت، لە جیهاندا هەموو ئەو وڵاتانەی هەژارن و خەڵکەکەی برسین، وڵاتەکە لەڕووی داهاتەوە هەژار نییە، بەڵکوو ئەوەی وڵات بەڕێوە دەبات گەندەڵە و پارەی میللەت دەدزێت و پڕۆژەی پێ دروست ناکات، پارەی میللەت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت. هەر بۆ زانیاریت، زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکانن، خاکەکەیان دەوڵەمەندە و خەڵکەکەش هەژار، چونکە سەرۆکەکەیان دز و گەندەڵە.
کاک مەسروور، پارەی میللەت لە میللەت خەرج دەکات، تخوا لێی گەڕێن با بەرنامەکەی بۆ ئەم میللەتە جێبەجێ بکات، لێی گەڕێن تەنیا ئەوە دەیەوێت بمانگەیەنێتە خۆشی و وامان لێدەکات لە داهاتوویەکی نزیکدا، شانازی بکەین بڵێین خەڵکی هەرێمی کوردستانین.
واز لە عەقڵی بۆگەن و قین و ڕەخنەی پڕووپووچ بهێنن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=