=KTML_Bold=#سەڵاحەدین دەمیرتاش# بۆچی ئازاد نەکرا؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
بڕیاربوو سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە 8ی ئەم مانگە ئازاد بکرێت، بەڵام لەدوا ساتەکاندا وەزارەتی دادی تورکیا، تانەی لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا و ئازادبوونی دەمیرتاش وەکوو خۆی مایەوە و نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەم سێ خاڵە گرنگ و پێویستە بیزانن لەبارەی ئازادنەبوونی دەمیرتاش و ئایە ئومێد ماوە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت؟
لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا دەمیرتاش ئازاد بکرێت، بەڵام بڕیارەکە کۆتایی نەبوو، سێ مانگی خستبووە بەردەم تورکیا، ئەگەر تانەی لێنەدات ئەوکات ئازاد دەبێت ئازاد بکرێت بەم جۆرە:
یەکەم: دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا دەمیرتاش ئازاد بکرێت، بەو مەرجەی تورکیا لەو ماوەیەدا تانە لە بڕیارەکە نەدات. بەداخەوە تورکیا لەدواساتەکانی پڕبوونەوەی وادەی ئەو سێ مانگە تانەی لێدا و داوای کرد ژووری گەورەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بەدۆسیەکەدا بچێتەوە.
دووەم: تانەکەی تورکیا دەچێتە ژووری گەورەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە لە پێنج دادوەر پێکهاتووە، ئەگەر ئەوان تانەکەی تورکیا ڕەتبکەنەوە و بڵێن تانەکە نابەجێیە و قبوڵکراو نییە، ئەوکات دەمیرتاش ئازاد دەبێت و تورکیا هیچی پێناکرێت.
سێیەم: ئەگەر ئەو پێنج دادوەرە تانەکە قبوڵ بکەن، ئەوکات ناتوانن بڕیار بدەن، دەیدەن بە (پانێڵی دادوەران) لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە لە 17 دادوەر پێکهاتووە. ئەو دادوەرانە لێکۆڵنەوە لە دۆسیەکە دەکەن و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدەن و ئەوان هەرچی بڵێن، دەبێت تورکیا پابەند بێت پێوەی.
ئەگەر هەیە لە ماوەی دوو مانگدا ژووری گەورەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کۆ ببێتەوە، بڕیار بدات، ئایە تانەکەی تورکیا ڕەتبکاتەوە یان بیدات بە (پانێڵی دادوەران). [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=