=KTML_Bold=ئۆجەلان پارتێکی تازە درووست دەکات؟ بۆچی دەمیرتاش لاواز دەکات؟=KTML_End=
#کارزان گلی#
میدیاکانی تورکیا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، لە زیندانەوە پارتێکی تازە دادەمەزرێنێت، بەمەش کۆتاش بە دەم پارتی دێت.
بەگویرەی دەستووریی تورکیا، هەر کەسێک سزای زیندانی زیاتر لە ساڵێک بەسەردا سەپێنرابێت، بۆی نییە سیاسەت بکات و هەروەها بۆی نییە ببێتە سەرۆکی هیچ حیزبێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی #هەدەپە#، دوای ئەوەی زیندانی کرا و سزای زیاتر لە ساڵێک زیندانی بەسەر سەپێنرا، لە هاوسەرۆکی هەدەپە دوور خرایەوە، کەواتە بەگوێرەی دەستووری تورکیا بێت، ئۆجەلان بۆی نییە پارت دروست بکات.
بەڵام ئەوەی باس دەکرێت و چەند سەرچاوەیەکی ناو دەم پارتیش باسیان لێوە کردووە، دەم پارتی لە مانگی 11ی ئەمساڵ دەچێتە ناو کۆنگرە و گۆڕانکاری گەورە ئەنجام دەدات و ئۆجەلانیش رۆڵی گەورەی لەو کۆنگرەیەدا دەبێت.
دەم پارتی لە مانگی 11 دەچێتە ناو کۆنگرە و لە کۆنگرەدا ناوی پارت دەگۆڕدرێت و هەروەها پەیڕەو و پروگرامی پارت گۆڕانی بەسەردا دێت و هاوسەرۆکانی ئێستاش گۆڕانیان بەسەردا دێت و ئۆجەلانیش رۆڵی گەورەی دەبێت لەو گۆڕانکارییەدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆجەلان رۆڵی گەورەی لەکۆنگرەی دەم پارتی دەبێت، بۆ خۆی کەسایەتییەکان بۆ سەرکردایەتی دیاری دەکات و هەروەها بۆ خۆشی سەرۆکێک هەڵدەبژێرێت بۆ دەم پارتی، کە بڕیارە ناوی پارتەکە بگۆڕدرێت.
ئەوەی گرنگە و قسەی لەسەر دەکرێت، لە کۆنگرەی دەم پارتیدا سەلاحەدین دەمیرتاش هیچ رۆڵێکی نابێت، ئۆجەلان دەیەوێت رۆڵی دەمیرتاش لاواز بکات و ئیدی بەهیچ شێوەیەک وەکوو سەرۆک سەیری نەکرێت.
دوای ئەوەی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ، شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی ئۆجەلانیان کرد، ئۆجەلان گلەیی لە دەمیرتاش هەبووە و گوتویەتی هەڵەی کردووە دژی رەجەب تەییب ئەردۆغان وەستاوەتەوە و گوتویەتی ”ناتکەین بەسەرۆک“، چونکە ئەوە کێشەی ئەوان نییە کێ دەبێت بە سەرۆک، ئەوەی گرنگە ئامانجی ئەوانە، جا کێ سەرۆکە کێشەی کورد نییە.
ناکۆکی نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش بۆ چەند ساڵێک بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی دەمیرتاش لە زیندانەوە لە دیمانەیەکدا گوتبووی ”پەشیمانم لەوەی گوتبووم لە #ئامەد# پەیکەرێک بۆ ئۆجەلان دروست دەکەم“ ئەم گوتەیەی ئۆجەلان سەرکردایەتی پەکەکەی نیگەران کرد و لە میدیاکانەوە رەخنەی زۆریان لێگرت و تەنانەت بە کەسێکی خاین و نزیک لە ئەردۆغان ناویان هێنا.
ئەوەی گرنگە بیزانین، ئۆجەلان پارتێکی تازە دروست ناکات، تەنیا لەناو دەم پارتیدا گۆڕانکاری گەورە ئەنجام دەدات و ناوی دەم پارتیش بۆ ناوێکی تر دەگۆڕێت، رەنگە دوای کۆنگرە و هێنانی سەرکردایەتییەکی تازە، ستراتیژی پارتەکەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا دیاری بکەن، ئەگەر زۆرە بچنە ناو هاوپەیمانیی (کۆماریی)، کە لە نێوان ئاکەپە و مەهەپە دروست بووە، ئەگەر ئەوەش روو نەدات، بەناڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا، دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەدات بۆزکورت، رۆژنامەنووسی دیاری تورکیا، ئۆجەلان دەیەوێت پەروین بوڵدان بکاتە سەرۆکی ئەو پارتە تازەیەی دەیەوێت دایمەزرێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا پارتێکی تازە نییە، بەڵکوو هەر دەم پارتییە و ناوەکەی دەگۆڕێت و ئۆجەلانیش ناوێکی تازەی بۆ دادەنێت و بوڵدانیش بەهێزترین کەسە بۆ پۆستی سەرۆکی پارت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=