=KTML_Bold=لە مەلای گەورەوە بۆ مەلا مەزهەر؛ دەربارەی ئافرەت و چەک و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا=KTML_End=
ئەبوبەکر کاروانیئەبوبەکر کاروانی
بەداخەوە، کە ئێمەی کورد لە سۆنگەی لاوازییەکانی بیری نەتەوەیی و نەژیانی مێژویی لە سایەی دەسەڵاتێکی ناوەندی و ناکۆکی کردنی جیاوازەکان و هۆکاری ترەوە، زۆر جار کارەساتەکانیش کۆمان ناکاتەوە، شەڕەکان بەناوخۆیی دەکەینەوە، بەوەش لە ڕەمز بوونی ئازار و مەینەتییەکان و ڕەونەقی قارەمانییەتییەکان کەم دەکەینەوە.
بۆیە ئەگەر لە دەیان ساڵی ڕابردوودا هیچ ڕووداوێک بەقەدەر کارەساتی دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەڵەب کوردی بە دەوری خۆیدا کۆنەکردبێتەوە و گیانی هاوسۆزی نەتەوەیی گڵپە پێ نەسەندبێت، کەچی سەرەڕای ئەوە، هەندێک هەر هەبوون، بە دوو ئاڕاستەی جیاواز دژ بەم دیمەنە جوانە بجوڵێنەوە، بەشێکیان هەوڵیان دا ئیسلامییەکانی کوردستان بخەنە شوێنی هێزەکانی شەرع و بە نەفرەتیان بکەن، کە ئەمە سەرەڕای بوونی هەر ڕەخنەیەک لە هەڵوێستی ئەوان، خزمەتمان ناکات و کۆمەڵگە دابەش دەکات و دەیدات بەگژی یەکتردا و دەڕژێتە خانەی دەزگا هەواڵگرییە هەرێمایەتییە دژەکانەوە!
بەدیوەکەی تریشدا، بەداخێکی زۆرەوە، بەشێک لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکە لە دیدێکی نانەتەوەیی و لە سۆنگەی جیاوازی ئایدۆلۆژییەوە، کەوتنە هەوڵدان بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەوەی ڕویداوە لە هەموو ئاماژە و ناوەرۆکێکی ئەخلاقی و ستەملێکراوی مێژویی کورد و ستەمکاریی دوژمنەکانی بەعەلمانی و ئیسلامییەوە.
لەم نێوەندەشدا، هەڵوێستی مەلا مەزهەر خۆراسانی بوو بە ناونیشان بۆ ئەم شەبەنگە. ڕەنگە ئەوەش بەهۆی شێوازە کۆمیدی و تەهەکومییە ناسراوەکەی ناوبراوەوە بێت، کە بە بڕوای ئێمە پێچەوانەی کەسێتی زانای کوردە و بەڕاستی نازانین.
مامۆستا #مەلا مەزهەر# لە میانەی دەربڕینی بۆچوونەکانی لەسەر پەلاماردانی دوو گەڕەکەکە و دانیشتووانەکەیان، دوو مەسەلەی وروژاند، کە یەکێکیان پەیوەندی بە شوێنگەی ژن لە ئیسلامدا هەبوو، وەک ئامرازێک بۆ تانەدان لە کەسێتی و ڕۆڵی کچە کوردە جەنگاوەرەکان لە ڕۆژاوادا، دووەمیشیان تەکفیر کردنی هێزەکانی #هەسەدە#و #یەپەگە# بوو، کە ئەویش پێشینەیەکی یەکجار خراپ و حساب بۆ نەکراو بوو. کە ئەمڕۆ ئاماژەیەکی کورت بە یەکەمیان دەکەین و دووەمیشیان هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر، چونکە ئەویش مەسەلەیەکی یەکجار هەستیار و ترسناکە و نابێت بەبێ ڕەخنە لێگرتن بڕوات.
ناوبراو باسی لەوەکرد کە لە ئیسلامدا شوێنگەی ژن ماڵەوەیە، نەک چەک هەڵگرتن و شەرکردن، ئیشی ئەوەیە چا بۆ پیاوەکەی تێبکات و پیاوەکەی شەڕ بکات. ئێمە لێرەدا بەدەر لە هەر واقعێکی ئێستا لەو بارەوە، دەمانەوێت، لە دیدێکی مەنهەجیی ئیسلامییەوە، لەسەر ئەم دیدە بوەستین و ڕەتیبکەینەوە و پرسیار بخەینە سەر ناوەرۆکی ئیسلامیی بوونی.
بەڵام سەرەتا دەخوازم ئاماژە بەوە بکەم، کە بێ پەردە، دژی ئەو ڕەوتە فێمێنیستییە دژە خێزانییە توندڕەوەم، کە بە چاوی سوک سەیری ڕۆڵی دایکایەتی و هاوسەرێتی و بنەڕەتبوونی ژن لە خێزاندا دەکات، چونکە هەردو ئەرکەکە لە دیدی ئیسلام و جەوهەری مرۆڤایەتیشەوە پیرۆزن. هەروەها پێم وایە جەنگ لەبنەڕەتدا ئەرکێکی پیاوانەیە و ڕۆڵی ئافرەت لەوڕوەوە تەواوکارییە.
بەڵام کاتێک قسەکردن لەم دوو ئەرکە بمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی تاڵیبانیانەو داخراو نەریتی دژ بە ژیاننامەی پێغەمبەر و واقیعی مێژویی کۆمەڵگەی موسوڵمانی کوردەواری و گیانی سەردەم و پێویستییەکانی پاراستنی ماف و کەرامەتی ئافرەتی موسوڵمانی هاوچەرخ، دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین و هەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوانەمان دەربارەی هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک بڵێین، ئەوەی مامۆستا مەلا مەزهەر خۆراسانی دەربارەی ئیسلام و ئافرەت دەیڵێت، تەنیا نوێنەرایەتی بۆچوون و ڕاو تێگەیشتنێکی تاکەکەسی سنوورداری خۆی بۆ ئەم پرسە دەکات و هیچی تر، بۆچوون و تێگەیشتنەکەشی بە هەڵە دەزانین و ڕەتی دەکەینەوە، پێشمان وایە لە ڕووی مەنهەجی و ئەدەبیشەوە وا ڕاستترە، کاتێک کارەکتەرە دینی و ئیسلامییەکانی کۆمەڵگە قسە لەسەر بابەتێکی لەم جۆرە دەکەن، کە هەڵگری تێگەیشتنی جیاوازە، خۆیان نەکەن بە وتەبێژی فەرمی ئیسلام و بە ناوی ئەوەوە قسە نەکەن، بەڵکوو بڵێن لە ڕوانگەیەکی ئیسلامییەوە فڵان شت وایە واتە بۆچوونەکەیان بخەنە پاڵ جۆری تێگەیشتنی خۆیان بۆ ئیسلام نەک خودی ئیسلام وەکوو ئایین.
هەرچی پەیوەندی بە تێگەیشتنەکەشیەوە هەیە بۆ ڕۆڵ و پێگە و مافی ئافرەت لە دیدێکی ئیسلامیی مەنهەجیەوە، لەوانەش مەسەلەی ئافرەت و چەک و بەشداری لە جەنگەکاندا، وادەبینم هێندەی ڕەنگدانەوەی هەندێک داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و فیقهی کاریگەر بەو داب و نەریت و عورفەیە، ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ئیسلام و مەبەستەکانی شەریعەت واقیعی ژیانی پێغەمبەری خوا نییە، لەم ڕوەشەوە لەبەر درێژ نەبوونەوەی وتارەکە تەنیا ئاماژە بە دوو بەڵگە دەکەم:
* پێچەوانە بوونی دیدەکە لەگەڵ تێگەیشتن و واقیعی ژیانی پێغەمبەر (د.خ.) و هاوەڵانی، لەبەر ئەوەی لاپەڕەکانی مێژوو بۆی تۆمار کردوین، کە چەندین ئافرەتی موسوڵمان و هاوەڵ لەگەڵ پێغەمبەر (د.خ.) بەشێوازی جۆراوجۆر و لەوانەش بەکارهێنانی چەک، بەشداریان لە شەڕەکاندا کردووە. ئەوەش دەیسەلمێنێت بۆچوونەکەی ناوبراو دژ بە جۆری پیادەکردنی ئیسلامە لە لایەن ئەو زاتەوە.
* بوونی نیمچە کۆدەنگییەک لەنێوان فەقیهەکاندا لەسەر ئەوەی، کە هەرکاتێک پەلاماری وڵاتێکی موسوڵمانان درا و پیاوان بەتەنیا نەیانتوانی ڕووبەڕووی داگیرکارییەکە ببنەوە، ئەرکی ئافرەتانی موسوڵمانە ئەو بۆشایی و لاوازییە سەربازییە پر بکەنەوەو بەشداری جەنگەکە بکەن.
واتە لە فیقهە نەریتییە مێژوییەکەشدا ئافرەتانی موسوڵمان بەهێزێکی سەربازی یەدەگ لە قەڵەمدراون و وێناکراون، کە پێویستە لە کاتی پێویستدا بەشداری شەڕەکان بکەن، ڕوونە ئەوەش مەشق و ئامادەکارکردنیان لە ڕووی سەربازییەوە دەخوازێت. ئەوەش ئەو شتەیە کە مەلای گەورەی کۆیە لە سی و چلەکانی سەدەی ڕابردوو پێشنیار و داوای کردووە.
واتە پێی وایە دەبێت ئافرەتانی کۆمەڵگە مەشق و ڕاهێنانی بەکارهێنانی چەک و سەربازیان پێبکرێت، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەشداری بەرگریکردن لە گەل و وڵات بکەن.
جگە لەوەش ئەم دیدە ئیسلامییە نەریتییە بۆ شوێنگە و ڕۆڵی ژنی موسوڵمان لە کۆمەڵگەیەکی نوێدا، چەندین کێشەی لێ دەکەوێتەوە لەوانەش:
*پرسیار خستنە سەر هەزاران ئافرەتی موسوڵمان و لەوانەش کەسوکاری کارەکتەرە دینی و ئیسلامییەکان، کە لە ئێستادا لە فەرمانگە جۆراوجۆرەکاندا کاردەکەن، چونکە بەگوێرەی ئەو تێگەیشتنە نامەقاسیدی و نەریتییە بۆ ئیسلام، دەبێت هەموویان لە دۆخی گوناح و سەرپێچی لە ئیسلامدا بژین؟! بە حوکمی جوڵەکردن و ئامادەبوونیان لە پانتاییەکدا ئیسلام ڕێگەی پێ نەداون؟
ئەوتۆمەتەی بەرانبەرە فیکرییە دژەکان دەسەلمێنێت، کە لە ڕابردوودا ئیسلامیان بەوە تاوانبارکردووە ژن لەماڵدا زیندانی دەکات ڕۆڵی لە دەرەوەی ماڵ سفردەکاتەوە و باشترین خزمەتیان پێ دەکات.
*واقیعی ئەم سەردەمەو ئەو ئاڵ و گۆرەی بەسەر جۆری ژیان و خێزان و ڕۆڵ وێنای ئافرەتدا هاتووە، ئەم جۆرە دیدەی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە تێپەراندوە، بەوەش ئیسلام لە پێگەی ڕەتکردنەوە نەکوو لەخۆگرتن و ئیسڵاح دەخاتە بەرانبەر ڕەوتی گەشەکردنی مێژوو کۆمەڵگە و واقیعی نوێی موسوڵمانانەوە، بەشداریکردنیشی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڕاستەدان بە ژیانی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات (هەڵبەت واقیعی دایکیشم لە لادێکەیدا پێچەوانەی ئەمە بووە و زۆربەی ئەوەی باوکم لە دەرو دەشت دەیکرد ئەویش بەشداربوو)
لێرەوە وا دەبینم ئەم جۆرە قسە و هەڵوێست و دیدە هێندەی دەکرێت بە کەرەستە بۆ بەدبین کردنی نەوەی نوێی کۆمەڵگە بەرانبەر بە ئیسلام و کێشە لە تێگەیشتنەکاندا درووست دەکات، خزمەت بە ئەو کۆمەڵگەش ناکات. هەر بۆیە بەهەڵەی دەزانین و ڕەتی دەکەینەوە. [1]