ناونیشانی بابەت: ئازای حەسیب قەرەداخی شیعرێک بەسەر #کەژاڵ نووری# و بەرهەمەکانیدا دەنوسێت
کاکە ئازای حەسیب قەرەداخی بۆ پرۆژەی ماڵی کتێب کاتێ داوای لێکردم کە بە دەقێکی خۆم بەشداری بکەم، منیش دەقی قەسیدەی رەیپ بەشی یەکەمی قەسیدەکەم بۆ نارد. و داوام لێکرد پێم بڵێت کە بە دڵیەتی یاخود نا؟ کاتێک قەسیدەکەی خوێندبۆوە، بە شیعرێکی جوان وەسفێکی من و نوسینەکانمی کردووە و لە ئاکاونتی فەرمی خۆی بڵاوی کردبۆوە. زۆر دڵخۆشی کردم. هەرچەندە کاکە ئازا دواجار چەند بەشێکی لە قەسیدەی ( هەر گلەیی بێت لای تۆ دایکە) ی لە کتێبەکەدا بڵاوکردبۆوە، کە بۆ مەرگی دایکم نوسیبووم.
فەرموون کاکە ئازا لە بارەی منەوە چی ئەڵێت:-
بۆ پرۆژەیەکی (ماڵی کتێب)، خاتوو ( کەژاڵ نوری) قەسیدەی ( رەیپ - ئەتک، دەستدرێژیی سێکسیی) بۆ ناردووم، کە یەکێکە لە قەسیدە زۆر نایابەکانی خۆی. داوایشی لێ کردووم دوای خوێندنەوەی، قسەم لە بارەیەوە ھەبێ. منیش لەبری قسە و ھەڵسەنگاندن و رەخنە بۆم نووسیوە؛
دەقی کەژاڵ نوری
نوسینی ئازای حەسیب قەرەداخی
بورکانێکی زۆر توڕەیە
لەناو خۆیدا
کڵپە دەکا و
دەبێتە تیشکێکی تاریک
گریانێکی ئەبەدییە
بۆ مردنی
تکای بەجێماوی دایک
ئاسمانێکی فراوانە
بۆ فڕینی
چۆلەکە وێڵ بووەکانی
ڕێی ئازادی
حەزی بێ شوماری خۆیشی
دەئاخنێتە
لێواری توولە رێیەکی
تەنک و باریک
وتم خۆ تۆ کەنیزە نیت
بۆچی چوویتە
ناو بازاڕی نەخاسەوە
بۆ چوویتە بەر دەستی مالیک
وتی رۆییم
تاکو لەگەڵ
ژنێکی ئەتک کراودا
ڕووت ببمەوە
شیوەنێک بگێڕم نەبێ
فێری بکەم
شەرم نەکا
یاخی ببێ
بۆ یەکجاریی
شەرەف لە زەلکاوێ بنێ
ئەگەر ھەبێ
دەبێ لەناو پێڵاوێکا
بیکا بە بەرزقێ شەھوەت
پێی دەڵێم من
شەرم ناکەم
وا دەچمەوە
سەر شەقامی
بڤەی عەورەت
وتم دوایی
کە ھاتییەوە
وەکوو یەکەم کەوشەنی چێژ
ھەڵزنێ بە باڵای کێشمەکێشی لە مێژ
وەک تونێلی دەربەندیخان
پرچی سووتاوی گەرمیان
بئاڵێنە
لە ماشەری دەستی کوێستان
ببەرەوە
بە بەرماڵی
پاکی نوێژ
ئەگەر فەرامۆشیان کردی
بیکە بە تۆفی بارانت
ئەگەر ئافەرینیان کردی
بۆ نەمامی
سەر گۆڕەکەی
دایە، بڕژێ
وەک رشێنەی بەھارانت
پرسی ئایا من دەناسن؟
وتم گەرچی
کەزییەکانت خوێناوییە
وەک تەلبەندی
سەر سنووری
وتم گەرچی
گڕ و کڵپەی
نەبینراوی
ژنێکی یاخی روو سووری
بەڵام خۆ من
دەتناسمەوە
کەژاڵ نوری
ھەندێ لە وشەکانی ناو ئەم پۆستەرە شیعرییەم وشەی ناو قەسیدەکەی خاتوو کەژاڵە و تێھەڵکێشم کردوونەتەوە.
ئازا حەسیب قەرەداخی [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!