داستانی سەری ڕەش ئەو شەوەی بەفر گڕی گرت
خەبات و تێکۆشانی چەکداری لە ڕۆژە سەختەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەڕابەرایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، مێژووێکی گەش و پڕ لەسەروەریی لە لاپەڕەکانی خەباتی نەتەوەکەمان تۆمارکردووە، کە تاکوو ئێستاش داستان و نەبەردییەکان وەکوو چیرۆک و ئەفسانە بۆ نەوەی داهاتوومان دەگێردرێتەوە.
لەو گەشتەمان بەناو توولە ڕێیەکانی کوردایەتیدا، لەگەڵ یەکێک لەو فەرماندە جەربەزه و خۆنەویستانەی ئەوێ ڕۆژێدا دەدوێن تا بمانباتەوە ئەو ڕۆژگارەی کە بەفر گڕی دەگرت، لەم گەشتە پڕ دوین و یادگار ئامێزەدا، #بورهان سەعید سۆفی#، یەکێک لەقارەمانە بەشدارەکانی نەبەردیی و داستانی گرتنی سەری ڕەش، تیشک دەخاتە سەرداستانە کەموێنەکەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری هەردوو مەڵبەندی سێ و چواری هەولێر، کە ئەویش داستانی سەری ڕەشە.
بورهان سەعید سۆفی لەگێڕانەوەکەیدا بەباسکردنی کەشی ساردی ئەو ڕۆژگارە دەستی پێ کرد و وتی: شەوێکی زۆر ساردو زریان بوو، بەفر هەموو ڕێگەکانی گرتبوو، تەنیا ڕێگەی پێشمەرگە نەبێت، لە هەموو ڕۆژە سەختەکان بەو هەموو ساردی و سەهۆڵبەندانە هەمیشە ڕێگەی تێکۆشان و خەباتی پێشمەرگە هیچ بەربەستێک نەیدەتوانی دایبخات و هەردەم ئاواڵابوو.
دەبێت ئەوانەی لە چیرۆکە ئەفسانییەکان شارەزان بتوانن لەناو ڕۆمانەکانیان جێگا بۆ سەختی ئەم شەوە بکەنەوە، مۆسیقاژەنەکانیش دەتوانن پێناسەی ئەو دەنگە بکەن و نۆتە لەسەر ژێی ئامێری مۆسیقاکانیان دابنێین و لەگەڵ ئەم ڕۆژە سەخت و ساردە بەسەر بەفر و بەژێر پێڵاوە لاستیکەکان لەژێر نەعرەتەی هەڵمەتەکانی هێزی پێشمەرگە چۆن سەنگەرەکانی دیکتاتۆرییەت یەکەیەکە هەرەسیان دەهێنا لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە، تاوەکوو دەشتی هەولێر و بناری قەرەچۆغ.
ئەو ڕۆژەی بورهان سەعید سۆفی بەسەرهات و شانازییە گەورەکەی دەگێڕێتەوە 28ی1ی 1988-ە کە لەداستانێکی بێ وێنە لە شارۆچکەی سەری ڕەش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پێشمەرگەکانی یەکێتی لە سنووری مەڵبەندی سێی هەولێر توانییان وانەیەکی تری نەبەزین و بێ هیوا نەبوونی کورد لەکوردایەتی بدەنە دوژمن، بە جۆرێک دوژمن هەرگیز لەبیری نەکات.
ئەو داستانەش بیرۆکه و پلان داڕێژەرەکەی کاک کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بوو، کە ئەو کاتە بەرپرسی مەڵبەندی #هەولێر# بوو، لە سماقوڵ شەهید #سابیر ڕەسوڵ# لێپرسراوی سەربازی بوو، لەگەڵ ڕائید جەلال، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە لە ڕووی جوگرافیاوە جوگرافیایەکی سەخت و دژواری هەیە، بۆیە ڕۆژێکی ساردو بەفر و زریانیان هەڵبژارد، لە لایەکی تریش پەیوەندی بەهەندێک چەکداری ڕژێم کرا کە بەئاگاداری شۆڕش چەکی ڕژێمیان هەڵگرتبوو، بۆ ئەوەی ئاسانکاریمان بۆ بکەن لەوانە نامق بیرێژی یەکێک بوو لەو چەکدارانەی پارێزگاریان لەسەری ڕەش دەکرد.
لەگەڵ چەند فەوجێکی مەغاویر کە لە سەری ڕەش بوون، ئەوەبوو بەر لە چەند ڕۆژێک کە چالاکییەکە دەست پێبکات لە ڕێگەی شەهید نامق هەندێک لەهەڤاڵانی ئێمە داخڵی ناو سەری ڕەش بوون.
ئەو مەفرەزەیەش پێکهاتبوون لەهەڤاڵ کەریمە ڕەش و شەهید میکائیل و شەهیدی فەرماندە هاشم شەمامکی، شەهید سۆران و ئاوات و ئارام چاوشین، دوای گەڕانەوەیان بۆ گوندی بێرۆکان کە ئەو کاتە ماڵی ئێمە لەو گوندە بوو، کە کەوتبووە تەنیشت ناودۆراکان و زیارەت کۆبوونەوەی هەموو فەرماندەکان لەوێ دەستی پێ کرد و هێزەکە بەمشێوەیە دابەشکرا: تیپەکەی ئێمە کرا بە دوو بەشەوە، که ئەو کاتە شەهیدی فەرماندە تەحسین کاوانی سەرتیپی 85ی بەرانەتی بوو، شەهید #مەلا سلێمان# جێگری سەرتیپی 86ی دەشتی هەولێربوو، ئەوەبوو تێکەڵکرا لەگەڵ دوو کەرتی تیپی 85ی بەرانەتی، ئێمەش دوو کەرت کە یەکیان من بووم فەرماندەی کەرتی سێی تیپی 85ی بەرانەتی و شەهید میکائیلیش فەرماندەی کەرتی یەک بوو، کەریمە ڕەشیش فەرماندەی کەرتی سێی تیپی 87ی قەرەچوغ بوو، ئەویش لەگەڵ ئەو هێزەی ئێمە بوو، ئەو هێزەی ئێمە کە دەستنیشان کرابوو بۆ قەسری مەلیک لەسەری ڕەش سریەیەکی مغاویری لێبوو، دەوربەرەکەشی بەچەکدارەکانی کورد، واتە بە جاش دەور درابوو، شوێنە ستراتیجییەکانیشی سوپای تێدابوو.
وا دەستنیشان کرابوو شەهید ڕێباز و سەفینی مەلاقەرە و #مام غەفور# هەریەکه و لە شوێنێک هێزەکەی جێگیر بکات، هێزەکە هەمووی دابەشکرا، لە هەمان کاتیش هێزێک بۆ پشگیری لۆجیستکی دانرا، کە ئەو کاتە ڕێکخراو هەبوو، ئەو ئەرکە بەڕێکخراو سپێردرا، کە شەهید شاخەوان و شەهید بەهرۆز قەشقەیی و عەبدوڵڵا تۆفیق و بەکرە سوور ئەوانە هەرهەمووی ئامادە کرابوون بۆ ئەوەی یارمەتیی هێزەکە بدەن، بە تایبەت بۆ ئەو مەبەستەی ئەو دەستکەوتانەی لەشەڕەکە بەدەست دەهێنرێن بتوانرێت بەئاسانی بگوازرێتەوە، پاش ئەو ئامادەکارییانە کاتژمێری سفر دیاری کرا، کە لە 12 شەوەوە بوو. ئەوە هێزەی ئێمە کە هاتین لە لای بیرێژیەوە سەرکەوتین یەکەمجار کەچووینە ناو ڕەبایەیەک ئارام چاوشین لەوێ بوو وتم ئارام پێشمان کەوە، چونکە بەڕاستی زریانێکی وابوو نەتدەزانی تۆ لە کوێی، ئەوەبوو کاک ئارام پێشمان کەوت، من و ئاسۆ ئەڵمانی و کەریمە ڕەش و شەهید میکائیل جادە و جادە هاتین بەئاڕاستەی پیرمام بۆ سەری ڕەش، ئەوەبوو شەهید نامق تا نزیکی ئەو خاڵەی بۆ ئێمە دانرابوو لەگەڵمان هات و دواتر گەڕایەوە لەبەر ئەوەی دەبوایە لەگەڵ هێزێکی تریش بڕوات.
بەر لەوەی بگەینە شوێنی مەبەست ئۆتۆمبیلێک هات ڕەماشی بۆ لێ داین، ئێمە لەقەراغ ڕێگەکە خۆمان حەشارداو زریانیش بوو لەبەر ئەوە ئێمەیان نەبینی، گەیشتینە خاڵی مەبەستی خۆمان، کە سریەیەکی مغاویری تێدابوو، ئەو شەوە کە 28ی مانگ بوو فەرماندەی سریەکە چووبوو بۆ هەولێر بۆ ئەوەی مووچە بهێنێت، ئەوەبوو نەکەوتە دەستمان، ئەگەر شەوێک خۆمان دواخستبایە هەرهەموو پارەکەش دەبووە دەستکەوتی شۆڕش و چالاکییەکەمان.
ئێمە بەرەو قەسری مەلیک فەیسەل لە سەری ڕەش بەڕێکەوتین، ئەو هێزەی تری ئێمه و بەشێک لە پێشمەرگەکانی قەرەچوغ ئەو دوو ڕەبایەی سەری قیرژە و هەر هەموو خاڵەکانی تر لە ماوەیەکی زۆر کەم ئازاد کران و کەوتنە بەر دەستی پێشمەرگه، هێزێکی زۆر لە مەسیفەوە هات لە هەولێرەشەوە بۆ مەسیف هاتن، بەڵام هەر هەموویان کەوتنە بۆسەکانی هێزی پێشمەرگە و تێکشکینران.
بورهان سەعید سۆفی لەدرێژەی گێڕانەوەی ئەو داستان و نەبەردییەدا کە چۆن پێشمەرگەکانی یەکێتی لە ڕۆژگاری ئەوپەڕی نائومێدی کورد و سەمەست بوونی ڕژێمەکەی سەدام حسێن بەسەرکەوتنەکانی، سەری ڕەش دەکەنە مەیدانی گیانبازی پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وتی : بۆ گرتنی قەسرەکەی مەلیک پێشتر شەهید نامق نەخشەکەی بۆ ئێمە کێشابوو، واتا بەوردیی جۆری کۆشکەکه و هەموو دامەزراوه و خاڵەکانی لەسەر نەخشەکە دیاریکرابوو، کە چوار خاڵی لێبوو بە دیوی گڕاوو هەڵدێربوو بەرانبەرەکەشی هێزێکی بۆ دانرابوو کەدێت لێی بدرێت، لەو لاشەوە هەر هەموو لوغم ڕێژ کرابوو دەبابەیەک و تانکێکی نەفەر هەڵگری لیبوو، کە کەمتر لەسەد مەتر لەقەسرەکە نزیکبوون، کە گەیشتین لەبەر زریان و تەم ومژ زۆر بەخراپی دەمان بینی زۆر نزیکبووینەوە ئینجا زانیمان کە ئەوە دەبابەکەیە بۆیە دامەزراین ئێمە بەئاڕاستەیەک کاک کەریمە ڕەشیش بەئاڕاستەیەک ئەوەبوو خاڵی یەکەممان بەبێ تەقە دەست بەسەر داگرت و چووینە ناوی و لەو خاڵەی بەرانبەرمان یەکێک لەعەسکەرەکان هەستی پێکرد و هەڵات و کەوتە بەردەممان و لەوێوە تەقە دەستی پێ کرد، تەنانەت لە هەندێک شوێن لەگەڵ هێزەکەی دوژمن بەدووریی دوو مەتر سێ مەتر لێک نزیک بووین. بەماوەیەکی زۆر کورت دەستمان بەسەر قەسری مەلیکدا گرت.
هەر لەدرێژەی بیرەوەرییەکانیدا بورهان سەعید سۆفی دەگێڕێتەوە، لەو کاتانەی ئێمە دەستمان بەسەر قەسردا گرت کاک کۆسرەت بە بێ تەل پەیوەندی بە من و کەریمە ڕەشەوە کرد و وتی ئەو دوو ڕەبایەی سەری قیرژە ئاڵۆزی بۆ درووستکردوین و ڕێگەنادەن سەرکەوین، ئێوە لە دواوە وەرن، منیش وتم کاک کۆسرەت من ئێستا نازانم ڕوومان لە کوێیە ئێوەش لە کوێن، لەبەر ئەوەی زریان و تەم بوو بینین زۆر زەحمەت بوو، کاک کۆسرەتیش وتی تۆ بەئاڕاستەی سماقووڵی هەر بەم ئاڕاستەیە وەرە پێش لەگەڵ کەریمە ڕەش، ئەوە بوو ئێمە تۆزێک چووینە پێش هێشا لەناو هەندێک شوێن تەقه مابوو لەناو قولغه و زاوییەکان، لەناو ڕەبایەکان شەش چەکدار بەئاڕاستەی ئێمە هاتن نەیاندەزانی ئێمە پێشمەرگەین، بۆ چەک هاتبوون فیشەکیان نەمابوو گوایە ئێمەش وەکوو ئەوان جاشین، بەڵام هەرکە زانیان پێشمەرگەین تووشی شۆک بوون ئەوەبوو چەکمان کردن و ئازادمان کردن، بورهانی سەعید سۆفی.
هاوکات بورهان سەعید سۆفی هەر لەو گێڕانەوەیەدا ئاماژهی بەژمارەی شەهیدەکان و زەرەر و زیانی دوژمن و دەسکەوتەکانی هێزی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند: پاش ئەوەی کۆنترۆڵی سەربازگاکه و سەری ڕەشمان کرد ژمارەیەکی زۆر لەسەربازو ئەفسەرمان بەدیل گرت، چوار ئەفسەر لەبەر دەستی ئێمە بوو، هەرچی تانک و زرێپۆش هەبوو لە سەری ڕەش هەرهەمووی کەوتە بەر دەستی هێزی پێشمەرگە، دیارە زەحمەتیش بوو لە ڕێگەی کۆڕێ ئەم هەموو تانکانە دەربازبکرێت، بەداخەوە بەهۆی دارمانی شاخێکی گەورە لەنێوان ڕێگەی گڕاوو سەری ڕەش ئەو ڕێگەیەشمان لێگیرا، بۆیە تاکوو کاتژمێر 7ی بەیانی چاوەڕوانمان کرد بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ دەربازکردنی تانک و زرێپۆشەکان، بەڵام هەر نەمانتوانی دەربازیان بکەین.
ئەوەبوو کاک کۆسرەت فەرمانی دا کە بەناچاریی هەر هەموو تانک و زرێپۆشەکان بسوتێنین، بۆیە بە چەکی ئاربیجی تەقێندرانەوە لە هەمان کات 900 چەکی کلاشنکۆفمان دەستکەوت لەگەڵ چەندین هاوەنی 120ملم و ئاڕپی جی و تادوایی، ئەوانەمان بە وڵاغ گواستەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە.
لەم داستانەدا 13 شەهیدمان هەبوو لەوانە تەنیا 7 شەهید بەگوللە بوو ئەوانی تریان لەبەفر ڕەقبوونەوه و شەهیدبوون.
زیانی گیانی دوژمن زیاتر لە 200 کوژرا و بوو 70 کەسیان لێ بەدیلگیرا لەسەربازو ئەفسەر.
دەربارەی دەنگدانەوەی ئەو داستانەی هێزی پێشمەرگە بورهان سەعید سۆفی ئاماژەی بەگەورەیی و ناوبانگیی ئەم داستانە کرد و وتی : ئەم داستانە بە جۆرێک دەنگی دایەوە لەڕادیۆکانی دەنگی ئەمریکاو مۆنتیکارلۆ و لەندەن ئاماژەی پێدراو جارێکی تر بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەی جیهان بزانێت کە شۆڕشی کوردان کۆتایی نەهاتووه و ئەو سەرکەوتنانەی ڕژێمەکەی سەدام ئیدیعای دەکات ڕاست نییه و هێشتا کورد لە ئێراقدا بۆ مافە نەتەوەییەکانی تێدەکۆشێت. ناوبانگی هێزی یەکێتیش لەبڵندگۆی ئەم ڕادیۆیانەوە جارێکی تریش بەجیهاندا بڵابوویەوە بۆهەموو دنیا.
لەباسکردنی پەرچە کرداری ڕژێمی بەعسیش لە بەرانبەر ئەو داستانە مەزنە، بورهان سەعید سۆفی گێڕایەوە، هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەسازییان کردبوو بۆ هەر پەرچە کردارێکی بەعس، جگە لەوەش سوپای ڕژێمەکەی سەدام ئەزموونێکی تاڵی هەبوو لەو ناوچەیە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی یەکێتی و لەم ناوچەیە زۆر جار خۆی تاقیکردبووەوە وەکوو شەڕەکانی سماقوڵی بنەباوی و زۆری تر، بەڵام نەیتوانیبوو تەنیا یەک مەتریش لەو شوێنانەی ژێردەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە داگیربکات، بۆیە ئێمەش ئامادەسازیمان بەتەواوی وەرگرتبوو، ئەگەر ئەوان هەر جووڵەیەک بکەن ئێمە زۆر تووندترو کاریگەرتر پەلاماری هێزەکانیان بدەین، هەروەها لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە شەهید دڵشادی وێنەگر ڕۆڵێکی زۆر باڵای هەبووکە لەو کاتەدا کامێرەیەکی ڤیدیۆی پێبوو، هەمووداستانەکەی تۆمارکرد و کاسێتەکەی ئێستا لای کاک عەباسی ڤیدیۆیە، بەڕاستی دۆکیۆمینتێکی زۆر تایبەت و پڕ شانازییە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێشمەرگەکانی یەکیتی بەتایبەتیی و هیوادارم ئەو فیلم و ڤیدیۆیانەی هەن کە داستانە گەورەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان لە قۆناغی خەباتی شاخ دا تێدا تۆمارکراوە کۆبکرێنەوه و فیلمی بەڵگەنامەییان لێ درووستبکرێت، بۆ ئەوەی نەوەکانی و داهاتوو بەو شانازییە گەورانە ئاشنا بکرێن و بزانن یەکیتی چۆن پارێزگاری لەبوونی کورد و ناوچەکه و مافە نەتەوەییەکان کردووە. [1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 505 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!