$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- نرخی بلیتی فڕۆکە بۆ گەشتی #کرماشان#-تاران بەڕێژەیەکی باوەڕپێنەکراو بەرزبووەتەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد، بەچەشنێک نرخی بلیتی گەشتێک کە پێشتر بە پێی جۆری فڕۆکە و کورسییەکە 200 تاکو 300 هەزار تمەن بووە، ئێستا بۆ 962 هەزار تمەن واتە نزیکی یەک ملیۆن تومەن بەرزبووەتەوە. ئەویش بۆ گەشتێک کە تەنیا 45 خولەک دەخایەنێت.[2]
- کاتژمێر 9ی بەیانی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئەیووب نیکزاد، کوڕی عەتا، خەڵکی گوندی سەردۆش سەر بە شاری #مەریوان# بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو و ڕوانەی نەخۆشخانە کرا.[4]
- بە هۆی کۆنەکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە لایەن شارەداری مەریوانەوە، خەڵکی ئەو شارە ئاگریان لە زبڵ و خاشاکەکە لە ناو شار بەردا.[4]
$باشووری کوردستان$
- محەمەد سەمعان بەرپرسی ڕێکخستنەکانی #بەرەی تورکمانی#، داوا لەحکومەتی عێراق دەکات پێکهاتەی نوسینگەی #کەرکووک#ی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت، چونکە بەپێچەوانەوە ڕێگە نادەن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامبدرێت.[1]
- کاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی #بزووتنەوەی گۆڕان# ڕاگەیاند، سەرەڕای داوای لێبووردنکردنی یەکێتی، بەڵام گۆڕان لەڕووی یاساییەوە ئامادە نییە لە یەکێتی خۆشبێت و دوای پشووی جەژنیش لە کۆبوونەوەدا ئەو پرسە تاوتوێ دەکات. هەروەها گوتی: گۆڕان سکاڵای یاسایی لەدژی یەکێتی تۆمار کردووە و لە سکاڵاکە ناکشێتەوە.[2]
- سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند، لەبازگەیەکی شارەکە دوو چەکداری #داعش# دەستگیرکران کە دەیانویست دزەبکەنە شارەکەوە.[1]
- بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی #هەولێر# ڕایگەیاند، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووی جەژندا، نزیکەی 5 هەزار کەس سەردانی ڕاگیراوانیان کردووە.[2]
- ئەمڕۆ بەلایەنی کەمەوە دوو کەس لە ڕووبارەکانی باشووری کوردستان خکاون.[3]
- وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی لەناکاو بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی 900 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی کەمبووەوە.[2]
$دەرەوەی کوردستان$
- دوای داڕمانی دراوی تورکی بەتایبەت لە هەفتەی ڕابردوو، بە جۆرێک کە تەنیا لە ڕۆژێکدا 20% بەهاکەی لەدەستدا، تورکیا گلەیی لە قەتەر دەکات کە لە قەیرانەکان لەگەڵی نەبووە، هیچ پاڵپشتییەکی نەبووە بۆ ڕزگارکردنی ئابووری ئەنقەرە و دابەزینی لیرە.[2]