=KTML_Bold=#نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ یادی 25ی نۆڤێمبەر کە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.=KTML_End=
ئەمڕۆ 25ى نۆڤەمبەر لە ڕۆژى جیهانیى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتاندا، هەموو پشتگیرییەک بۆ کەمپەینى 16 ڕۆژەى کار و چالاکییەکانى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپات دەکەینەوە. لێ بڕاوانە بەرامبەر بە هەر جۆرە توندوتیژییەک دژى کچان و ژنان و هەراسانکردنیان لە هەر کوێ و بە هەر پاساوێک بێت، دەوەستینەوه.
لەم ڕۆژەدا یادی هەموو ئەو ئافرەتانە دەکەینەوە کە ستەمیان لێ کرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە. هیچ شتێک دادی ئازارى گەورەی خێزان و دایک و باوکانى ئه و قوربانییانە نادات. تاکە دڵنەوایى بۆ ئەوان تەنیا ئەوەیە هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەى دادوەرى بۆ قوربانییان جێبەجێ بکرێت. هەروەها بە پێزانینەوە لە ڕۆڵى خانمانى چالاکوان و مامۆستایانى ئایینى و هەموو ئەوانە دەڕوانین کە بە هەر شێوەیەک بێت، بۆ باشترکردنى دۆخى ئافرەتان کار دەکەن.
لەم یادەدا پابەندیمان دووپات دەکەینەوە کە بە ئیرادەیەکى پته و و بە جددى بەرەنگارى هەموو توندوتیژى و پێشێلکارى و دەستدرێژییەک بەرامبەر بە ئافرەتان و مافەکانیان دەبینەوە. لە هەماهەنگى و کارى هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمى کوردستان و لەسەر ئاستى عێراق و نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبین. هەرگیز له کار و هەوڵدان بۆ بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکى ئازاد و دادپەروەر و یەکسان کۆڵ نادەین. [1]
نێچیرڤان بارزانى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
#25-11-2023#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=