ئەمڕۆ چوارشەممە ژووری ئۆپەراسیۆنی ڕاپەرین کۆبووەوە و نۆ بڕیار و ڕێنمایی نوێی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان دەرکرد.
بەپێی نووسراوێکی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەرین بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا بە واژۆی هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیوانی ئیدارەی ڕاپەرین ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا سەبارەت بە ڕێکار و ئامادەکاریی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە 44ی وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد.
بەپێی نووسراوەکە ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەڕین نۆ بڕیاری سەبارەت بە ڕۆژانی جەژن دەرکردووە، ئەوانیش:
یەکەم: سەرجەم بڕگە و خاڵەکانی بەیانی ژمارە 44 ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە داخستن و قەدەغەی کرانەوەی شوێنەکان جێبەجێبکرێن
دووەم: داوا لە مامۆستایانی ئاینیی دەکەین هەروەک ڕابردوو ئیسپاتیان کرد کە هاوکارێکی بێدرێغی ئیدارەی ناوچەکەن لە جێبەجێکردنی ڕێنماییی و بڕیارەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندیی گشتی هاوڵاتیان و تەندروستی خەڵکەوە، بە هەمان گیانی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە هاوکارمان بن لە ڕێنوێنی و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ پابەندبوونیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و تەندروستییەوە لە ڕۆژانی جەژندا و خۆبەدوورگرتن لە هەموو چەشنە کۆڕ و کۆبوونەوەیەک کە ببێتە هۆی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی و بەریەککەوتنی ناپێویست وەک مەراسیمەکانی پرسە و سەرقەبران و نوێژی جەژن.
سێیەم: بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ڕاپەرین ئەوپەڕی هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە تاوەکو لە ڕۆژانی جەژن و پشوودا ئاوی خواردنەوە بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکان دابین بکەن و بۆ ئەمەش میکانیزمی گونجاو و کاری پێویست دەکەن.
چوارەم: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ڕاپەرین و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ڕاپەرین میکانیزمی گونجاو بۆ ئێشکگریی ڕۆژانی جەژن و پشوو دادەنێن بۆ بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانیان.
پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان و کۆمپانیای پاککردنەوە بۆ پاکڕاگرتنی شار و شارۆچکەکان و پاککردنەوەی پاشماوەی (قوربانی) کاری خۆیان دەکەن.
شەشەم: بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ و سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکان خشتەی ئەرک و پلانی کاری ڕۆژانی جەژنیان بە تۆکمەیی جێبەجێ دەکەن.
حەوتەم: بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ڕاپەرین تیمەکانی غەواس و دەربازکردن ئامادە دەکەن لە بەنداوی سەروچاوە و دەربەند.
هەشتەم: داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان، خزم و کەسوکاریان بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە سەردان و هاتووچۆ و هەرچەشنە بەریەککەوتن و قەرەباڵغییەک بەدوور بگرن.
نۆیەم: سەرجەم یەکە کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ئاگادار دەکرێنەوە کە لەدوای پشووی جەژن ئه و لیژنەیەی لە بەیانی ژمارە 44ی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژەی پێدراوە کارا دەکرێت بەمەبەستی چاودێریی ڕەوشی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان لە فەرمانگەکاندا و پێویستە ئامادەکاریی تەواو بکەن.[1]