دەربەندیخان و شەمێران لە سێ هەزار و هەشت سەد ساڵ پێش ئێستا...
مێژوو بە بەڵگە بۆمانی دەگێڕێتەوە کە سەر زەمینی ئەم ناوچەیە زیاتر لە سێ هەزار و هەشت سەد ساڵێ پێش ئێستا شارێکی گەورەی پێشکەوتووی بەهێز بوە بەناوی شاری (شیمورو)ٚ دوواتر سنوری فراوانتر بووە بۆ شانشین.
ئەم شارە دێرینە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەبووە، کاتێک کە بنەماڵەی ئوری سێیەم و پاشای ئەکەد هێرش بۆسەر ئەم شارە دێنێت نازناوی (پادشای چوارلاکانی جیهان)ی لە خۆیناوە.
ئەی دەبێت پادشای ئەم مەملەکەتە کوردیە خۆڕاگر و بەهێزە کێ بوبێت ؟
پادشاو فەرمانڕەوای ئەم شارە (ئیدی سین) ە، ئیدی سین باوکی (زابازونا)یە و کوڕەکەشی هاوکاری باوکی بووە لە ململانێکاندا لەگەڵ داگیرکەرانی ئەو سەردەمە ڕەشانەی ئەوکاتیش کە هەمیشە ناڕەحەتی و پەرێشانی هەرگیز بەرۆکی دانیشتووانی نیشتمانی بەرنەداوە..
کاتێک (ئاشور ناسیپاڵ)ی دووەم لەساڵی(881 - 880)پێش زاین هێرش دێنێتە سەر ناوچەکانی ئەوکاتی سلێمانی و دەربەندیخان و شارەزوور و قەرەداغ و لە داستانی (نەرام سین) یشدا کە نووسراوەتە باس لە ناوچە یاخیبوەکان دەکات و سەرەتا ناوی شاری (شیمورو) دێنێت و دوواتر ناوی (ئینگی) پادشای (نامار) دێنێت کە لە سەردەمی ئاشوری نۆدا ئەم شارەش کەوتۆتە ناوچەی (خانەقین)کەمێک بەلای ڕۆژهەڵاتیدا.
شاری (شیمور) چەندین جار ناوی هاتووە لەلایەن بنەماڵەی ئوری سێیەمەوە بە تایبەت پادشا(شولگی).
سەرەتا لێکۆڵەران وایان دانابوو ئەم شارە لە ناوچەی (پردێ)یە، بەڵام نوێترین لێکۆڵینەوەو دەرخستنی تیمی تایبەت بە سەرپەرشتی (ئایدن) لەساڵی 1997 وە دەستکرا بە دەرخستەو پشکنین و دوواجار دەرکەوت کە جەرگەی شارەکە کەوتۆتە ناوچەی دەربەندیخان و بەشێکی شەمێران.
لە بیست و چوارەمین ساڵی فەرمانڕەوایەتی پادشا (شولگی) بنەماڵەی ئوری سێیەم دووای شەڕێکی سەخت و ململانێیەکی بەهێز دوواجار دەستگیراوە بەسەر ئەم شارەداو بە تەواوەتی شارەکەی وێران کردووە.
شاری (شیمورو) بۆ نزیکەی نۆ جاری لەسەر یەک لەلایەن داگیرکەران و نەیارەکانی ئەو سەردەمەوە داگیرکراوە.
(ئیدی سین) و (زابازونا) لەسەر چوار پارچە بەردی نووسراو کەلە ناوچەی (بێتواتە) بەدەست کەوتن وەک و دوو پادشای ئەم شارە ناویان هاتووە و هەر لەسەر دەقی نووسراوی نووسینەکەش ئەم نووسینە هەیە (سەرەتا ناوی هەردوو پادشا ئیدی سین و زابازونا دێت و پاشان دەڵێت: وڵاتی (کوڵوننوم) یاخی بوو شەڕی کرد دژی زابازونا کوڕی ئیدی سین، پاش لەناوبردنی خوداوەندەکانیش دەڵێت کوڕی پاشا شارەکەی وێرانکرد و دوواتر نەفرەت لەو کەسە دەکات دەستکاری ئەم یادگاریە دەکات کە درووستی کردوون.
دووای لێکۆڵینەوەم لەسەر ئەو بەردە نووسراوەی ناو مۆزەخانەی سلێمانی کە بە بەردەکەی غەریب هەڵەدنی ناسراوەو چونکە ئەو خۆی لەسەردەمی شۆڕش پاراستبووی و چاودێری کردبوو کە لە گوندی (قەرەچەتان) سەربە پیرەمەگروون دۆزیبویەوەو دوواتر هێنای بۆ مۆزەخانە دوور لە ڕەفتاری بەرپرسەکانی ئەمڕۆ..
وەک و کاری مەیدانی خۆم لێکۆڵینەوەم بۆ کرد بە پشتبەستن بە هاوڕێی ئەزیزم دکتۆر کۆزاد و ڕافیدەخان کە دەرکەوت لەسەر ئەو بەردە ڕەنگ سپیە جوانە پڕ نووسینە کە نزیکەی سەد و پێنج دێڕە ناوی ئەو شەڕانە هاتووە کە پادشا (ئیدی سین) کردوویەتی لەگەڵ نەیارەکانیدا.
وشەیەکی ترم دەستکەوت لە نووسینی سەر ئەو بەردە بەم شێوەبوو (با..نی..نی) کە ناوی (ئانوبانینی) پادشای گەلی (لۆلۆی)ە و ڕافیدەخانیش هەمان بۆچوونی هەبووە کە پێدەچێت (ئیدی سین) و (زابازونا) لەهەمان سەردەمی (ئانوبانینی) لۆلۆیدا ژیابێتن.
بەڵام ئەوەی جێی داخە لەساڵی 1964 لە ناوچەی بێتواتە لەلایەن کۆمەڵێک فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی کەرکووکەوە ڕێیان کەوت لە کۆمەڵێک ئاسەوار و شتومەکی مێژووی کە هی سەردەمی پادشا (ئیدی سین) و شاری (شیمورو) بووەو واتا موڵکی مێژووی ناوچەی دەربەندیخان و شەمێرانە و بەڵام زۆر بەداخەوە بەڕێگەی نهێنی هەموو ئەو کەرەستە و شتومەکە ئاسەواریانە براونەتە دەرەوەو بە بڕی پەنجا هەزار دۆلاری ئەو سەردەمە لە ڕێگەی بازرگانێکی جولەکەوە براوەتە مۆزەخانەی قودس.
دوواجار وەک و کاری مەیدانیم لە داهاتوودا هەنگاوی ئەوە دەگرمەبەر بەسەرپەرشتی مۆزەخانەی سلێمانی بڕۆمە مۆزەخانەی قودس و سەرجەم ئەو زانیاریانە بهێنمەوە کوردستان و بیکەمەوە دەقێکی گەوهەری بەڵگەنامەی مێژووی ناوچەکە..
نووسین و کۆکردنەوەو کاری مەیدانی : کۆچەر کەریم حەمە[1]