ەسەندکراوی کۆنگرەی نۆهەمی کومەڵە
پوشپەڕ گەلاوێژی 1380
پێشەکی
لە ڕوانگەی ئێمەوە، دەستەبەربوونی ماف و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی شایستە و پایەدار، لە ڕێگەی دامەزرانی سیستمێکی دیمۆکراتیکی پەیگیرەوە لە ئێران کە بێ ئەملا و ئەولا و بە تەواوی مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیان دا بە ڕەسمی دەناسێ و لە دەستوور (یاسای بنه ڕه تی)ی خۆیدا ڕایدەگەیەنێ، ئیمکانی هەیە.
ئیمە خوازیاری پێکهاتنی ئێرانێکی فیدراتیڤ و دیمۆکراتیکین کە لە کۆمەڵێک حکوومەتی فیدراڵێ هاوماف پێک دێ و حکوومەتی فیدراڵی ناوەندی تێیدا نوێنەری هاوبەش و هەڵبژاردەی هەموو ئەم گەل و ناوچە فیدراڵانەیە.
ئێمە لێرەدا بەرنامەی کۆمەڵە بۆ پێکهاتنی کوردستانێکی فیدراڵ ڕادەگەیەنین؛ بەرنامەیەک کە پەیوەندی لەگەڵ ئامانجەکان و ستراتیژیی گشتیی کۆمەڵە هەیە و، بەدیهاتنی لە خزمەت دیمۆکراتیزە کردنی ساختاری سیاسیی ئێران، پەرەپێدانی مەیدانی بەشداریی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا و هەروەها لە خزمەت لاچوونی ستەمی نەتەوەیی لە سەر نەتەوەی کورد و دامەزرانی دیمۆکراسی لە کوردستاندایە.
ئێمە بۆ بە دست هێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەدیهێنانی ئه و ئامانجانەی لەم بەرنامەیەدا ڕاگەیەندراون، لە ڕێگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی گەلی کوردەوە خەبات دەکەین و، جەماوەری بەرینی خەڵکی کوردستان بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم بزووتنەوەیە و بەدیهێنانی ئەم داخوازانە کۆدەکەینەوە و ڕێکیان دەخەین. لە هەمان کاتدا ئێمە، ئەم داخوازانە بە پشت بەستن بە خەباتی جەماوەر لە هەموو کوومەتێکی ناوەندیش داوا دەکەین.
فەسڵی یەکەم-
سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی کوردستان
1- هەرێمی فیدراڵی کوردستان، لە یەکگرتنەوەی ئازادانە و دڵخوازنەی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ئێران، کە کەوتوونەتە ناو چەند پارێزگا، لە یەکەیەکی سیاسی و ئیداریدا، پێک دێ.
2- هەموو کاروباری پەیوەندیدار بە یاسادانان، دادوەری، پۆلیس، ماڵیات، ئیداری و فەرهەنگیی کوردستان لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی کوردستانە. خەڵکی کوردستان حکوومەتە فیدراڵەکەی، وەک هەموو ناوچە فیدراڵەکانی ئێران، لە هەمان کاتدا بەشێک لە دەزگاکانی یاسادانان و بەڕێوەبەرێتی حکوومەتی فیدراتیڤی ئێران پێک دێنن.
3 - کاروباری پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە، پارێزگاری بەرانبەر بە هێرشی دەرەکی، بەرنامە و سیاسەت داڕشتنی درێژماوەی ئابووریی، سەراسەری و سیستمی دراوی وڵات و تۆڕێ پەیوەندەکانی وڵات، لە دەسەڵای حکوومەتی فیدراتیڤی سەراسەریدایە. بەڵام لە هەر کام لەم بوارانەدا بڕیارێک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندکانی گەلی کوردەوە، هەبێ، بە ڕاوێژ کردن لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵێ کوردستان دەبڕێتەوە.
4- پۆلیس (انتڤمات)ی ناوخۆی کوردستان لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی کوردستاندایە و هەرچەشنە ڕاگواستنێکی چەکدارانەی هێزی چەکداری حکوومەتی فیدراڵی سەراسەری لە هەرێمی فیدراڵی کوردستاندا، بە ڕەزامەندی و چاوەدێریی بەرزترین دەزگای حکوومەتی فیدراڵی کوردستان دەکرێ.
5- حکوومەتی فیدراتیڤی سەراسەری هەموو ساڵێ بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی کوردستان لە چاو هەموو دانیشتوانی ئێران و بە لە بەرچاوگرتنی پێویستی قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتووییە ئابوورییەکان و بردنە سەری ئاستی گوزەران و ئاسوودەیی خەڵکی کوردستان، بەشێک لە بوودجەی وڵات بۆ کوردستان تەرخان دەکا. چۆنێەتی دابەشکردنی ئه و بوودجەیە، لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی کوردستاندایە.
6- لە دەزگا دەوڵەتییەکاندا، لە خوێندنگەکان و زانکۆکانی کوردستان و دەزگا ڕۆشنبیری و هونەرییەکاندا و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا زمانی کوردی وەک زمانی ڕەسمی بەکار دەبرێ. زمانی فارسیش لە کوردستان زمانێکی ڕەسمییە و لە خوێندنگەکان دەوخوێندرێ. زمانی ڕەسمیی نامە گوڕینەوە و پەیوەندی گرتن لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی سەراسەری، زمانی فارسییە.
فەسڵی دووهەم سەرخەتەکانی بەرنامەی حکوومەتی فیدراڵی
سەرخەتەکانی سیاسەت و بەرنامەی کاری حکوومەتی فیدراڵی کوردستان بریتین لە:
1 جیایی دین لە دەوڵەت؛ دین بە مەسەلەی خوسووسیی کەسەکان دادەندرێ و، هەرکەس ئازادە هەر دینێکی هەبێ یان هیچ دینێکی نەبێ، ئازادیی هەموو دینەکان و ئازادیی پەیڕەوانی دینە جۆراوجۆرەکان لە بەڕێوەبردنی بردنی ڕێوڕەسمە دیینیەکانی خۆیان دا.
2 - یەکسانیی مافی ژن وپیاو لە هەموو بوارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و دانانی یاسا و ڕێسای وا کە هەموو ئه و نابەرابەرییانەی هەن هەڵوەشێنێتەوە و لە ژیان و فەرهەنگی کۆمەڵیان بسڕێتەوە.
3-هەڵبژاردە بوونی دەزگاکانی بەڕێوەبەری و کاربەدەستان.
4- زەمانەت کردنی ئازادیی تەواوی بیروباوەڕ، دەربڕٍین و چاپەمەنی و هەڵسووڕانی سیاسی، ئازادیی تەواوی ڕێکخراوەکان و حیزبەکان و کۆڕوکۆمەلە ئەدەبی و هونەری و پیشەییەکان، ئازادی تەواوی سەندیکاکان و شوورا کرێکارییەکان هەڵسووڕانی پیشەیی و سیاسییان.
. 5- هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و کەم کردنەوەی مەینەت و بێبەشییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و دابین کردنەوەی پێویستییە سەرەکییەکانی لەش ساغی و خوێندن و تەئمینی کۆمەڵایەتی.
6- بەڕێوەبردنی گرینگ ترین و سەرەتاییترین داخوازە کرێکارییەکان، وەک دیاری کردنی لانی کەمی هەقدەستی کرێکاران بە پێی ئاستی گرانی و پێویستییەکانی بژیوی خانەوادە کرێکارییەکان، دامەزراندنی سیستمێکی تەئمینی کۆمەڵایەتی و بیمەی بێکاری.
7-پێکهێنانی سیستمێکی ماڵیاتی هەتا کۆتایی تەمەنی 16 ساڵی.
دامەزراندنی سیستمێکی خوێندن و پەروەردەی زانستی و پێشکەوتوو کە بە بێ هەڵاواردن لە دەسڕەسی هەمواندا بێ. بنەبڕ کردنی نەخوێندەواری لەرێگەی بەڕێوەبردنی پەیگیرانە و خێرای پرۆژەی خوێندەوار کردنی گەورەساڵانەوە.
9- پاراستن و باش کردنی ژینگە، لە پاراستنی دارستانەکان و ئاو و سەرچاوە تەبیعییەکان و، دروست کەڵک لێ وەرگرتنیان لە پێناو ئاوەدانی و ئاسوودەیی گشتیدا.
10-پەرەپێدان و گەشەپێدانی فەرهەنگ و هونەر، ڕۆژنامەکان، کتێبخانە گشتییەکان و، دانانی ڕێگا و شوێنێک کە دەسکەوتەکانی تکنۆلۆژی و زانست و پەیوەندیکان لە دەسڕەسی لاوان و کۆمەلانی خەڵک دا بن.
11- خەبات لە دژی هۆکارەکانی گیرۆدەیی بە ماددە سڕکەرەکان، پێکهێنانی دەرفەت و پێویستییەکانی وچاندان، وەرزش کار فێر بوون و پەروەردە بوون بۆ تازە لاوان و لاوانی کوردستان.
12- پەرەپێدانی ڕۆحی برایەتی و پێکەوە ژیان لەگەڵ گەڵانی دیکەی ئێران، دابین کردنی مافەکانی هەموو کەمایەتییە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکان لە کوردستان.