ئێمە دەتوانین، من دەتوانم
بەشداربم لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە
دروشمی ڕۆژی جیهانی شێرپەنجەیە
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی تەندروستی
هاووڵاتییانی خوشەویست...
رۆژی جیهانی شێرپەنجە لە 4 ی مانگی شوباتی هەموو ساڵێک دەرفەتێکی جیهانی گرنگە بۆ بەگژداچوونەوەی شێرپەنجە لە جیهان.
لەم ڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر و بەرفراوان ئەنجامدەدرێت بۆ وشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە نەخوشی شێرپەنجه و مەترسییەکانی و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی. هەروەها هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هه مووان لە لایەنە پەیوەندیدارە حکومی و ناحکومییەکان و تاک و کۆمەڵ چونکە هەروەک لە دروشمی ئەم ڕۆژەدا هاتووە، ئێمە دەتوانین من دەتوانم گرنگی و ڕۆڵی هەمووان دەردەخات لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.
شێرپەنجە ئەو نەخۆشییەیە کە ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس دەکوژێت و زیاتر لە 14 ملیۆن کەس نەخۆشدەخات لە جیهان هەروەک لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دا هاتووە. بەجۆرێک لە هەر 100000 کەس 180 کەس توشی شێرپەنجە دەبن و پێشبینی زیاتربوونی ژمارەکە دەکرێت لەساڵانی داهاتوودا.
هۆکاری سەرەکی شێرپەنجە بەستراوەتەوە بەشێوازی ژیانی ناتەندروست لە قەڵەوی و کەم جوڵەیی و وەرزشنەکردن و کەمخواردنی سەوزە و میوە و کێشانی جگەرە و خواردنەوە کهولییەکان لەگەڵ هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسی.
جێگای دڵخوشییە کە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە 30% بۆ 50% شێرپەنجه دەکرێت پێشیلێبگیرێت بەرێکارە خۆپارێزییەکان وپەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست.
لە هەرێمی کوردستان ئامارەکان پێشبینیکراوە و کەمترە لە ستاندەردە جیهانییەکان و تەنانەت لە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکەش کەمترە، لە ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان لە هەر 100000 کەس 99 کەس توشیرپەنجە بوون و لە ساڵی 2016 زمارەکە بووە بە 97 کەس لە هەر 100000 کەس.
کۆی گشتی شێرپەنجە لە کوردستان لە ساڵی 2016 دا 5085 نەخۆش بووە، ئەوەی جێگای سەرنجە ڕێژەی توشبوان لە ژناندا زۆرترە لە پیاوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 104 توشبوی شێرپەنجە لە ژنان لە هەر 100000 ژن لە هەرێم، لەکاتێکدا لە پیاوان ڕێژەکە 91.5 بووە لە هەر سەد هەزار پیاو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016.
چاودێری و چارەسەری شێرپەنجە یەکێک بووە لە ئەرکە لەپێشینەکانی وەزارەتی تەندروستی و لە ئەولەوییەتی کارەکانماندا بووە سەرەڕای قورسی قەیرانی دارایی و فشاری زۆری سەر نەخوشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێم بەهۆی زوری ژمارەی ئاوارەکان لە کوردستان کە ئەوانیش لە نەخوشخانەکانمان چارەسەر دەکرێن. تواندراوە پێوستی ئەو نەخوشخانە و سەنتەرانە دابینبکرێت بەگوێرەی توانا بەهاوکاری سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە بەسوپاسەوە هاوکاری بەردەوامی نەخوشخانە و سەنتەر و نەخوشانی شێرپەنجەی کردووە لە کوردستان.
لە ساڵی 2016 شدا بەردەوام بووین لە ناردنەدەرەوەی نەخوشانی شێرپەنجە بۆ پشکنینی پێت سکان وچارەسەری و نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک هەروەها نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەکانی هیوا لە سلێمانی و نانەکەلی و بەشی چارەسەری شێرپەنجە لە نەخوشخانەی ڕزگاری لە هەولێر و دابینکردنی دەرمان و پێویستییەکانی تاقیگە و پێوستیەکانی تری هەردوو نەخۆشخانە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە سلێمانی کە بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان بەهاوکاری تیمی پزیشکانی ئیتاڵی نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک ئەنجامدراوە بە سەرکەوتوویی هەروەها دەستکردن بە پرۆژەی درووستکردنی سەنتەری چارەسەر بە تیشک بۆ شێرپەنجە لە شاری هەولێر کە پرۆژەیەکی زۆر گرنگ و پێویستە لە پارێزگای هەولێر بۆ چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە و کەمکردنەوەی ئەو فشارە زۆرەی کەوتووەتە سەر سەنتەری ژیانەوە بۆ تیشکەچارەسەر لە شاری سلێمانی، هەروەها ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان بۆ پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە کوردستان.
لەو دەرفەتە دا پەیامی ئێمه بۆ هاووڵاتییان
رەچاوکردنی شێوازی ژیانی تەندروستە لە وەرزشکردن و خواردنی تەندروست و زیادکردنی خواردنی سەوزە و میوە و ڕزگاربوون لە قەڵەوی و کێشی زیاد و وازهێنان لە جگەرە کێشان و خواردنەوە کهولییەکان.
بەشداربوون لە پرۆگرامەکانی پشکنین و دۆزینەوەی پێشوەختی شێرپەنجە کە لەهەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت.
04-02-2017