بەهۆی ڕوداوی هاتوچۆوە لە هەرێمی کوردستان، پێنج کەس گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەرێم عەبدوڵڵا، پەیامنێری خەندان لە چەمچەماڵەوە پێی ڕاگەیاندین:" ئێوارەی ئەمڕۆ 6ی ئازاری 2015 لە سەر ڕێگەی سەرەکی بانی مەقان – چەمچەماڵ، دوو ئۆتۆمبێل لەجۆری لاندکرۆزەرو بیجۆ بەیەکیانداوە و لەئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلی بیجۆکە گیانی لەدەستداوە و سەرنشین و شۆفێری لاندکرۆزەرەکەش بریندار بوون".
لە لێدوانێکیشدا عومەر عەلی بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ ڕایگەیاند: "بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆوە ئه و ڕووداوە دروست بووە".
لەلایەکیترەوە هەردی حەسەن پەیامنێری خەندان ڕایگەیاند پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی6ی ئازاری 2015 لەنێوان ڕێگای ژاراوە - سەنگەسەر لە پشدەر بە ڕووداوێکی هاتووچۆ دوو کەس بوونەتە قوربانی و کەسێکی تریش برینداربوو.
له و بارەیەوە تەها محەمەد لێپرسراوی ڕاگەیاندنی تەندروستی ڕاپەڕین بەخەندانی ڕاگەیاند: "کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 6ی ئازاری 2015، لەسەر ڕێگای ژاراوە سەنگەسەر بەهۆی پابەند نەبوونیان بە ڕێنمایەکانی هاتووچۆوە ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک پێکیانداداو به و هۆیەوە دووکەس گیانیان لە دەستداو کەسێکیتریش برینداربوو".
ئاماژەی بەوەشکرد کە " یەکێک لە قوربانییەکان کارمەندی پۆلیسی هاتووچۆیە و دوو قوربانییەکە یەکێکیان تەمەنی 23 ساڵە و ئەویتریشیان 24 ساڵە، دوای توێکاری پزیشکی، تەرمەکانیان ڕادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە و بریندارەکەش باری تەندروستی جێگیرە".
هەروەها بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلیشەوە لەسەر ڕێگای سلێمانی تانجەرۆ، دوو هاوڵاتی گیانیان لە دەستداو پێنجی دیکەش برینداربوون.
بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاند:" کەمێک پێش ئێستا لەسەر ڕێگای سلێمانی تانجەرۆ، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی و ئوتومبێلێکی بارهەڵگر، کەسێکی بەتەمەن و منداڵێکی نۆساڵان گیانیان لەدەستداوه و پێنج کەسی دیکەش بەهۆی ڕووداوەکەوە برینداربوون".
وتیشی: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیسان سەنیەکە کۆنتڕۆڵی لە دەستداوه و خۆیکردوە بەژێر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەدا".
- 06-03-2015