بەمەبەستی کۆکردنەوەی کارو چالاکییەکان پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکۆبوونەوەیەکدا بڕیاریان لەسەر دامەزراندنی ناوەندی ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد لەو کۆبوونەوەیەدا ” باس لە کۆ کردنەوەی هەموو ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵات لە ناوەندێک کرا تا بتوانن هەم زیاتر هاوکار و هاوئاهەنگ بن و هەم کار و چالاکیەکانیان لە چوارچێوەی دەستبەر کردنی مافی ژنی کورد بە یەکدەنگی بە گوێ هەمووان بگەینن”.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد:
بۆ کۆ کردنەوەی هەموو کاروچالاکیەکان، ناوەندی ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا
رۆژی شەممە 18ی گۆڵانی 1394ی هەتاوی لە سەر بانگهێشتی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، پێنج ڕێکخراو کە بریتی بوون لە ڕێکخراوەکانی: ئاسۆی ژنی کورد، کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئافرەتانی خەبات، یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی ئاسۆی ژنی کورد کۆ بوونەوەو لە سەر چەند تەوەری گرنگ قسوباسیان کرد.
لەم کۆبوونەوە کە بەرێز گوڵێ قوبادی و جەمیلە ڕەحیمیش وەک ئەندامانی ناوندی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات بەشدار بوون، سەرەتا قسە لە سەر گرتنی پێنجەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کرا و باس لە پێویستی و گرنگی بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە کوردستان و هەموو لایەنەکانی بە تێروتەسەلی درایە بەر باس. دواتر بریاردرا کە ئەگەر ئیمکانی ماڵی و زۆر شتی دیکە ڕێگە بدات ئەم کۆنفرانسە لە کوردستان ببسترێت و کومیتەیەک بۆ سەرپەرەستی کارەکان پێک بێت.
هەر لەم کۆبوونەوەیە باس لە کۆ کردنەوەی هەموو ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵات لە ناوەندێک کرا تا بتوانن هەم زیاتر هاوکار و هاوئاهەنگ بن و هەم کار و چالاکیەکانیان لە چوارچێوەی دەستبەر کردنی مافی ژنی کورد بە یەکدەنگی بە گوێ هەمووان بگەینن. هەرچەند ساڵانێکە بۆ دامەزراندنی وەها ناوەندێک هەوڵ درا و لەمبارەوە قسە لە گەڵ هەموو لایەک کرابوو، بەڵام بە داخەوە پرژ و بڵاوی و ناکۆکی هێزە سیاسیەکان کاریگەری لە سەر ڕێکخراوەکانیش هەبووە. بەڵام بە خۆشحاڵیەوە ئەم کۆبوونەوە ئاکامێکی باشی لێکەوتەوەو ناوەندی ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەرزا و لە داهاتوویش هەموو ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کار دەکەن لە خۆ دەگرێت. هەموو لایەک جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکدەنگی و یەکگرتووی هەموو ڕێکخراو و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان دەتوانێ کاریگەری باش و شوێندانەر بێ لە سەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
تەوەری کۆتایی ئەم کۆبوونەوە قسوباس لە سەر چۆنیەتی مەرگی فەریناز خۆسرەوانی لە شاری #مەهاباد# و هەڵوێستی ڕێکخراوەکان لەمبارەوە بوو و هەموو هاودەنگ بریارندا کە ڕۆژی یەکشەممە لە ئاکسیۆنی نارەزایەتی دەربڕین لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان کە خۆیان ڕێکخەری بوون بەشدار بن و هەموو هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ناساندنی تاوانبارانی ئەم جینایەتە. شایانی باسە کە یەکەم کاری هاوبەشی ئەم ناوەندە هەمان هەڵوێست گرتن لە بەرانبەر مەرگی فەریناز بوو.
ئەم کۆبوونەوە دوای چەند کاتژمێر کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و تەکید لەسەر ئەوە کرا کە ڕێکخراوەکانی دیکەش لەمبارەوە ئاگادار بکەنەوە.[1]
#08-05-2015#