ئەمڕۆ بە شکۆدارییەوە یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێککەوتننامەی مێژووییی 11ی ئازاری 1970 دەکەینەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بوو. وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمیی دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرا و بووە بنەمای هەموو دەستکەوتەکانی دواتری هەرێمی کوردستان. لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین.
ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار تەنها دەستکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراقدا. مێژوو سەلماندی کە پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق لەو رێککەوتنە و پەنابردن بۆ لۆژیکی هێز لەجیاتی گفتوگۆ، عێراقى رووبەڕووی چەندین دەیە شەڕ، ماڵوێرانی، ناسەقامگیری و بەفیڕۆدانی سامانە مرۆیی و ماددییەکان کردەوە کە تا ئەمڕۆش باجی ئەو هەڵە مێژووییيانە دەدات.
لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزە پێمان دەڵێت کە پێویستە هەموو لایەک بە هەستیاری و بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و ڕێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان بگیرێت. لە عێراقيش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین و بزانین کە سەقامگیری بە یەکترقبووڵکردن و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری بەدی دێت.
لەم یادەدا، جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە وەک تاکە گەرەنتی بۆ پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانمان. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکانی شەڕ دوور بخەینەوە و داهاتوويەکى گەشتر، ئاوەدانتر و پڕ لە ئاشتی بۆ نەوەکانمان بنیات بنێین.
سڵاو لە یادی 11ی ئازار. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان. [1]
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/11
=KTML_Bold=⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol

, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 9 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!