سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و دڵتەنگیی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووس دکتۆر محەمەد بدێوی ڕادەگەینێت کە لە ڕووداوێکی نەخوازراودا لە ڕۆژی 22-03-2014 لە شاری بەغدا بووە قوربانی.
هەر بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەکەی و سەرجەم میدیاکاران ڕادەگەیەنین. هیواخوازین دادگایەکی عادیلانە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێتە بەر بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.
لەم چەند ڕۆژەدا بەهۆی بەدواداچوونی وردی ڕووداو و لێدوانەکان هیوامان دەخواست ئەم بابەتە لە سنووری یاسایی خۆی دەرنەچێت و پێمان باشە یاسا و دەسەڵاتی قەزایی دوور لە دەستێوەردانی سیاسییەکان ڕۆڵی بێلایەنانەی خۆی بگێڕێت.
دوای ڕووداوەکە لێدوان و هەڵوێستی هەندێ کەسایەتیی سیاسیی عێراقی بوونەتە هۆی نیگەرانیی شەقامی عێراقی و دەچنە چوارچێوەی هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی عێراق و فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لەنێوان هاووڵاتییاندا. لێرەدا بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی عێراقی ئاگادار بکەینەوە کە نابێت ڕێگا بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت درز بخاتە ناو برایەتیی پێکهاتەکانی عێراق و بازرگانیی بە گیانی دکتۆر محەمەد بدێوی بکرێت.
جێگەی داخە لە دوای ڕوودانی ئەم کارەساتە سەرۆک وەزیرانی عێراقی وشەی نامۆ و ناشرینی خوێن لەبەرانبەر خوێنی بەکار هێناوە کە دوورە لە بنەماکانی باڵادەستیی یاسا و دەوڵەتداری و کولتووری پێکەوەژیان و دیموکراسی. لە سایەی زێدەڕۆیی هەندێ لایەن و ئەم دۆخە ئەمنییە نالەبارەی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە خەڵکێکی زۆر کوژراوە و لەم چەند ساڵەدا 400 مامۆستای زانکۆ لە عێراقدا تیرۆر کراون و کەس خۆی نەکردە خاوەنی خوێنیان و دەسەڵاتی بەغدا هیچ هەوڵێکی نەدا بۆ دۆزینەوەی تاوانباران. ئێستا کە هاووڵاتییەکی کورد لایەنێکی ئەم ڕووداوە نەخوازراوەیە دەیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئیستغلالی بکەن و بیکەنە بابەتێکی زۆر مەترسیدار و هەوڵێک بۆ نانەوەی فیتنەی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق. بۆیە بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداو و کاردانەوەیەکی ئەم ڕەوشە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی دەیانەوێ ڕووداوەکە بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنن.
ئەگەر دەستەڵاتدارانی عێراقی بەم لۆژیکە سەیری ڕووداوەکان دەکەن پرسیار ئەوەیە کێ خوێنی 5000 شەهیدی هەڵەبجە و 182000 ئەنفال و 8000 بارزانی و 12000 فەیلی دەداتەوە؟ سەرباری ئەم قوربانییە مەزنە گەلی کورد لەپێناو بنیاتنانی ژیانێکی تازە و هیوایەکی نوێ هیچکات ئامادە نەبوو بڵێ: " خوێن لەبەرانبەر خوێن".
لێرەدا بەناوی گەلی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە لەم کەیسەدا قەزا دوور لە حەزی ناڕەوای سیاسییەکان ئەم کێشەیە یەکلایی بکاتەوە و چیتر ڕێگە نەدرێت دەنگی ناقۆڵا بەرز ببێتەوە و ئیستغلالی ئەم ڕووداوە بکەن. گەلی کوردستان بڕیاری داوە بە برایەتی و تەبایی و پێکەوەژیان لەگەڵ عێراقدا بژییت. ئەگەر دەستەڵاتدارانی بەغدا ئەم برایەتییەیان نەوێت و هەر ڕۆژێک بە بیانوویەک کێشە دروست بکەن با بێن و پێکەوە دانیشین و کۆتایی بەم پەیوەندییە پڕکێشەیە بێنین.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
24ی 3ی 2014