23 ساڵ پێش ئێستا ھەیکەل چی بە مام جەلال گوت؟
#عیماد ئەحمەد#
#14-11-2020#
لە میسر دڵە زیندووەکەی عەرەب، سەرچاوەکان دووپاتی دەکەنەوە ژمارەیەک لەنێودارەکانی سیاسی و ئەدەبی و هونەری ئەم وڵاتە، بە ڕەچەڵەک کوردن، ڕەنگە هەر بەم هۆیەشەوە بێت پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و میسر بەهێزبووە تا ئەو ڕادەیەی کە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە میسر چاپ و بڵاوکراوەتەوە و یەکەم ڕادیۆی کوردی لەوێ پەخشکرا و یەکەم دەسەڵاتی باڵای دەوڵەت ھەرلەوێ پێشوازی لە سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان کردووە.
لە ئایاری ساڵی 1997 لەسەر بانگهێشتی حکومەتی میسر، شاندێکی باڵای یەکێتی، بە سەرۆکایەتیی هەڤاڵ مام جەلال و بە ئەندامێتی ھەریەک لە (دکتۆر #فوئاد مەعسوم#، #عەدنان موفتی#، مستەفا سەید قادر و بەندە) سەردانی قاهیرەی کرد، سەردانەکە چەند ڕۆژێکی خایاند، بێجگە لە کۆبوونەوە فەرمی و باڵاکان، بە حوکمی قوورسایی مەسەلەی کوردستان و ناو و ناوبانگی هەڤاڵ مام جەلال، زۆر لە دەزگاکانی دەوڵەت و کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو وڵاتە شاندەکەیان بینی، لەوانە: شێخی ئەزهەر و محەمەد حەسەنەین هەیکەل و ئەحمەد حمرووش و نەبیل زەکی و دکتۆر ڕەفعەت سەعید و زەکریا محێدین و چەند کەسایەتییەکی دیکەش وەکوو ئەحمەد حەبووبی و بابەکر پشدەری کە ئەو کات سەرۆکی ڕێکخراوی کاری عەرەبی بوو سەردانی مام جەلال و شاندەکەی کرد. هەر لەو سەردانەدا، بڕیاری کردنەوەی خوێندخانەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لە قاهیرە درا و کاک عەدنان موفتی دەستنیشانکرا و بووە یەکەم نوێنەری باڵای یەکێتی لە قاهیرە، کە بە حەق، خەیرلئیختیار بوو، دواتریش جێدەستی دیاربوو لە ماوەی نوێنەرایەتیدا لە ئەوێ.
هەیکەل، نیوەڕۆخوانێکی بۆ مام و شاندەکەی لە ماڵی خۆیان لە دەرەوەی قاهیرە سازکرد، باخ و ماڵەکەی زۆر جوان و دانسقە بوو، خۆشی زۆر بە ئەتەکێت و بە بایەخ و میواندۆست بوو، بە قسەوباس و شیکردنەوەکانی مام جەلال دانیشتنەکە زۆر گەرموگوڕ بوو، میوانداریەکەش شاهانە بوو، چەند کاتژمێرێکی خایاند، مام زیاتر قسەی دەکرد ئەویش تێبینییەکانی خوی دەنووسی، دواجار مام وتی: پێمانخۆشە ئێمەش گوێ لە ئامۆژگارییەکانی تۆ بگرین، هەیکەل
لە وەڵامدا وتی: ئەستەغەفوروڵا خۆت سەیدولعارفینیت، بەڵام دەتوانم چەند تێبینییەک بخەمەڕوو:-
1. پەیوەندی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سیاسیی عەرەبی باشە و جەنابتان ڕۆڵی باشتان لەم بابەتە بینیوە، پێویستە بەردەوام گەشە و پەرەیپێبدەن.
2. پەیوەندیتان لەگەڵ ئێران جائز و پەسەندە، بەهۆی سنووری هاوبەشی دوورودرێژی نێوانتان، بەڵام دەبێت
تورکیا لەیاد نەکەن، پێویستان بە تورکیا دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی پشتیووانی ئەوروپا، چونکە تورکیا لە لێواری ئەوروپایە و هەوڵ دەدات بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە (ئەمە بۆ تورکیای ئەو کاتەبوو) .
3. لەم کاتەدا کە خەریکی ڕووخاندنی (ڕژێمی سەدام )ن زۆر باسی سیستەمی دیموکراسی مەکەن بۆ ئێراق، لەبەر ئەوەی دەوروبەرتان قبووڵیان نییە و لێی دەترسن و دژایەتیتان دەکەن و لەژێرەوە کاری لە دژ دەکەن و ناهێڵن سەربکەوێ، چونکە خۆیان دیموکراسی نیین، زۆر زەحمەتیشە لەم هەلومەرجەدا دەوڵەتێکی دیموکراسی لە جەنگەڵستانێکی وەها درووست ببێت.
4. کارێکی باش دەکەن بایەخ بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ میسر وەکوو حکومەت و دامودەزگای ڕۆشنبیری و میدیایی و ئایینی دەدەن بۆ درووستکردنی ڕای گشتی عەرەبی بۆ مەسەلەی کورد.
بۆچوونەکانی هەیکەل لەو ڕۆژگارەدا زیاتر بۆ ئاستی دەرەوە بوو، شاندەکە و بەتایبەتیی هەڤاڵ مام جەلال بۆچوونەکانی هەیکەل-یان بەرز نرخاند و بە بایەخەوە وەرگێڕا، لە دوای تەواوبوونی میواندارییەکە مام دیارییەکی تایبەتیی پێشکەشکرد کە لە خوێندنەوەی پەرتووکی (مدافع ایات اللە) بۆی دەرکەوتبوو.
ئێستا دوای 23 ساڵ و گۆڕانکاری زۆر لە کوردستان و ئێراق و ناوچەکە و دونیا ھاتووەتە ئاراوە، بەڵام ئاخۆ ئامۆژگارییەکانی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسە نێودارە بۆ ئەمڕۆی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی ئێستاش ناشێن!؟ [1]
Kurdipedia ist nicht verantwortlich für den Inhalt dieser Aufnahme, sondern der Eigentümer. Gespeichert für Archivzwecke.
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol

, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 1,445 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!