سیپان رۆژهەڵاتی
شاندی دەم پارتی بە مەبەستی وەرگرتنی رای ئۆپۆزیسیۆن لەسەر دەستپێشخەریی ئۆجەلان، کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە.
حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کافکاسام، ڕۆژی پێنجشەممە #02-01-2025# لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێری 17:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو گوتی، نوێنەرانی دەم پارتی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتولموش و پارتی دەوڵەت کۆبوونەوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە دۆسیەیەک ئامادە دەکرێت.
ئۆکتای ئاماژەی بەوە کرد، ئەمانە لە ئیمرالی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و چاوەڕێی راگەیێندراوێک دەکرێت لە ئیمڕالییەوە. هێشتا راگەیێندراوە چاوەڕوانکراوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمڕالی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆسیە نوێیە بانگەوازێک دەکات. ئەم بانگەوازە بۆ تورکیا زۆر گرنگە و بۆ کوردەکانیش زۆر گرنگە.
لەبارەی ڕۆڵی پەرلەمان لەو پرۆسەیەدا سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کافکاسام گوتی، لە داهاتوودا هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان بۆچوونەکانیان لەسەر ئەم بابەتە دەخەنەڕوو، بۆئەوەی زەوینەیەکی یاسایی دروستبکەن. لەوانەیە لێبووردنێکی گشتی لە بوارێکی بەرتەسکدا دەربچێت، دوای ئەوە، کورد لە تورکیا مافەکانیان وەردەگرنەوە، ئیدی دەگەنە ئەو تێگەیشتنەی کورد لە تورکیا بە پێگەی هاووڵاتیی یەکسان دەژین.
هەر ئەمڕۆ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، سرری سورەییان ئۆندەر و ئەحمەد تورک، لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا کۆبوونەوە.
حەسەن ئۆکتای گوتی، رۆڵی باخچەلی زۆر گرنگە، دەوڵەت باخچەلی وەکو سەرۆکی گشتیی پارتی سیاسی کە نوێنەرایەتیی نەتەوەپەرستی تورک دەکات و وەکو سەرکردەی پارتێکی سیاسی کە تووندترین و روونترین هەڵوێستی هەیە بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و PKK، دەبێت لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن، چونکە بەبێ رەزامەندی و بۆچوونی ئەرێنیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نەتەوەپەرستە تورکەکان، ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش ناچێت.
لەبارەی کاریگەریی ئەم پرۆسەیە لەسەر کورد، حەسەن ئۆکتای دەڵێت، سەرەتا کورد لە گڕووپێکی گوشار رزگاریان دەبێت. تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکی تریش بەدەست نەهێنن، ئەمە بە تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی کورد لە ئەنادۆڵ و تورکیا بە شێوەیەکی ئازادتر و خۆشگوزەرانتر بژین.
حەسەن ئۆکتای لەو بڕوایەدایە ئەم پرۆسەیە کاریگەریی لەسەر سەرجەم ناوچەکە دەبێت و دەڵێت، ئەم نموونەیە بۆ نموونەی عێراق، سووریا، یان لە ڕۆژانی داهاتوودا ئێران پێویست دەبێت. ئەمە نموونەیەکی گرنگە و ئەزموونێکی گرنگە، چونکە تورکیا بە خەباتی 150 ساڵەی دیموکراسی گەیشتووەتە ئەم خاڵە. پێویستە ئەمە پێکەوە بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگشتێنین؛ ئەمە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت.
شاندی دەم پارتی ڕۆژی #28-12-2024# سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
بڕیارە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی بکەن و پەیامەکەیان بدەنە ئۆجەلان.[1]
Kurdipedia ist nicht verantwortlich für den Inhalt dieser Aufnahme, sondern der Eigentümer. Gespeichert für Archivzwecke.
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 5 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!