شەڕ دەستی پێ کرد
لە پەرتووکی: #دوانزە سوارەی مەریوان#
بەرهەمی: #پیرەمێرد#
با جارێ ئەوان لەو هەرا و هوریایەدا بێڵینەوە خۆمان بگەڕێینەوە سەر ئەو سەردەمە کە ئەکرەم بەپارێز لە پێوشوێنی ئۆردووی ئێران گەڕابوو. نەشارەزای ئەو مەڵبندە بوو لەگەڵ ئەوەشدا کە نزیک بە قەڵا دەبێت لە شوێنێکەوە بڕۆین وەک ئێمە تا ئەوان نەگەنە مەریوان پێمان نەزانن.
ئێمەش دەبێت لە نزیکەوە بڕۆین تا دەچینە بن دەستیان نەمانبینن. جارێ قەڵاکە خۆی سەختە بەری لای ئێمەش گۆلی زرێبار گرتوویەتی، ئەم گۆلە ڕێی ئێمەی بەستووە، ئەگەر بێت و پشت بەخوا ئەوان بشکێنین ڕێی ڕاکردنی ئەوانیشی تەنگ کردووە. سەیری زات و ئازایەتی مەردان بکەن بە دوانزە کەسەوە چاویان لە شکاندنی دوشمن بووە، وتی: بۆ ئێمە یەک ڕێ پەنا هەیە ئەویش «کۆڵان»ە. کۆڵان ڕێگەیەکە وەکوو کۆڵانی «ئیزبە»، تا نەگەیتە بەر قەڵا ناتبینن.
کە گەیشتییە داوێنی زرێبار، لە «یەنگیجە»وە بەسەر «سێو»دا لەو تونگەتونگەی بەر کۆڵاندا بۆسە بخۆن. پشتی کۆڵان شاخێکە هیچ باوەڕ مەکە کە ئەوان نەیانگرتبێ. لەو کێوە لەشکریان دامەزراندبێت زۆر ستەمە ئێمە بتوانین تێ پەڕین. دەبێت هەموو لایەکمان و پاشایش کە گەیشتە بەرەوە بێدەنگ و بێسەنگ کە هەستمان نەکەن مۆڵە بخۆین تا شەو بەسەرا دێ. ئەوسا بەندە و ئەکرەم و چوار سواری تر، یەک دوو سەعات لە پێش شەبەیخووندا، دەوری زرێبار بدەینەوە یەکێکمان لە «دۆڵاش» و «نێ»یەوە، دووەم لە «بەیێڵە»وە و سێیەم لە «مووسک»ەوە، چوارەم لە «داسەیران»ەوە ئامادەین تا من و ئەکرەم دەگەینە پشتی کێوەکە و پشتیان لێ ئەگرین، ئەوسا کە دەنگی تەپڵی ئێمەتان بیست و نەعرەی ئەکرەمتان هاتە گوێ، خۆت لە پێشەوە بە تاو، بە ڕێی کۆڵاندا لەناو جەرگی دوشمنەوە هەر شەشتان هەڵمەت بەرن، بدەن بە سەریانا ئەو لەشکرە زۆربەیە کە ناردوویانەتە سەر کێوەکە بڕ دەبن، کە ئەم هەرایە ببینن نایەنە خوارەوە. سەلیم بەگ ئەم ڕا و دەستوورەی زۆر لا پەسند بوو. هێجگار کە سەلیم بەگی بە مەرد دانا بوو، بۆ خەتەری هەڵبژاردبوو پێی خۆش بوو، ئەمە دەستووریان بووە. کە بەم ڕەنگە دامەزران و ئەکرەم و جوامێر ئاغا گەیشتنە شوێنی نەبەرد، جوامێر ئاغا دەنگی زۆر خۆش بوو، موناجاتێکی بە دەنگی بەرز خوێند. ئەکرەم جۆشی سەند و ڕاست بووەوە. سەر ئاوزەنگی کە نەعرەیەکی کێشا بە جارێ دار و بەرد و شاخ و کێو دەنگی دایەوە خورپە کەوتە دڵی ئۆردووەوە. ئێمە وەک ئێران قاڵێین :«زهره شکاف شدند». بەڵام زۆر داچڵەکین و پەشۆکان و هاتن بە یەکدا. ئەو شوێنەی کە ئەکرەم و جوامێر ئاغا گەیشتبوونێ لە سەلیم بەگەوە تیر هاوێژی دوور بوون. سەلیم بەگ بە سەر سوارییەوە ئامادە بوو. گوێی بۆ ئەم نەعرەی مەردانەیە گرتبوو، کە دەنگی ئەکرەمی هاتە گوێ هێنایە هیوا و هەڵمەت. لە خۆشیاندا ئەویش نەعرەتەیەکی لێدا هەر دوو سەدا بەرانبەر بە یەک، دەنگیان دایەوە و مژدەی سەرکەوتنیان گەیاندە گوێی ئەحمەد پاشا. ئینجا سەلیم بەگ دای لە تەپڵ و کردی بە گەردش.
هەرچەند ئاوزەنگی لە ئەسپە ڕەشی سێ تەنگە دائەهێنا، کۆڕەی ئەسپ و تەقەی ناڵی پۆڵای بەردی ئەو شاخە ئاگری لێ دەبووەوە... پاشاش کە ئەمەی بیست و بینی دەستبەجێ بانگی کردە نەقارەخانە و کەڕەنا بێتە گرمە و خۆشی. سوار بوو. تا ڕوانی لە پێش دەمیەوە کەسی نەدی. بروسکەی چەخماخەی ناڵی وڵاخی سوارانی لەناو جەرگی دوشمندا دی، ڕووی کردە ئاسمان و پاڕایەوە وتی: خوایە، شەڕی لابەلایە و ئەوان بە سەرمان هاتوون، دەسگیری داماوان تۆی.
خەریک بوو بە شوێنیانا بچێ نایب و پیاوماقووڵەکان نەیانهێشت هاتە سەر گردەکە گوێی گرت هەر لە «کانی سانان»ەوە بە دەوری ئۆردووی ئێرانا گرمەی تەپڵی نەقارەخانەی خۆی و نەعرەی دوانزە سوارەی دێ. لاوکی شەڕی قایخانی دیسان هاتە گوێ، بانگی کردە سوججادەچی باشی، بەرماڵی بۆ هێنا. دابەزی سەری نایە سوجدەوە، تاقەندە کێشێکی چاک سەر هەڵ نەبڕی، کە سەری بەرز کردەوە بانگی کردە باشچاوەش و داراغا، کە دەنگی لەشکر بدەن، ڕێی ڕاکردنی ئۆردووی ئێران بگرن، شکان و خراپیش شکان، بە شپرزەیی نازانن ڕوو بکەنە کوێ. باشچاوەش، سوپاسالاری ئەو دەورە خالید بەگی میرەدێ بوو قەدارەی باشچاوەش لەگەڵ شمشێری سەلیم بەگدا هاوشانی دەکرد، مەشهوور بوو جارێک لای «وارماوا»، یەکانەیەک بەلەسە دەبێت، خالید بەگ هەڵ ئەکوتێتە سەر یەکانە و قەدارەیەک دەدا لە گازەرەی پشتی لەژێر زگیەوە دێتە دەرێ... ئەو قەدارەیەی هەڵکێشا، کەوتە بەر لەشکر. بانگی کرد: کوڕینە! شەوێکە و ئیمشەو لەو ڕۆژەوە کە خوا ئەم خاکەی ئافەریدە کردووە تا ئیمڕۆ شەڕێکی تری وای تێدا نەکراوە، سەرەتای سرووشتی کورد هێشتا ئازاییەکی وای تێدا نەنووسراوە، سەڵاحەدین بە ئۆردوو و سوپاوە، ئینجا سەرکەوتنێکی وای بۆ ڕێ کەوتووە، ئێمە دوانزە سوارمان ئەم ئۆردووەی پێچایەوە، هەرچەن تا ئەم قەندە کێشە قسمەت بەشی ئێمەی تێ نەخستووە، بەڵام وا نۆرەی چاک کەوتە بەر ئێمە. فیدای دەست و شمشێر و شان و باهووی دلێرتان بم. بە خوا ئەزانم زۆر کفتی ڕێگەن و یەک سەڵەف و سەرڕەو لە قەڵاچوالانەوە ئیمڕۆ گەیشتوونەتە ئێرە و ماندوو و برسین، بەڵام غیرەت ئەمانە لەبیر ئەباتەوە، شەیپوورچی! دەی فیدای کەڕەناکەت بم. پێش کەوە، پێشکەوە، کوڕە گەل! وا ڕۆییم، دوام کەون. ئەمەی وت و ئاوزەنگی پیا هێنا... ئینجا غولغولەی تەپڵ و گوڕەی نەقارە تێکەڵ بە ناڵەی «سەردەرکە و ماڵ بسپارە» بوو... بە ڕاستی سوارەی بەبە ئەو شەوە کارێکیان کرد ئێستاش بە داستان ئەیگێڕنەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=
Kurdipedia ist nicht verantwortlich für den Inhalt dieser Aufnahme, sondern der Eigentümer. Gespeichert für Archivzwecke.
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol

, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 75 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!