جەنگەی جەنگ
لە پەرتووکی: #دوانزە سوارەی مەریوان#
بەرهەمی: #پیرەمێرد#
جارێ لە باشچاوەش و سوپا گەڕێین، شوێن سەلیم بەگ و پێنج سوارەکەی ڕەفیقیان کەوین، یەکسەر لە بەینی کۆڵان و کێوەکەوە ڕژانە ناو سوپای ئێرانەوە هەرچی پیاوی کارئامەدی ئێران بوو لەو تووڕیەوە بوو. سەلیم بەگ وای زانی کە تێی هەڵکردن ڕەوە بەر دەدەن و ئەشکێن، بەڵام وا نەبوو، جارێ ئەو ڕاستە لەشکرە وەک قوڵاخەی ماسی سەر یەک نیشتبوو، بارەگا و قەرارگایان بەئاسانی بەجێ نەدەهێشت، ئەیانزانی ئەگەر ڕاکەن خراپتریان بەسەرا دێت، بە ڕاستی بە لێبوردوانە شەڕێکی ئازانەیان کرد، بەڵام عەزم و ڕەزمی سەلیم بەگ لەوانە نەبوو بگەڕێتەوە. ئاغای زەنگەنە کە نوکتەباز و بێخەم بوو کردیە گاڵتە و وتی:
هەرایە کوڕگەل! تاریکەشەوە
مەنجەڵی پڵاو وا لە پێشەوە
سەلیم بەگ بێ ئختیار پێکەنی و وتی:
هەرایە کوڕگەل پاڵەوانینە
ڕێ پاکەوە کەن نەوجەوانینە
وا هەڵمەتیان برد یاران بە دەستە
شاخ و کێو لەژێر پێیانا پەستە
لەگەڵ ئەمەشدا دوشمن تەواو سەغڵەتی کردبوون و ڕێی لێ بەستبوون، چاریان نەما کەوتنە ڕایەڵە و بە شمشێر پاکۆیان ئەدا... سەلیم بەگ کە لە پێشدا بەبێ لێکدانەوە دوشمنی بە سووک زانیبوو، بێ پەڕوا هەڵی کوتایە ناویان، لە سێ جێوە بریندار بووبوو، سەرشانی چەپی و لای ڕانی برینەکانیان کەم بوو، بەڵام قۆڵی ڕاستی گۆپاڵێکی ترهمەتەنی بەر کەوتبوو، تا دەهات سارد ئەبووەوە، سا خواوڕاستان سووکە سوارێ وەک شەهێن کە بکەوێتە ناو قاز و قوڵنگەوە لە بەرانبەریەوە دەرکەوت بە دوو لادا سوار پیادە تەرمینی لە خوێنی خۆی و دوشمنیا سوور بووە چریکەیەکی شەهێنی کرد برینداری و ماندوێتی و خەفەتباری سەلیم بەگ نەما، تومەز ئەمە جوامێر ئاغای ڕەنگێنە بوو کە لەگەڵ ئەکرەما لەو سەرەوە دەست دەکەن بە دڕدان و تێ فکرێت ئەکرەم هەر هەوڵی ئەوەیەتی لە جێدا بکوژرێ و کوشتاری دیار بێ خۆ ئەم شەڕەش شەڕی شڵەژاندن و لەشکرشکاندنە، ڕاوەستان کەڵک ناگرێت. بانگ دەکات ئەکرەم بەس بکوژە سەلیم بەگ لە تەملوکەدایە ئەکرەم گوێی ناداتێ، ناچار خۆی تیپی لەشکر ئەدڕێ، ئەوە بوو گەییە سەلیم بەگ. بەڵام ئەویش زۆر بریندار بوو.
«ئەگێڕنەوە کە دوشمن شکا و جوامێر ئاغا هات بەسەر سواریەوە کەمێ حەسێتەوە تەندەیەکی بۆ تێ دەکەن کە بەسەر سواریەوە بیکێشێ، نەفەسی لە تەندەکە دەدا و دووکەڵ لە برینییەوە دێتە دەرێ».
کەمێ هۆشی هاتەوە بەر خۆی، ئەویش دوابەدوای جوامێر ئاغا تاوی دا، گەیشتە بەرەوە، زۆربەی سوپای ئێران و جەنگەی لەشکریان بە جارێ ورە بەر دەدەن دەڵێن لە دواوە کەسمان نەماوە کە ئەم سوارانە گەیشتنە یەک ناچار ئەوانیش ڕوو دەکەنە قوتەی سەر کێوەکە و خەیمە و خەرگا و بارەگا نان و خوانی پوخت و تەمیز بەجێ دێڵن جوامێر ئاغا بە سەلیم بەگ دەڵێت:
سەلیم من تۆم خستە ئەم دەریای لەشکرەوەوە زۆر پەشیمانم، بەڵام بە کەسی ترما ڕانەدی، هەتا بە خۆشما. توخوا ڕاستم پێ بڵێ برینەکانت چۆنن؟ دەترسم زۆر بریندار بێ ئاخ نەوجوانی و ئازایەتی غروور دێنن، تۆ نەدەبوایە هێندە بێ پەڕوا بی و دوشمن بە سووکی ببینی، سوێندم بە خوا هەر دیو دلاوەریەکم لەم ئۆردووەدا دی خەنیمی هەر دوانزە سوارەکە بوون، بەڵام ئەم شەبەیخونەیان بە بیرا نەهاتبوو، کەس نەیبیستووە شەبەیخون سەر لە ئێوارە، ڕاستییەکەشی ئەمەیە ئێمە لێبردوو بووین، سوێندەکەی کە لەسەر دەستی میری سوور خواردمان ئێمەی شێت کردبوو سەر ئۆردووی ئێران دەچووین، خەیاڵەکەمان عەینی موبالغەی ئێرانیان بوو توخوا لێکی بدەنەوە دوانزە سوار و دوانزە هەزار کەس. ئەمە شیعری شانامە نەبێت چییە؟!
پیاو کە نزیک بە مەرگ بووەوە دڵی پاک ئەبێ، لەخوا پاڕامەوە سەلیم نەکوژی، جوامێری لەبەر گەڕێ، چونکە من تۆم لە تەهلوکەدا ئەدی ئەویش من هێنامە پێش تۆ. سەلیم سێ تەنگەیەکی قڕ نابێتەوە بەڵام جوامێر زۆرە.
توخوا سەلیم چی بە برازا... کەت بڵێم؟ ئەکەر نەکەوتایە سەر سەودای ڕەو و بە ڕێکوپێکی باتایەنە مەیدان ئێمە بۆچ تووشی ئەم تەهلوکەیە دەهاتین و بۆچی شێتانە خۆمان ئەخستە ناو دەمی نەهەنگەوە؟ دەڵێن جەسارەت لە شێتییەوە پەیدا ئەبێ، ئەمڕۆ ئەگەرپاشا بە سیاسەت ئیدارەی لەگەڵ ڕۆم و عەجەمدا بکردایە بۆچی هەر ڕۆژە لە لایەکیانەوە لەشکرمان دەهاتە سەر؟!
هێشتا برینی شەڕی وەزیری بەغدامان ساڕێژ نەبووە وا ئەم جارەش لەشم بووە بە بێژنگ، خوا بکات سەلیم سەلیم بێ، سەلیم بەگ ئەڵێ: جوامێر، کاک جوامێر، هێزی ئەژنۆ و هەناوی جەرگم ئەوە تۆ نیت کە ئەوە بڵێی لە شەڕداین، بوارەی ئەوەم نییە زۆر بدوێم، بەڵام تا دەمرم بە دەنگی ئەحمەدی برازام دەکەم کە ئێمەی هێنایە سەر ئەو قینەی بە دوانزە سوار ڕوومان کردە دوانزە هەزار کەس ئەمە داستانێکە ناوی کورد زیندوو دەکاتەوە، ئەگەر ڕاستت ئەوێ ئێمە ئەمەمان بۆ نامووس و پارێزگاری خاکمان کردووە، ئەگەر بشمرین لە دڵی میللەتا هەرئەژین.
ئەم خاکە کە سرووشتیان لەوەوە دایکی ئێمەیە و نیشتمانمانە، ئەگەر فیداریەکی بۆ نەکەین کەڵکی چیمان پێوەیە؟
جارێ با هەواڵێکی پاشا و لەشکر بزانین ئایا باشچاوەش بە خۆی و قەدارەیەوە ڕووی کردووەتە کوێ؟ بۆنی پڵاوی سەدری دێتە لووتم تۆ بڵێی خۆیان نەیانڕشتبێ چونکە بەڵێنمان بە پاشا داوە لەسەر نان و خوانی ئێران میوانمان بێ ئەگەر ڕاستت دەوێت من لەسەر ئەم برینداریە و ماندوێتییەدا ئەگەر ئەو نان و چێشتەم لە دەست بچێ دەستم هیچ ناگرێت. دڵنیام کە پاشا ساغە و ئاگای لە شکستی لەشکری ئێران هەیە و باشچاوەشی بە لەشکرەوە خسووەتە شوێنی شکستە تو خوا با منیش سەرێ لە ئاشپەزخانەبدەم دڵم ئۆقرە ناگرێت.
جوامێر ئاغا پێکەنی و وتی: ناحەقیان نییە ئەم خەڵکە پێت دەڵێت چڵێسە، بەڵام بە بەختم کە زەینیشت هەیە و بە زەینیش بابە هەڵسە بڕۆ بە لای خۆت و نەوسنیتەوە من ناتوانم نەچم بە پێ و شوێنی پاشاوە، وەک تۆ دڵت بۆ سەدری ناسرەوێ منیش جەرگم بۆ سەدری (سنگی) کورد ئارام ناگرێت.ئینجا لێک جیا بوونەوە، سەلیم بەگ بۆ چێشتخانە و جوامێرئاغا بۆ ڕەتی لەشکری پاشای، ئێمەش با دووی سەلیم بەگ بکەوین.
لە شوێنێکی پەنادا خێوەتی گەورەی چوار ئەستوونی هەڵداوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=