لە (32) هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعسی فاشیست لە #رانیە#ی دەروازەی ڕاپەڕینەوە تا #کەرکووک#ی سەری کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و ئومێدەوارین لەئاست گەورەیی ئامانجەکانی ڕاپەڕیندا بین و کوردانە و دڵسۆزانە خزمەتی گەلەکەی خۆمان بکەین.
ئەوێ ڕۆژێ، لەوکاتەی ڕژێمی بەعس لە لووتکەی هێزی خۆیدا بوو، بە دەستپێشخەری #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، هێزە کوردستانییەکان لە بەرەی کوردستانی بەرنامەیەکی تۆکمەمان داناو بە هاوکاری و بەشداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئازادکراو لە ڕژێمی بەعس پاکرایەوە.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی (32) ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستان، بەداخەوە دۆخی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و مێژوویدا تێپەڕ دەبێت و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی پێویستدا نییەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاویان لە خزمەتکردنی زیاترە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم داوا لە هێزو لایەنە سیاسییەکان بکەم لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و زاڵ بوون بەسەر کێشە و قەیرانەکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان کۆتایی پێ بهێنن و چیتر کوردستان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و هەموو لایەک هەوڵ بدەن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، ئەو خەڵکەی لەرۆژگارە خۆش و ناخۆشەکاندا پشتیوانمان بوونە.[1]
دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم و سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین.
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان