ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی تر داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکات کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 پەسەند نەکەن کە تاکلایەنە لەلایەن وەزارەتی داراییی عێراقی فیدراڵەوە ئامادە کراوە بەبێ بەشداریپێکردنی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی یاسای فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 95ی ساڵی 2014 و ماددەکانی 105 106 و 121ی دەستوور کە بەشداریکردنی دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کردووە لە دامەزراوەکانی فیدراڵدا، ئەویش بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. ئه و ڕەشنووسە بەبێ بەشداریپێکردنی هەرێمی کوردستان و بەبێ ڕەچاوکردنی دەستوور و یاسا فیدراڵییەکان ئامادە کراوە، بەتایبەتیش کە لە ڕەشنووسەکەدا قەوارەی دەستووری و یاساییی هەرێمی کوردستان فەرامۆش کراوە و تازە به تازە (هەرێمی کوردستان - عێراق) بە (پارێزگاکانی باکووری عێراق) لە ڕەشنووسی یاساکە ناودەبەن و ناوی (حکوومەتی هەرێمی کوردستان)یش بە (حکوومەتی پارێزگاکان) و ناوی (وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان)یش بە (وەزارەتی دارایی پارێزگاکان) هاتووە، سەرەڕای ناوهێنانی (دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان) بە (دیوانی چاودێریی پارێزگاکان) کە ئەمانە هەمووی سەرپێچیی جەوهەرین لە دەستووری عێراق، بەتایبەتی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (117) و بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (121)ی دەستوورە کە دانی بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا ناوە وەک هەرێمێکی فیدراڵی و مافی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بە هەرێمی کوردستان داوە، نەک وەک پارێزگا.
2. کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2005ەوە لە ڕێژەی (17%) بۆ ڕێژەی (12.67%)، ئەمەش سەرپێچییە لە بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (121)ی دەستوور کە پێویستە لەسەر حکوومەتی فیدراڵ پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەکان بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکات بە ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم و لەبەر ئەوەی تا ئێستا لە عێراق سەرژمێریی دانیشتوان نەکراوە، بە ڕێککەوتنی هەردوولا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە 17%ی دانیشتوانی عێراق دیاری کراوە، هەر لەسەر ئه و بنەمایەش ساڵانە ئەم ڕێژەیە لە یاساکانی بودجەی عێراقدا جێگیر کراوە، هەرچەندە هیچ ساڵێک هەرێمی کوردستان بە فیعلی ئه و ڕێژەیەی وەرنەگرتووە، بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی ساڵانەی خەرجییەکانی سیادی بەبێ ئەوەی هەرێم ڕۆڵی لە دەستنیشانکردنی ئه و خەرجییانەدا هەبێت، یان پشکی وەرگرتبێت، کە بۆ ساڵی 2018 بڕی (43) تریلیۆن و (110) ملیار دینار تەنها بۆ خەرجییەکانی سیادی تەرخان کراوە، کە دەکاتە ڕێژەی (39%)ی بودجەی گشتیی عێراق و لە دوای داشکاندنی خەرجییەکانی سیادی بەشە بودجەی هەرێم دەبێتە نزیکەی (6.3%)، بۆیە کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی دەستووری نییە و لە دەرەوەی ئه و ڕێککەوتنە هاوبەشەدا ئەنجام دراوە.
3. بەخشینی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ بە پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا و مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک پارێزگا نەک وەک هەرێم کە تەنها مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی نادەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستانە کە لە ڕووی پراکتیکەوە هیچ سوودێک بە هاووڵاتییانی هەرێم ناگەیەنێت، سەرەڕای فەرامۆشکردنی دانپێنان بە پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمانەش هەمووی پێچەوانەی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (117) و بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (121)ی دەستوورە و مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستانە وەک هەر پارێزگایەکی تری عێراق نەک وەک هەرێمێکی فیدراڵیی دانپێدانراو بەپێی دەستووری عێراق، سەرپێچییە لە دەستوور.
4. بڕگەی (چوارەم) لە ماددەی (126) لە دەستوور، ڕێگە نادات دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتە فیدراڵییەکانەوە کەم بکرێنەوە یان سنووردار بکرێن، تەنانەت دەستوور ڕێگریشی کردووە لە هەر هەموارێکی دەستووری کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرەڕای ئه و سەرپێچییە دەستوورییانەی سەرەوە، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پێشوازیکردنی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەریی بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لە خشتەی (ج)ی هاوپێچی ڕەشنووسی یاساکە تایبەت بە دەستنیشانکردنی هێزی کاری کەرتی گشتی، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ساڵی 2017 بە (682) هەزار و (21) مووچەخۆر دەستنیشان کراوە و بڕی تەنها (206) ملیار دیناریان مانگانە بۆ تەرخان کراوە و تەنها بڕی (128) ملیار دیناریش مانگانە بۆ تەرخانکراوی چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخان کراوە کە (خانەنشینان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەمئەندامان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی) دەگرێتەوە، کە کۆی گشتیی مانگانە دەکاتە (334) ملیار دینار، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستاندا (1) ملیۆن و (249) هەزار و (481) مووچەخۆر هەیە و بڕی پارەی پێویستیش بۆ یەک مانگی مووچەکانیان دەکاتە (897) ملیار و (500) ملیۆن دینار. ئەوەی جێی سەرنجە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی مووچەخۆران بەپێی ڕەشنووسی بودجەی فیدراڵی 2018 هەمان ژمارەیە، بەڵام بە بەراورد بە ساڵی 2017 بڕی (1) تریلیۆن و (321) ملیار دیناری لێ داشکێندراوە بەبێ دەستنیشانکردنی بنەمای ئەم داشکاندنە.
داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکەین بواری دانوستان بڕەخسێنێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و هەڵگرتنی هەموو ئه و سەرپێچییە دەستوورییانەی لە ڕەشنووسەکەدا هەن و دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و بنەمای شەراکەت و پێکەوە ژیانن لە عێراقدا و دابینکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێمی کوردستان، چونکە کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بەم ڕێژە گەورەیە سزادانی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
05-11-2017