بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک #مەسعود بارزانی# و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و هەڤاڵان ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و یەدەک و بەرپرسی لق و مەکتەبەکان کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەنجام درا. سەرەتا یادی کۆچی دوایی هەڤاڵا مامۆستا عەلی عەبدولڵا، جێگری پێشووی سەرۆک و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتیمان کرایەوە. هەروەها سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی هەڤاڵی شەهید وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی هەڤدەی پارتیمان و سەرجەم شەهیدانی ئەمدواییەی بەرگریکردن و، ئەم بابەتانەی خوارەوەی خستە بەرباس و گفتوگۆکردن:
یەکەم: هێرشی حەشدی شەعبی و سوپا بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شەوی 15/16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەهۆی خیانەت و دەستکێشی و ڕێککەوتنی ژێربەژێری چەند کەسێک لەناو حزبێکی کوردستانی، هەروەکو لە بەیانەکانی بەرپرسانی ئەو حیزبە بەراشکاوی ئاماژەیان پێ کردوە، کە بووە هۆی کارەسات بۆ شاری کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەو تا ئاوارەبوونی دەیان هەزار خێزانی کورد و عەرەب و تورکمان، هەروەها شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل بەتایبەتی لە شاری دوزخورماتوو، خانەقین، کەرکووک و دەوروبەریان.. ئەوەی کە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست هاتبوو بەچەند سەعاتێک خرایە بەر مەترسیی بەفیڕۆدان، هەرچەندە بەم پیلان و سیاسەتە ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕدرێت و وەکو چۆن سیاسەتی تەعریب لە پێشوودا سەرکەوتوو نەبووە، لەمەودواش سەرکەوتوو نابێت.
ئەم هەرزەرەفتارانە کە بە پشتیوانیی چەند لایەنێکی دەرەکی ئەنجام درا، بووە هۆی سەرەتایەک بۆ ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپا هێرش بکەنە سەر شوێن و شاری دیکەی کوردستان و دانیشتوانیان ئاوارە بکەن بەتایبەتی و، گوشار بخەنە سەر هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە بەگشتی.
ئەو پیلان و هێرشانە، لەوە ناچێت لەرەنگدانەوەی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بووبن، بەڵکو بە بەرنامەیەکی پێشوەختەی ئامادەکراو دەچێت کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئازادکردنی حەویجە دەستیپێکرد.
دووەم: هەوڵ و گوتارەکانی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتبەدەستانی بەغدا دوورە لە پابەندبوون بەدەستوری عێراق کە ئیدعای جێبەجێکردنی دەکەن، هەروەکو چۆن لە ڕابردوو چەندین ماددەی دەستووریی پێشێل کرابوون، ئەمجارەش چەندین مادەی دیکەیان پێشێلکردووە.
پێشتریش ڕامانگەیاندووە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەفسیرکردنی مادەکانی بەگوێرەی بەرژەوەندیی تایبەتی و بەکارهێنانی ئینتیقائیانەی مادەکانی دیکە و، بەکارهێنانی هێز لەبەرامبەر ململانێ و ڕای جیاواز و پشتگوێخستنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەریی کێشەکان عێراق تووشی کێشەو گرفتی گەورە دەکات. ئەم عەقلیەت و بیرکردنەوانە لە ڕابردوو زۆر زیانی بەهەموو خەڵکی عێراق بەکورد و عەرەب و تورکمان و نەتەوەکانی دیکە گەیاندووە و بووەتە هۆی دواکەوتن لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و لە ئاکامیشدا عێراق بەردەوام لە شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی و دەرەکیدا سەرقاڵ بووە.
ئەم شێوازە بیرکردنەوانە یارمەتیدەر نابێت لە زەمینەسازیی بۆ دروستکردنی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی سەردەمیانەی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکان و بەمەش زیانمەندی یەکەم، هەموو خەڵکی عێراقە و، سوودمەندەکانیش ئەوانە دەبن کە نایانەوێ لە عێراقدا سەقامگیریی هەبێت. کۆبوونەوە، جێبەجێکردنی دەستوور و حوکمڕانیی بە تەوافوق و هاوسەنگ دووپات دەکاتەوە و بە چارەسەری کێشەکانی دەبینێ.
سێیەم: سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان و پەیوەندیی نیوان لایەنە سیاسیەکان، کۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێکی واقعبینانەی بۆ بارودۆخی ئەم قۆناغەی کوردستان کرد و بەهەستیاری لە قەڵەم دا، بەپێویستیشی زانی تەواوی لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە ئاستی ئەم قۆناغە هەستیارەدابن و کێشە و گرفتەکان بەلاوە بنێن و پێکەوە بەهەست بە مەسئوولیەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەین و بە هەموولایەک نەهێڵین گرفت و کێشەکانی سەرشانی خەڵکی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانەوە قورستربێت و، دەریچەی دەربازبوون و سووککردنی گرفتەکان بەرفراوان بکەین و قۆناغەکەش دەرباز بکەین، هەروەها بەتەبایی و یەکهەڵوێستیی پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بکەین وەکو لایەنی شەرعی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ، هاوکات پشتیوانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بین بۆ چارەسەری کێشە ئابووری و سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان.
چوارەم: کۆبوونەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دەربڕی لەبەرگری و دابینکردنی سەقامگیری. هەروەکو کۆبوونەوە ڕای وایە کە چارەسەری کێشەکان لە ڕێگای لەشکرکێشی و بەکارهێنانی چەک ناکرێت. پشتیوانی خۆیشی بۆ دیالۆگی سیاسیی هەمەلایەنە و جدی نیشاندا. بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوەی شاندەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدرال بەتەنیا ڕێگە چارە دەزانرێ، هەروەها کۆبوونەوە وێڕای سڵاو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو بەرگری و خۆراگرییەی پێشمەرگە کە لە دوای ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کردویەتی دەربڕی.
پێنجەم: سەبارەت بەو خوشک و برایانەی کە لە ئاکامی هێرشەکانی حەشدی شەعبی و سوپا لە ماڵ و شوێنی خۆیان ئاوارەبوون، بەپێویست دەزانرێ هەموو تواناکان لە حکومەتی هەرێم، بەهاوکاری جەماوەری دڵسۆزی کوردستان بخرێنە گەڕو بەشێک لە گرفت و پێداویستیەکانیان چارەسەر و دابین بکرێ و، بەهاوتەریبی ئەمانەش بەهەموو تواناوە هەوڵی جدی و هەمەلایەنە بدرێ بۆ هەرچی زووترە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان.
لە کۆتاییدا، کۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەربڕی بۆ هەڵوێست و چالاکییان لە پاڵپشتیکردنی گەل و خاکی کوردستان.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی
#پارتی دیموکراتی کوردستان#
07-11-2017