بۆ ڕایگشتی و گەلە وڵاتپارێزەکەمان
لەم ڕۆژانەی دواییەدا لە باشووری کوردستان و بەتایبەتی بەپێشەنگایەتی حزبێک بەشێوەیەکی نهێنی سیاسەت و پڕوپاگەندەی چەپەڵ و شاراوە دژی پارتەکەمان بەڕێوەدەچێت.
(ئێمە ئامانجمان پاراستنی حکومەتی باشوورە)
گەلەمان لە باشووری کوردستان شاهیدی زیندووی تێکۆشین و ئەخلاق و ژیانی هێزی گەریلا و پارتەکەمانن، تا ئێستاش ئێمە بەرژەوەندیەکانی گەل، ئازادی و دەستکەوتەکانی مان بە بنەماگرتوە، لەبەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعش لەدۆخێکی هەرە هەستیاردا بە ماوەیەکی کەم هێزەکانی گەریلامان گەیاندە، شەنگال، مەخموور، کەرکووک و شێخان، تەنها ئامانجی ئێمەش پاراستنی هەبوونی گەلەمان لە باشووری کوردستان، ئازادی و دەستکەوتەکانیان، خاک و حکومەتی باشوورە، لەدەرەوەی ئه و ئه و بانگەشانەی گوایە هەوڵی دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ حکومەتی باشوور و پارچەکردنی باشوور دەکەن، دوورن لە ڕاستیەوە، ئێمە وەک تەڤگەرەکەمان هەمیشە گەلی باشوور و دەستکەوتەکانیمان پاراستوە، ئەوەشمان وەک ئەرکێکی نەوتەوەیی سەر شانمان زانیوە، ئەمڕۆ گەریلاکانمان بە کەمترین ئیمکان، بەڕۆحی فیدایی و قارەمانێتی لەباشوور بەرگری دەکەن و زەبری گەورە لە چەتەکانی داعش دەدەن، تا ئێستاش هێچ پێداویستیەکی سەربازی، یەک چەک و یەک گولەیان نەداوە به و گەریلایانەمان کە بەرامبەر داعش شەڕ دەکەن، ئێمە لەشەڕی دژە داعش دا بێئەوەی چاوەڕێی هیچ شتێک بکەین، شەڕ لە پێناو گەلەکەمان دەکەین.
ئێمە وەک تەڤگەرێک کە زۆرێک شەهیدمان داوە و شەڕ دەکەین، تا ئێستاش لە باشووری کوردستان لە شەرت و مەرجێکی بێ ناسنامە و بێ ستاتۆدا تێدەکۆشین، ئەمە لەکاتێدایە کە هیچ ناسنامەیەکیان بە تەڤگەرەکەمان نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانمان کە دژی چەتەکانی داعش شەڕ دەکەن لەکاتی ئاڵوگۆڕی جێگاکانیان، کێشە و کۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست دەکەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا گەریلا لەپێناو گەلەکەیاندا شەڕ دەکەن، هەر لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوایی نەکردنی تەڤگەرەکەمان و نەدانی ناسنامەیەک بۆ هاتووچۆی هێزەکانمان لە باشوور، چیدی مایەی قبوڵ کردن نیە.
(ئێمە هیواکانی داعش مان لە گەرویاندا تاساند)
گەریلاکانمان لە شەنگال بۆ بەرگرتن بە سەرلەنوێ کۆمەڵکوژی کردنەوەی ئێزدیەکان، بۆ بەرگرتن لە داگیرکردنی کەرکووک و پاراستنی ئاسایشی هەولێر، شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە بەرخۆدان و بەرگریان کردوە، ئێمە هیواکانی داعشمان لە گەرویاندا تاساند، کاتێک قسەبێتە سەر پاراستی هەبوون و ئازادی گەلەکەمان، بێ ئەوەی هیچ پارچەیەک لەبەرچاو بگیرن، بەرخۆدان بۆ ئێمە دەبێتە ئەرکێکی نەتەوەیی و سیاسی و ئەخلاقی.
(پڕوپاگەندەی چەپەڵ بەڕێوەدەبەن)
ئەوکاتەی گەلەکەمان لە شەنگال بۆ پاراستی خۆی و بەڕێوەبردنی خۆی، ئیرادەی دیموکراتی خۆی بەرفراوان کرد و ئەنجومەنێکی بۆ خۆی ئاواکرد، یەکسەر دوای ئەوە دەستیان کرد بە پڕوپاگەندەی ڕەشکردنی تەڤگەرەکەمان، بانگەشەی ئەوەیان لەناو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە کە گوایە پەکەکە تیرۆریسە و هێزەکانی گەریلا داگیرکەرن، بانگەشەی درۆ و چەواشەیان دەکرد گوایە پەکەکە دژی حکومەتی باشوورە و دەیەوێت باشوور پارچەبکات، بۆئەوەش هەوڵ دەدەن هەموو حزب و ڕێکخستنەکان و حکومەتی باشوور و گەلەکەمان بدەن بە گژ تەڤگەرەکەماندا.
ئێمە ئەم دۆخە بەگرنگ دەبینین، ئه و گەریلایانەی بەرامبەر فاشیزمی چەتەکانی داعش شەڕ بۆ هەبوون و ئازادی گەلەکەمان دەکەن، شەهید دەبن و بەرگری دەکەن، لەبەرامبەردا پڕوپاگەندەی بەتیرۆریست و داگیرکەر نیشاندانیان، لەلایەن هیچ هێزێکی خاوەن ویژدانەوە قبوڵ ناکرێت و ڕەوشێک نیە شایانی پەسەند کردن بێت.
(کشانەوەی گەریلاکانمان خستوەتە بەر باس)
ئێمە لەبەرامبەر هەموو ئەم هەڵمەتە نەرێنی یانە، کشانەوەی ئه و گەریلایانەمان خستوەتە بەرباس کە بەرامبەر چەتەکانی داعش شەڕ دەکەن، گفتوگۆکانمان له و بارەیەوە بەردەوامە، بەڵام بۆچوونی گەلەکەمان لە باشووری سەبارە بەکشانەوەی گەریلا و ئیرادەی ئەوان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی گەلەکەمان لەسەر شانە، بەهەمان شێوە پێش ئەوەی بڕیار لەسەر کشانەوەی گەریلاکانمان بدەین، چاوەڕێی هەڵوێستی هەموو حزب، تەڤگەر و لایەنە مەدەنیەکان دەکەین کە هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە بە ئاشکرا نیشان بدەن.
ئێمە بەئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین هەموو گەلە وڵاتپارێزەکەمان، هەموو ڕێکخستن، دەزگا و کەسایەتیەکان بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا له و پێشکەوتنانە ئاگاداربکەینەوە.
جارێکی تر دەڵێین، شەرت و مەرج و کێشەکان چی دەبن باببن، ئێمە هەمیشە بە ئیرادەی گەلەکەمانەوە پەیوەستین و لەپاڵ گەلەکەمانداین.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە
08-02-2015