بەیاننامەی ناڕەزایی ئەنجوومەنی بادینای بزووتنەوەی گۆڕانبزووتنەوەی گۆڕان لە بەرانبەر لەشکرکێشێ سوپای تۆرکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە 09-07-2024
لەشکرکێشی تورکیا لە سنووری بادینان مەترسیەکی گەورەیە لەسەر هەرێم و ژیان و ئاساییشی هاووڵاتییانی سنوورەکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی بادینانی بزووتنەوەی گۆڕان:
ئێمە لە ئەنجوومەنی بادینانی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرکۆنەی لەشکرکێشیەکانی تورکیا و شەڕ و بوردومانکردنی ناوچەکەمان وهەرێمی کوردستان دەکەین، بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگ نەبین بەرانبەر گواستنەوەی شەڕ و نائارامی بۆ ناوچەی بادینان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنوور و دانانی بازگەی سەربازی و ناچارکردنی دانیشتووانی هەندێک لەو گووندانە تا ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بێگومان ئەم ڕەفتارانەش پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و ئێراقە.
سەرەڕای تێگەیشتنمان لەو ئاڵنگارییانەی، کە لە سنوورەکەمان ڕودەدات و ڕووبەڕووی ئاساییشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، دەبێت ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتری و لێکتێگەیشتنی هەبێت لە کاروباری یەکتری، بەپێچەوانەوە بۆمببارانکردن و داگیرکاری و لەشکرکێشیی سەربازی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، تووندوتیژیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە مایەی نائارامی و تێکچوونی ئاساییشی ناوچەکە.
هەروەها چەند نیگەرانین بەرانبەر ئەم پێشێلکاری و داگیرکاری و لەشکرکێشیە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، ئەوەندەش نیگەرانین لە بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراق لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژییانە، هەروەک ئەوەی پێمان بڵین بێدەنگیمان نیشانەی ڕازیبوونمانە بەوەی کە دەگوزەرێت لە سنووری بادینان و تێکدانی ئاساییش و ئارامی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی شارۆچکەی ناوەندی بزووتنەوەی گۆڕان لە بادینان
09-07-202409-07-2024 [1]
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!