- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی عەتشانە لیوا سەڵاح دیلمانی ئامر لیوای 118-ی باڵەک لەگەڵ ئەفسەرێک و پێشمەرگەیەک کە پاسەوانی محەممەدی حاجی قادر بووە لەکاتی سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو شەهید بوون.
- لە شارۆچکەی جەلەولا بۆمبێکی چێنراو بە چەند پێشمەرگەیەکدا دەتەقێتەوە و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەکی خۆبەخش بەناوی نەبەرد عومەر، شەهید بوو.
- شەوی ڕابردوو لەکاتی کارکردن لە یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری هەولێر کرێکارێک بەناوی (ئەحمەد حەسەن وسو) تەمەن 47 ساڵ دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەست دەدات.
- ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە "وڵاتەکەی پاڵپشتی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکات". گوتیشی "هەرێمی کوردستان خاڵی زۆر باشی لەخۆگرتووە کە وای لێدەکەن ببێتە سەنتەرێکی سەربەخۆ و دەتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێ".
- ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق هێرشی کردە سەر سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کردبوو.
- نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عیراق، سەرسەڕمانی بەرانبەر بە لێدوانەکانی ڤکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیری هەنگاریا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە، دەربڕی و ئەو هەنگاوەی بە دەستوەردان لەکاروباریی عیراقدا وەسفکرد، داواشی لە هەموو وڵاتان کرد، ڕێز لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عیراق بگرن و دەست لە کاروباریی ناوخۆیی وەرنەدەن.