$باکووری کوردستان$
- دارستانەکان لە لوتکەی چیای گابار کە دەکەوێتە بەرانبەر شاروچکەی دەرگولی سەر بە شڕنەخ دەسووتێن. ئاگرەکە کە نازانرێت بۆچی بەربووتە دارستانەکان، زۆر بڵاوبووەتەوە. بەپێی زانیاریەکان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە.[1]
$باشووری کوردستان$
- تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند لەماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا 754 تووشبووی نوێی کۆرۆناو 24 حاڵەتی گیان لەدەستدان و 646 چاکبوونە تۆمارکراوەو کۆی گشتی توشبوانیش بەکۆرۆنا گەیشتوەتە 37 هەزارو 310 کەس.[3]
- #قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، لەمیانی دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ڕایگەیاند: پێداگرین لەسەر گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ #کەرکووک# و ئەم داوایەشمان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا باس کردوە.[5]
- 1500 دەمانچە لە ماڵێکدا لە گەڕەکی #هەولێر#ی نوێ دەستیان بەسەردا گیرا. دەمانچەکان تورکین، بە پارچە پارچەیی بە قاچاغ هێنراونەتە هەولێر و دواتر لە ماڵەکەدا کۆکراونەتەوە.[4]
$رۆژئاوای کوردستان$
- تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری #عەفرین#ی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا، تەقینەوەکە لە نزیک بینای سەرای ناوەندی شاری عەفرین ڕوویداوە. بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تەقینەوەکە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.[2]
- لە گوندی کنەخیری سەر بە ناوچەی عەین عیسا مینێکی چێندراو بە منداڵێکی 5 ساڵان بە ناوی عومەر سالح ئەلعەواد و باوکی ناوبراو بە ناوی ساڵح خەلەف ئەلعەوادی 35 ساڵاندا تەقیوەتەوە. بە پێی زانیاریەکان، لە ئەنجامی تەقینی ئەو مینەدا، منداڵە 5 ساڵانەکە گیانی لەدەستداوە و باوکیشی بە سەختی بریندار بووە. تا ئێستا هیچ لێدوانێک بڵاو نەکراوەتەوە کە ئەو مینە کەی و لە لایەن کێوە چێنراوە.[1]
$دەرەوەی کوردستان$
- لە ناوچەی دینار لە پارێزگای ئافیۆنی تورکیا بە چەک هێرشکرایە سەر کرێکارانی بیناسازی، کە لە ناوچەی ئەردیشی وانەوە بۆ کرێکاری چوو بوون بۆ ئەو ناوچەیە. لەو هێرشە چەکدارییەدا کرێکارێک بە ناوی ئۆزکان ت. کوژرا و 2 کرێکاری تریش بە ناوەکانی فرات ت. و ئەمراه ئۆ. بریندار بوون.[1]
- یۆنان بە هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەست بە مانۆرێکی سەربازی دەکەن و تێیدا تانک بەکاردەهێنرێن و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە نزیک سنووری وشکایی تورکیا بەردەوام دەبێت.[4]
- ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو پێگەی چەکدارانی سەر بە ئێرانیان لە باشووری ناوچەی ئەلبو کەمالی سەر سنووری عێراق کردە ئامانج، لە ئەنجامدا 10 چەکدار کوژران، کە هەشتیان عێراقین و دووی دیکەش خەڵکی سووریان.[4]