ناو: سەید کامیل
ناوی باوک: سەید عەبدولحەکیم
نازناو: ئیمامی-ئاوات-زەنبیلی
سەید کامیلی ئیمامی، شاعیر و نیشتمانپەروەر ناسراو بە ئاوات ساڵی 1903ز. لە گوندی زەنبیل سەربە شاری #بۆکان# لە #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# لە دایکبووە. ئەم شاعیرە کوڕی سەید عەبدولحەکیم کوڕی سەید عەبدولکەریمی زەنبیلە کە لە ڕێبەڕانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری بوون.
ئەم شاعیرە لەنێو خوێندەوار و فەقێدا پەروەردە بووە. سەید کامیل لە لای زۆر مامۆستای ئایینی ناسراوی ناوچەکەی خوێندویەتی و بۆ ماوەیەکیش لە لای مامی واتە #حاجی بابە شێخ# وەزیری کۆماری کوردستان لە #مەهاباد# خوێندویەتی. هەر لەو سەروبەندەدا وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر چالاکی هەبووە، ساڵی 1946ز. لەسەر هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی گیراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەندیخانەکانی بۆکان و #سەقز# #ورمێ# و مەهاباد دەست بەسەر بووە. سەید کامیلی ئیمامی شاعیر لەگەڵ زۆربەی شاعیر و هونەرمەندی ئەو کاتە دۆستایەتی نزیکی هەبووە وەک #سوارە ئیلخانیزادە# ، #هەژار موکریانی# ، عەباس #حەقیقی# هەروەها لەگەڵ هونەرمەندی ناسراوی کورد#حەسەن زیرەک# وەک گۆرانیبێژ و شاعیر پەیوەندییەکی نزیکی هەبووە. ئەم شاعیرە نیشتمانپەروەرە لە ڕۆژی #27-08-1989#ز. کۆچی دوایی کردووە و دیوانێکی شیعری لە پاش بەجێماوە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/590/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=سەید کامیلی ئیمامی-ئاوات=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/590/0001.JPG=KTML_Photo_End=
مامۆستا ئاوات بۆخۆی دەفەرموێت:
لە ساڵی (1930ز.) دا بەهۆی ناساغی بابمەوە دەستم لە خوێندن هەڵگرت و ژنیان بۆ هێنام و سەرەنجام لە ساڵی (1934ز.) دا بابم وەفاتی کرد و دوای ساڵێک ماڵم چووە ئاشی چۆمی زەنبیل و ساڵێک لەوێ بووم و بە کشتوکاڵ ڕامبوارد و منداڵم بوون بە ڕیشەوە دوایی ماڵم چووە دێی گەردیگلان. ڕەنگە دۆستەکانم بزانن کە لە سەرەتای ژیانمەوە بە دەست و قەڵەم و نووسین و وتن و چەک دژی شاو ڕژیمەکەی کارم کرد و ماڵم هەر لە گەردیگلان بوو.
مامۆستا هەژار سەبارەت بە ئاوات فەرموویەتی:
شیعر و هەڵبەستی کامیل شا نیازیان بەوە نییە من و سەدمنی و نیومنی وەک من بڵێن باشە، نەخێر عەتر خۆی دەردەخات و پێی ناوێ عەتار بە تەڵاق و سوێندخواردنەوە ڕەش بێتەوە کە عەتری چاکە. بە بیروڕای من هیچ بوێژێکی کورد وەک کاک کامیل ناتوانێت بەهاری کوردەواری وێنە بگرێت، سەیریش نییە ئەو پیاوە هەموو تەمەنی لە لادێ و لە کوێستانی کوردستان ژیاوە و زەینی زۆر ڕوونە و هەرچی دەیبینێت دەتوانێت لە مێشکیدا بێ کەم و کەسری عەنباری بکات و زۆر بە ئامان و زامان نیشانمانی بداتەوە.
شاری دڵ
من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە دەچم
عەقڵ ئەڵێ نا قەسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەزەیی ڕیزوانە دەچم
ئەو دەڵێ نا ڕەشە جێراوگەیی شەیتانە نەچی
من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە دەچم
ئەو دەڵێ سەربەسەری تێکچووە وێرانە نەچی
من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنونانە دەچم
ئەودەڵێ، نا زەدەیی پەنجەیی پەریانە نەچی
من دەڵێم مەرکەزی ئەسراری حەریفانە دەچم
ئەودەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسودانە نەچی
من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم
ئەو دەڵێ کونکونە جێگەی سەرەپەیکانە نەچی
لەم هەموو چون و نەچونە سەری سوڕما کامیل
من دەڵێم جوانە بچم، ئەو دەڵێ واجوانە نەچی [1]